Accessibility links

یاسایەکی پێشنیازکراو لە تورکیا مەترسی زیاتر لەسەر ئازادییەکان دروست دەکات


ڕەشنووسی یاسایەک لە تورکیا داوای زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووس و توێژەرانە دەکات کە بۆ "بەرژەوەندی" بیانییەکان کاردەکەن.

ئەم ڕەشنووسە دوای ڕێوشوێێکی هاوشێوە لە ڕووسیا و گورجستان هاتووەتە ئاراوە کە گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ بە سەرکوتکەر ناودێریان کردووە.

بەپێی دەقی ئەو ڕەشنووسەی دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، هەموارکردنی پێشنیارکراوی یاسای سزادانی تورکیا ڕێگە بە زیندانیکردنی سێ بۆ حەوت ساڵ بۆ ئەو کەسانە دەدات کە تاوانبار دەکرێن.

ئەمە هەر کەسێک دەگرێتەوە " کە لێکۆڵینەوە لەسەر هاووڵاتیان و دامەزراوەکان بکات یان فەرمانی لێکۆڵینەوە بدات بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێک دژی ئاسایش یان سیاسی، بەرژەوەندی ناوخۆیی یان دەرەکی وڵات بە پێی فەرمان یان بەرژەوەندی ستراتیژی ڕێکخراوێک یان دەوڵەتێکی بیانی."

فەتی یەڵدز جێگری سەرۆکی پارتی مەهەپە، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە بوارەکانی وەک "ئابووری، دارایی، سوپا، بەرگری نیشتمانی، تەندروستی گشتی، ئاسایشی گشتی، فەرمانی گشتی، تەکنەلۆجیا، ڕۆشنبیری، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، بواری کۆمپیوتەر،ژێرخانی گرنگ و وزەش دەگرێتەوە."

مەهەپە هاوپەیمانی پارتی حوکمڕانی ئاکەپەی سەر بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، کە هەڵوێستی پاوانخوازانەی ئەو حزبە لەلایەن گروپە مافپەروەرەکانەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە.

لە دوایین زنجیرەیەک ناڕەزایەتی جەماوەریدا، ڕۆژی سێشەممە لە گورجستان شەقامەکان پڕ بوون لە دەنگی ناڕازی دوای ئەوەی پەرلەمان یاسایەکی پەسەند کرد بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی کە لە دەرەوەی وڵات پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بە "بریکاری دەرەکی" ناوزەدیان بکات.

خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند ئەم یاسایە هاوشێوەی ئەو یاسایانەیە کە بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ڕووسیا لە سەردەمی سەرۆک ڤلادیمێر پوتن بەکارهێنراون.

لە تورکیا، ئەمرە کۆنگار، نووسەر و بەشداربووی ڕۆژنامەی جمهوریەت، لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس، ئەو پێشنیازە نوێیەی بە "گەڕان بە شوێن ئەو کەسانەی کە بوونیان نییە" ناوزەد کرد.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداریدا لەوەی کە پێناچێت دەقەکە " ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی یاساکە لەلایەن دادوەرەکانەوە مسۆگەر بکات."

ئێرۆل ئۆندێرئۆغڵو، نوێنەری پەیامنێرانی بێسنوور نووسیویەتی، پڕۆژە یاساکە "هەڕەشەی زیندانیکردن لە هەر ڕۆژنامەنووسێک دەکات کە بۆ ڕێکخراوێکی میدیایی کاربکات کە پشت بە پارەی نێودەوڵەتی دەبەستێت."

پەیامنێرانی بێسنوور دەشڵێت حکومەتی ئەردۆغان بەردەوامە لە تێکدانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە وڵاتەکەدا.

XS
SM
MD
LG