سەرەڕای هۆشدارییەکان سەبارەت بە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی شاشەی مۆبایل لە شەودا، بەڵام هێشتا زۆر کەس پێش خەوتن مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن.
وەکو زۆرێک لە ئێمە، جێسیکا پیوپڵس گوێی لەوە بووە کە سەیرکردنی شاشەکان لە شەودا خراپە، بەڵام هێشتا دەڵێت پێش ئەوەی بخەوێت 30 بۆ 60 خولەک سەیری مۆبایلەکەی دەکات، زۆربەی ئەو کاتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەردەبات.
پیوپڵس کە لێکۆڵەرەوەیەکی جیاکارییە لە نیوجێرزی وتی " لەمدواییانەدا هەوڵم داوە ئەو ماوەیە کەم بکەمەوە، تێبینی ئەوە دەکەم کە چەندێک سەیری مۆبایلەکە بکەم کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی چەندێکم دەوێت تاوەکو دەخەوم."
بەپێی ئامارێکی دامەزراوەی نیشتیمانی خەوتن، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەمەریکا لە ماوەی کاتژمێرێک پێش خەوتنییان مۆبایل بەکاردەهێنن. شارەزایان دەڵێن دەبێت ئەو ماوەیە ئامێرەکانمان بکوژێنینەوە.
مێلیسا میلاناکی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی تەندروستی کارولینای باشوور کە شارەزایە لە تەندروستی خەودا وتی " ماوەیەکی زۆر پێش خەوتن مێشک پێویستی بە ساردبوونەوە هەیە بۆ ئەوەی کاتێک خەوتن بتوانیت بچیتە خەوێکی قووڵەوە، ئەوەش یارمەتی کارکردنی جەستەت دەدات.
وتی " خواردنێک لە فڕنەکە دەردەکەیت یەکسەر نایخەیتە بەفرگرەکەوە. پێویستە سەرەتا سارد ببێتەوە. مێشکی ئێمەش پێویستە سەرەتا ئەوە بکات."
ڕێککردنەوەی کاتەکانی خەو ئاسان نییە، بەڵام خەوێکی کەم لە مێژە پەیوەست کراوەتەوە بە خەمۆکی و قەڵەویی و دەرەنجامە خراپەکانی دیکەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن بە تایبەتی مۆبایلە زیرەکەکان هۆڕمۆنەکانی ڕێکخستنی خەو و هۆڕمۆنەکانی دیکە لە جەستەدا تێک دەدەن.
لیزا ستراوسی پزیشکی دەروونی دەڵێت " شاشەکان دەتوانن یەک ملیۆن کێشە بۆ خەو دروست بکەن."
دەشڵێت "مێشک تیشکی کارەبایی وەک تیشکی خۆر دەناسێتەوە، ئەمەش بەرهەمهێنانی میلاتۆنین سەرکوت دەکات و خەوی قووڵ دوادەخات.
تەنها ڕووناکی شاشەکە نیە کە ناهێڵێت بخەویت، بەڵکو بێگومان بینینی هەواڵەکان، سەیرکردنی ئیمەیڵەکان و ڤیدیۆکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەرەنجامی خۆیان هەیە.
میلاناک دەڵێت " تەنها ویستت سەیری یەک دوو ڤیدیۆ بکەیت و بخەویت، بەڵام ئێستا 30 خولەک تێپەڕیوە."
لە کاتێکدا کە توێژینەوە زانستییەکان لە ئۆنلاین سەنگ دەخەنە سەر گەنجەکان، ستراوس دەڵێت زۆربەی ئەو کەسانەی کە کارییان بۆ دەکات و کێشەی بێ خەوییان هەیە تەمەن ناوەندەکانن. وتی " خەڵکەکە دەچنە ناو چاڵی ئەو ڤیدیۆیانەوە، تا دێت خەڵکی زیاتر توشی دەبن."
چۆن دەستبەرداری ئەم خووە ببین؟
پرسەکە ئەوە نیە کە تەنها لە کاتی پێش خەوتندا مۆبایل بەکارنەهێنین، بەڵکو نابێت لە شەودا مۆبایل بەکاربهێندرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەوەش دەبێت دەستکاری ڕۆتینەکانت بکەیتەوە، بە تایبەتی ئەگەر مۆبایل وەکو ڕێگەیەک بەکاردەهێنیت بۆ کەمکردنەوەی فشار.
دەکرێت شتێکی دیکە بکەیت و سوودی هەبێت، لەوانەش خوێندنەوە کتێب. میلاناک دەڵێت دەتوانیت خواردن بۆ ڕۆژی دواتری قوتابخانە دروست بکەیت، یان لەو کاتژمێرەی پێش خەوتندا حەمامێکی گەرم بکەیت، گوێ لە شتێک بگریت، کاتەکەت لەگەڵ خێزانەکەتدا بەسەربەریت، یاخود پەیوەندی بە خزمێکتەوە بکەیت لە ناوچەیەکی دیکە.
وتی " لیستێک بنووسە لەسەر ئەو شتانەی کە دەتەوێت ئەنجامییان بدەیت. ئەوە کاتێکی زۆر باشە بۆ ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە پێویستییان بە شاشە نیە."
ئەو چالاکییانە لە ژوورێکی تردا بکە تاوەکو خۆت ڕابهێنیت لەسەر ئەوەی کە ژووری خەو تەنها بۆ خەوتنە.
لە کۆتاییدا ستراوس دەڵێت مۆبایلەکەت لە ژوورێکی تر دابنێ، ئەگەر نەشکرا دەتوانیت هەر لەو ژوورەدا بەڵام دوور لە خۆت دایبنێیت.
سەرچاوە/ AP