Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی لافاو لە بەرازیل دەگاتە 100 کەس


بەرگری شارستانی ناوخۆیی بەرازیل ڕۆژی چوارشەممە، 8ی مانگی پێنج ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیان بەهۆی بارانێکی بەخوڕ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ویلایەتی ڕیۆ گراندە دو سوڵی بەڕازیلی گرتووەتەوە، بۆ 100 کەس بەرزبووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێشتا 128 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

بەشی فریاگوزاری وڵاتەکە بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوێکی وێرانکەرەوە گیریان خواردبوو، لە ڕۆژی سێشەممەوە لە سەرانسەری ویلایەتی ڕیۆ گراندە دو سول لە باشووری بەرازیل دەستیان داوەتە هەڵمەتێکی چڕ و پڕ.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لافاوێکی گەورە بەهۆی باران بارینی بەخوڕ، زیاتر لە دوو لەسەر سێی نزیکەی 500 شاری باشووری ویلایەتی ڕیۆ گراندی گرتووەتەوە، کە دەکەوێتە سنووری بەرازیل لەگەڵ ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین و 155 هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانبوونی ڕێگاوبان و پردەکانی شارە جیاجیاکان و ئاستەنگی لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن دروستکردووە و هێشتا دەیان کەس چاوەڕێی ئەوەن بە بەلەم یان کۆپتەر لە ماڵە زیانلێکەوتووەکانەوە بگوازرێنەوە.

دەسەڵاتدارانی خۆجێی دەڵێن بەهۆی بارانبارین و لافاو، دانیشتوانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ڕووبەڕووی کەمی ئاو بوونەتەوە و زۆربەی دوکانەکان ئاویان بۆ فرۆشتن تەواو بووە و هێزەکانی فریاگوزاری هێشتا لە هەوڵی دابینکردنی فریاگوزاریدان بۆ قوربانییەکان.

بەرپرسان پێیان وایە ژمارەی بێسەروشوێنەکان و هەروەها ژمارەی قوربانیانی ئەم لافاوە پێدەچێت زیاتر لە ئامارە پشتڕاستکراوەکان بێت و ژمارەکان تا دێت بەرزتریش دەبنەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG