Accessibility links

کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق هەستدەکەن چیتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پارێزراو نین بۆیان


تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار شوێنێکی پارێزراو بوون بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق، بەڵام یاسا نوێیەکانی ئەمدواییانەی عێراق هەموو ئەوە دەگۆڕێت.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە یەکێک بوون لەو شوێنانەی کە ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق توانیویانە تێیاندا یەکتر بناسن و بە ئاشکرا و کراوەیی باس لە ڕەگەزی خۆیان بکەن.

خالیدی تەمەن 22 ساڵ کە خوێندکارە لە شاری بابلی ناوەڕاستی عێراق بە کەناڵی دی دەبلیوی وت " پێش ئینستاگرام، ئەندامانی کۆمەڵگەکە هەژماری ساختەی فەیسبووکییان دادەنا و پەیوەندییان دەکرد بە گروپە نهێنییەکانەوە تاوەکو یەکتر بناسن."

وتی " بەڵام دواتر لە ڕێی تایبەتمەندی ' هاوڕێ نزیکەکانی ' ئینستاگرامەوە، ئاسانتر بوو بۆ خەڵکەکە بە یەکتری بگەن، تەنانەت خۆشەویستیش بدۆزنەوە."

بەهۆی کلتوری عێراقەوە هاوڕەگەزخوازان ناچارن خۆیان بشارنەوە. بەپێی ئامارەکانی ڕەفتارەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها کەمتر لە سەدا 10 ی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە هاوڕەگەزخوازیی قبووڵ دەکەن.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی عێراقییەری مافەکانی مرۆڤی عێراق ئەیاز شەلال وتی " تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەکۆی سەرەکی دەربڕینی هەموو جۆرە بۆچوونەکانن، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە شوێنی خۆیان نیە بۆ دەربڕینی خۆیان. ئەوەش گروپە لاوازەکانی وەکو هاوڕەگەزخوازان و کەسانی کەمئەندام و ئەوانی دیکەش دەگرێتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیەک بوون بۆ ئەو کەسانە تاوەکو خۆیان دەرببڕن، پەیوەندی بکەن و کۆمەڵگە دروست بکەن."

لە کاتێکدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەکۆ دیجیتاڵییەکان دەرفەتێکیان دروست کردووە، ڕەنگە ئێستا مەترسیدار بن، پێشتر لەم ساڵدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی کەمپینێکی دامەزراندووە بۆ کارکردن لەگەڵ گروپە مرۆییە ناوخۆییەکاندا، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە چۆن چالاکییە دیجیتاڵییەکان لەلایەن وڵاتە زۆردارەکانەوە دژی ئەو کەسانە بەکاردەهێندرێن کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت هاوڕەگەزخواز بن.

بەڵام ئێستا دەکرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق مەترسیدارتر بن.

لە مانگی چواردا حکومەتی عێراق یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزخوازیی و لەشفرۆشی هەموار کردەوە. یاسا نوێیەکە هەر جۆرە هاوڕەگەزخوازییەک قەدەغە دەکات، ئەوانەی لەو کارانەدا بەشدارن سزای 10 بۆ 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ داناون. هەر کەسێکیش " هان بۆ هاوڕەگەزخوازیی بدات ئەوا دەکرێت بە 15 ملیۆن دیناری عێراقی غەرامە بکرێت " یاخود بۆ 7 ساڵ زیندانی بکرێت.

ئەمە دوای ئەوە دێت کە کۆمسیۆنی پەیوەندی و میدیاکانی عێراق لە مانگی هەشتدا یاسایەکی ڕاگەیاند کە فەرمان بە میدیاکانی عێراق دەکات وشەی " هاوڕەگەزخوازیی " بەکارنەهێنن و لە جیاتی ئەوە " لادان لە ڕەگەز " بەکاربهێنن.

یاساکە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانەکانی عێراقەوە ڕەخنەی لێگیرا.

نێردەی یاریدەدەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وتی یاساکە پێچەوانەی ژمارەیەک لەو پەیماننامانەی مافەکانی مرۆڤە کە لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش وتی یاسا نوێیەکان ڕەنگە " ببێتە هۆی دروستبوونی بەربەستی زیاتر لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕینی تاک و تێکدانی کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراقدا."

XS
SM
MD
LG