سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا کە بەهۆی دەستکەوتەکان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیادا پێگەی بەهێزبووە دەڵێت " زۆر دوورە" لە دەستپێکردنی وتووێژەکان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە دەستورێکی نوێ لە کاتێکدا سەرۆک پابەند نییە بەو دەستورەی کە ئێستا هەیە.
ئۆزگور ئۆزێل کە لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا بوو بە سەرۆکی جەهەپە ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز داوای لە حکومەت کردووە جارێکی تر ئاستی کەمترین مووچە بەرزبکاتەوە.
دوای ئەوەی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان ڕایانگەیاند، ئەمساڵ دەستوری تورکیا دادەڕێژنەوە، بەشێوەک کە دەستووری تورکیا زاڵ بێت بەسەر سیاسەتی ناوخۆدا. شرۆڤەکاران دەڵێن بە پێی بەڵگەنامەیەکی نوێ، ئەگەری هەیە دەسەڵاتی ئەردۆغان درێژ بکرێتەوە بۆ دەرەوەی ساڵی 2028 کاتێک خولی ئێستای ئەردۆغان کۆتایی دێت.
ئەمساڵ ڕەنگە پرسی دووبارە نووسینەوەی دەستووری تورکیا لە سیاسەتی ناوخۆدا زۆر گرنگ بێت. ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان ئەو کارەیان کردووەتە ئەولەویەت. شارەزایان پێیان وایە دەستورێکی نوێ دەتوانێت ڕێگە بە ئەردۆغان بدات لە دوای ساڵی 2028 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوکاتەی خولی ئێستای کۆتایی دێت.
ئۆزێل، تەمەن 49 ساڵ، لەم هەفتەیەدا لە بارەگای جەهەپە لە ئانکەرە وتی " گفتوگۆکردن لەسەر دەستورێکی نوێ لە کاتێکدا زۆر پێشێلکاری دەستور لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە ڕوویداوە، کات بەفیڕۆدان دەبێت".
وتیشی "ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار پابەندبوایە بە دەستوری ئێستا، ئێمە لە گفتوگۆکردن لەسەر دەستورێکی نوێ نزیک دەبووینەوە. ئێمە لە ئێستادا لەو خاڵەوە دوورین".
ئەم لێدوانەی ئۆزێل دوای سەرکەوتنی جەهەپەی عەلمانی-ناوەندگر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ی سێ دێت، کە زۆربەی شارە گەورەکانیان بردەوە و لە ناوچە دووردەستەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاکەپەشدا جێگەیان خۆیان کردەوە. بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵدا، پشکێکی گەورەتریان لە دەنگی خەڵک بەدەستهێنا لە چاو پارتی دەسەڵاتداری پارێزکار.
لە بەرامبەر ئەو شکستەدا ئەردۆغان بەڵێنیدا هەڵەکان ڕاست بکاتەوە و داوای سیاسەتێکی "نەرمتر"ی کرد. ئۆزێل لەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا وتووێژی ئەنجامدا، ئەمەش یەکەمجارە ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردەیەکی جەهەپە لەماوەی نزیکەی هەشت ساڵدا گفتوگۆ بکات.
ئۆزێل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ویستویەتی چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت بۆ ئەوەی یارمەتی کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی سیاسی بدات.
ئۆزێل بە ئاماژەکردن بە دۆسێکانی زیندانیکردنی خەڵکی وەکو کەسایەتی خێرخواز عوسمان کاڤالا، گوتی " ئەگەر تورکیا بڕیارە ئاسایی ببێتەوە، پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ناوخۆیی خۆیدا پرسی دەستبەسەرکراوانی سیاسی چارەسەر بکات."
ڕەخنەگران و داکۆکیکارانی مافەکان دەڵێن دادگاکانی تورکیا بڕیارەکان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییە سیاسییەکان بەکاردەهێنن. کاڤالا و حەوت کەسی دیکە بە تۆمەتی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2013 ی گەزی پارک بۆ هەوڵی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەردۆغان سزا دراون. کاڤالا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
هەڵبژاردنی ئۆزێل بۆ سەرۆکی جەهەپە کۆتایی بە خولێکی 13 ساڵەی سەردەمی کەمال کلیچدارئۆغڵو هێنا کە لە دەنگدانی سەرۆکایەتی ساڵی 2023 بە ئەردۆغان دۆڕا.