Accessibility links

سینەماکارێکی ناوداری ئێرانی بە تۆمەتی "دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزا دەدرێت


بابەک پاکنیا، پارێزەری سینەماکاری ناسراوی ئێران ڕایگەیاند، دادگای ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر محەمەد ڕەسولۆف، سینەماکاری ناوداردا سەپاندووە بە تۆمەتی "ڕێککەوتن دژی ئاسایشی نیشتمانی".

بڕیارە ئەم مانگە فیلمی "تۆوی هەنجیری پیرۆز" لە دەرهێنانی ڕەسولۆف لە پێشبڕکی سەرەکی فێستیڤاڵی کەنی فیلمەکان نمایش بکرێت.

پاکنیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاندووە ئەو دەرهێنەرەی کە کە تەمەنی لە سەرەتای پەنجاکاندایە، سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەڵام تەنها ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.

بەپێی وتەی ئەو پارێزەرە، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیارەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و بریتی بووە لە "لێدان و غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ".

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگا ڕەسولۆفی بە "ڕێککەوتن دژی ئاسایشی نیشتمانی" تاوانبار کردووە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران تا ئێستا ئەو بڕیارەیان بڵاو نەکردووەتەوە.

لە 30ی مانگی چواردا پارێزەر پاکنیا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بانگهێشتیان کردووە بۆ لێپرسینەوە لە هەندێک لە ئەندامانی ئەو تیمەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی فیلمی "تۆوی هەنجیری پیرۆز"، ئاماژەی بەوەشکرد، فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵی کەن بکشێتەوە.

پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەندێک لە ئەندامەکانی تیمی ئەو فیلمە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە لە کاتێکدا ئەکتەرەکانیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ڕێگرییان لێکرابوو ئێران بەجێبهێڵن.

یەکسەر ڕوون نەبووەتەوە کە چەند کەسی بەشدار لە بەرهەمهێنانەکەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ڕەسوولۆف لە ساڵی 2020 بۆ فیلمی دژە سزای لەسێدارەدان بەناوی "There Is No Evil" خەڵاتی گۆڵدن بێری بەدەستهێنا کە خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بوو.

ناوبراو لە مانگه حەوتی 2022 دا دەستبەسەر کرا و ساڵی دواتر ئازاد کرا، دوای کەمبوونەوەی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەری کە لە مانگی نۆی 2022 دەستیپێکرد.

پاکنیا پێشتر ڕایگەیاندبوو تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ڕەسولۆف ڕێگەی پێدەدرێت ئێران بەجێبهێڵێت بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کەن لە باشووری فەرەنسا یان نا.

دەرکەوتن لە فێستیڤاڵی کەن لەم ساڵانەی دواییدا تا زیاتر بووە بە جێگای مشتومڕ لەسەر دەرهێنەر و ئەکتەرە ئێرانییەکان.

سەعید ڕوستای دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی بەهۆی نمایشکردنی فیلمی "براکانی لەیلا" لە فێستیڤاڵی ساڵی 2022 سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دەسەڵاتدارانی ئێران لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە بەبێ مۆڵەت ئەو فیلمە نمایش کراوە.

ئەستێرەی فیلمەکە، ترانە عەلیدوستی ، کە لە سەرەتای ساڵی 2023 دوای نزیکەی سێ هەفتە لە زیندان بەهۆی پشتیوانیکردنی لە بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سالی 2022 ، ئازاد کرا.

خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز سەریهەڵدا، لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە دەستگیرکرابوو.

XS
SM
MD
LG