Accessibility links

بافڵ تاڵەبانی بۆ دەنگی ئەمەریکا: کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەو شێوەیە نابێت کە باس دەکرێت


بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەو شێوەیەی کە باس دەکرێت ڕوونادات.

تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا گوتی "ئەمەریکا دەستبەجێ هێزەکانی لە عێراق ناکشێنێتەوە". گفتوگۆکە تایبەتە بە گۆڕانی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. پەیوەندی سەربازیمان لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت. لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر شێوازی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت. جا ئایا پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان بەم شێوەی ئێستا هەن لە عێراق بمێننەوە یان نا ؟ ئەمە بابەتێکە کە پێویستە وتوێژی لەسەر بکرێت”.

تاڵەبانی گوتیشی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئامانجێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبێت.

سەرۆکی یەکێتی لە کۆنفرانسێکدا لە پەیمانگای نیولاینس لە واشنتن گوتیشی "داعش لەناو نەچووە. بە دڵنیاییەوە لاواز بووە، بەڵام هێشتا چالاکە و بە هیوای شەڕێکی گەورەیە کە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کوردستان و عێراق."

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا هەزاران چەکداری داعش لە سوریا و عێراق ماون و مەترسییەکی ڕەستەقینەن".

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

تاڵەبانی لەو کۆنفرانسەدا ڕایشی گەیاند پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کورد لە ڕێگەی شەڕ و چەکەوە هیچ سودێکی نیە، گوتیشی دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ پرسی کورد.

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئێستا بە سەردانێک لە واشنتنە، باسی لەوە کرد کە حزبەکەی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و حکومەتی تورکیادا.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد یەکێتی پشتیوانی خوشک و براکانی لە سوریا دەکات و ڕایگەیاند " بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان هەیە کە ڕێگە بە هاوکاریکردنی کورداکانی سوریا دەدات لە شەڕی دژ بە داعش دا."

دەشڵێت "پشتیوانیمان لە کوردەکانی سوریا هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە". کەس هەڕەشە لە تورکیا ناکات. ئێمە ناچین ئەنکەرە داگیر بکەین. بۆیە دەڵێم من وەک یەکێتی ئامادەم ڕۆڵێک بۆ گفتوگۆکردن بگێڕێم."

پەیوەندی لەگەڵ ئێران

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئاساییە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ تاراندا هەبێت.

دەشڵێت: زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، هەروەها شەش دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران هەیە. پێوسیتە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەوان ئاسایی بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد هەرچەندە هەردوو وڵات ناکۆکیان هەیە. بەڵام ئاساییە لە یەک کاتدا پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکادا هەبێت.

هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش تاڵەبانی جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنیان کردەوە چونکە دەمێکە کوردستان پەرلەمانی نییە و ئەمەش کاریگەتی خراپی لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمدا هەیە.

دەشڵێت "ئەوەی لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان ڕووی نەداوە". ئەگەر حزبێک نەیویست هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ناتوانرێت هەموو پرۆسەکە بوەستێنرێت. دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەرێمی کوردستان ڕێگەیەکی تەندروست نییە“.

تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، کە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدا نییە، بەڵام باسی لەوەشکرد، باوەڕی بە گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەنجامداوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ئەمەریکا ئەنجام دەدات.

XS
SM
MD
LG