Accessibility links

لە هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانی لافاو و هەورە بروسکەی کوشندە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە زیاد دەکەن


دیمەنی هەورە بروسکە لە شاری سلێمانی لە مانگی 5ی ساڵی 2024
دیمەنی هەورە بروسکە لە شاری سلێمانی لە مانگی 5ی ساڵی 2024

تەنها لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە پێنج کەس بەهۆی هەورە بروسکەوە لە سنوری هەولێر و کەرکوک گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسان و شارەزایانی ژینگە هۆکاری زیادبوونی کارەساتی سروشتی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو کەشناسی هەرێم بەردەوام هۆشداریمان داوەتە هاووڵاتیان و ئاگاداریانمان کردووەتەوە لە هەبوونی بارودۆخی ناسەقامگیر و پێمان ڕاگەیاندوون کە بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، هەمیشە پێشبینی ئەوەشمان دەکرد کە کارەساتی سروشتی ڕووبدەن."

پسپۆرێکی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانیش پێشبینی دەکات کارەساتە سروشتیەکانی وەکو وشکەساڵی و لافاو و هەورە بروسکە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەردەکەون.

تەنها لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا 5 کەس بەهۆی هەورە بروسکەوە لە سنوری هەولێر و کەرکوک گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسیش برینداربوونە، بەمەش کۆی گشتی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ماوەی تەنها ئەم شەپۆلەی دوو هەفتەی ڕابردوودا گەشتە 10 کەس کە بەهۆی لافاو و هەورە بروسکەوە گیانیان لەدەستدابێت، لەگەڵ برینداربوونی 17 کەسی تر.

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پسپۆری ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کارەساتە سروشتییە توندەکان لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاتر بە دەردەکەون ئەوەش بەم شێوەیەیە: یاخود بەشێکی جیهان ڕووبەڕووی وشکەساڵی توند دەبێتەوە، یان بارانێکی زۆر دەبارێت و کارەساتی گەورە دروست دەکات. بە هەردوو جۆرەکە مرۆڤ زیانیان پێدەگات."

بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ تا ڕۆژی 5ی مانگی پێنجی 2024، لە سنوری پارێزگای هەولێر 584.2 ملم باران باریوە، بەڵام ساڵی پار تەنها 251.9 ملم باران باری، جیاوازیەکەش 332.3 ملم باران زیاتر بووە. لە سنوری سلێمانی ئەمساڵ 672.5 ملم باران باریوە، بەڵام ساڵی پار 732.8 ملم باریوە، واتا سلێمانی 60.3 ملم باران بارینی کەمتر تێدا تۆمارکراوە. هەروەها لە دهۆک 806.8 ملم باران باریوە، بەڵام ساڵی پار 388.4 ملم باران باریوە بەم پێیەش بێت 434.9 ملم باران زیاتر باریوە. لە هەڵەبجە 811.6 ملم باریوە و ساڵی پار 514.6 مالم باریوە، واتا 297 ملم زیاتر باریوە.

دیمەنی زیانەکانی لافاو لە هەولێر.
دیمەنی زیانەکانی لافاو لە هەولێر.

دیلان ڕەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ پلێتەکانی گۆی زەوی لە ڕووی گەرمبوونەوە ڕێژەیەکی بەرچاویان لە مێژوودا تۆمارکردووە، ئەوەش وایکردووە کە گۆڕانکاریەکی کەشوهەوای سەرتاسەری لە ناوچەکان دروستببێت، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو گۆڕانکاریەش لە هەرێمی کوردستان وعێراق ڕوویدا و گۆرانکاریەکان بە جۆرێک بوون کە لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهاردا ئاستی دابارینێکی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما لەو کاتانەدا لە چاو ساڵانی ڕابردوودا ڕووبدەن، ئەوەش ڕووداوی سروشتی زۆر زیاتر کرد کە هاوڵاتی تێدا زەرەرمەند بێت، چی لە دروستبوونی لافاو و چی لە دروستبوونی هەورە بروسکەدا."

بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، بەهۆی زۆری ڕێژەی دابارینی ڕۆژی 19ی مانگی سێی ئەمساڵ کە لافاوێکی زیانبەخشی دروستکرد، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی بەهۆی کارەساتە سروشتیەکانی ئەمساڵ نەخستووەتە ڕوو و بڕیارە لە کۆتای نیوەی یەکەمی ساڵدا ئاشکرایان بکات.

بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی و بەرگری شارستانی هەرێمیش بێت ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون ئەمساڵ بەراود بە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە زیادیانکردووە.

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:03 0:00

بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانییەکان لە کاتێکدایە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن بەدەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی زیانەکانی ڕووداوە ژینگەییەکان.

سەرکەوت کارەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای وت، " لە هەموو کارەساتە سروشتیەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی ڕۆڵێکی زۆر باشیان هەبوو لە ڕزگارکردنی خەڵکی و بەهاناوەچونیان، لە هەر شوێنێک پێویستی بە تیمەکان بووبێت و ئاگادارکرابینەوە و دەستبەجێ دەگەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە."

بە گوێرەی توێژینەوەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای بەردەکەوێت.

لە لێکۆڵینەوەیەکی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانیدا کە مانگی سێ بڵاوکرایەوە باس لەوە کراوە کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە پێشبینی دەکرێت وشکەساڵی قورس لە هەر دە ساڵێکدا جارێک لە عێراق و سوریا و دووجاریش لە ئێران ڕووبدات.

بەکارهێنانی سەرچاوە وزەییەکان

ئەوکات دکتۆر مەنسور سوهرابی، پسپۆڕی بواری ژینگە لە ئاڵمانیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "کورتبینی مرۆڤ بە گشتی سەبارەت بە داهاتوو و دواتریش بەرژەوەندخوازی خاون کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازرگانییەکان و بەرپرسانی وڵاتان بەشێک لەو هۆکارە سەرەکییەکانن کە بوونەتەوە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەیی و کەش و هەوا و پێناچێت بەمزوانەش هەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگیرێتەبەر."

عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پسپۆری ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان هاوڕایە لەسەر هۆکارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا و دەڵێت سەرچاوە سروشتییەکان بە شێوەیەکی خراپ بەکاردەهێندرێن.

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان وتیشی، "بە هۆی هەندێ لە گازە گەرمکەرەوەکان وەکو گازی یەک ئۆکسیدی کاربۆن و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، و فلۆرۆکاربۆن و گازی میسان ئەمانە، گازی کاربۆنین کە جیاواز لەگەڵ گازەکانی دیکەدا توانای هەڵمژینی گەرمیەکی زۆریان هەیە...لەبەر ئەوەی بڕێکی زۆری لەو گەرمییە هەڵدەمژن بۆیە ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان چینی گازە گەرمکەرەوەکان لەگەڵ زەویدا پلەی گەرمی تێدا بەرزدەبێتەوە و دیاردە سروشتییە توندەکان دروستدەکات."

شارەزایەکی کەسناشی دەڵێت ئەمساڵ کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان "بە تەواوەتی" دەرکەوت.

مەحمەد کەمال شارەزا لە بواری کەشناسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەر لە دوای ساڵی 2013 گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا دەرکەوتوون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گۆرانکارییەکی زۆر کە لە ڕەگەزەکانی کەشوهەوای پەستانە نزمەکان و بەرزەکان ڕوویاندا، گۆرانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەرکەوت، ئەوەش وایکرد کە لەم شەپۆلەی دوایدا لەناکاو بارانبارین و هەورە بروسکەی بەهێز دروستبێت."

ئەو شارەزایە وتیشی، "هەرچەندە لەناو بەهارداین و وەرزی دابارین تا 20ی پێنج پێشبینی بارانبارینی تێدا دەکرێت، هەر بارانێک و هەورە بروسکەیەک لە وەزری بەهار دروستبوو، پێویستی بە خۆپارێزی هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان زیانیان بەرنەکەوێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:04 0:00
XS
SM
MD
LG