Accessibility links

جۆزێپ بۆرێل: چاوەڕوان دەکرێت ئیسپانیا و ئیرلەندا و چەند وڵاتێکی تر دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن


جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا، پێش دەنگدانی چاوەڕوانکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی هەینی سەبارەت بە هەوڵێکی فەلەستین بۆ بوون بە ئەندامی تەواو گوتی، ئیسپانیا و ئێرلەندا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پلانیان هەیە لە 21ی پێنجدا دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا بنێن.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە مانگی سێی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، ئیسپانیا و ئێرلەندا لەگەڵ سلۆڤینیا و ماڵتا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی یەکەم هەنگاو بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستین شانبەشانی ئیسرائیل بنێن و چارەسەری دوو دەوڵەتی بە پێویست دەزانن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.

لە کەناڵی ڕادیۆیی ناوخۆیی ئیسپانیا RNE، بۆرێل لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا 21 پێنج ئەو کاتەیە کە ئیسپانیا و ئێرلەندا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێن، گوتی بەڵێ و ئاماژەی بە سلۆڤینیاش کرد.

بۆرێڵ گوتیشی " ئەمە کردارێکی سیمبولییەو سروشتێکی سیاسی هەیە، زیاتر لە دەوڵەتێک دان بە خواستی بوون بە دەوڵەتێکدا دەنێن." ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت بەلجیکا و وڵاتانی دیکەش ئەم کارە بکەن.

پێشتریش خۆزێ مانوێل ئالبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری دانپێدانانەکە دراوە، هەرچەندە وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەخستەڕوو.

داوای نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە ململانێکانی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل پەرەسی سەندووە و لە کاتێکدا داواش دەکەن ژمارەی قوربانیان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ لەناوبردنی حەماس کەم بکرێتەوە، کە هێرشەکان لە ئەنجامی هێرشێکی بێپێشینەی حەماس لە 7ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و لەو هێرشەدا زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی کوژران و سەدان کەسیش بە بارمتە گیران کە هێشتا نزیکەی 100 کەس لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە پلانەکانی دانپێدانانی فەلەستین دەبێتە " خەڵات بۆ تیرۆریزم" و ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی غەززە بە دانوستان کەمدەکاتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە هەوڵێکی فەلەستینییەکان بکات بۆ بوون بە ئەندامێکی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دانپێدانانی شایستەی بەشداریکردن و ناردنەوەی داواکارییەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی "بە شێوەیەکی ئەرێنی لە بابەتەکە بڕوانێتەوە"

ڕادیۆی نیشتمانی ئێرلەندا RTE ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئیسپانیا، ئێرلەندا، سلۆڤینیا و ماڵتا چاوەڕێی دەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون و بیر لە دانپێدانانی هاوبەش دەکەنەوە لە 21ی مانگی پێنجدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا دەستبەجێ وەڵامی داوای لێدوانی نەدایەوە. تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەسەر ئەو وادەیە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە نەدراوە.

ڕۆبێرت گۆلۆب سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی تا ناوەڕاستی مانگی شەش دان بە دەوڵەتبوونی فەلەستیندا دەنێت.

لە ساڵی 1988ەوە تا ئێستا لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان 139 وڵات دانیان بە دەوڵەتبوونی فەلەستیندا ناوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG