Accessibility links

زیندانییەکی سیاسی کورد مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی، کە خۆپیشاندەرێکی کوردی پەیرەوی ئایینی یارسانە و لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراوە، ڕایگەیاند مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەئارادیە.

ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی هەینی هۆشداری دا سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و ئاماژەی بەوەدا کە تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا 23 کەس لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و زیندانیانی سیاسیی دیکەی کردووە و هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "سیاسەتێکی یەکلاکەرەوە و سەقامگیر" بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بگرنەبەر.

مەحمود ئەمیری-موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی تێچووی سیاسی بۆ حکومەتی ئێران و بەرپرسکردنی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و زیندانیانی دیکە کە لە لێواری لەسێدارەداندان.

لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، سزای لەسێدارەدانی بۆ ڕەزا ڕەسایی، خۆپیشاندەری تەمەن 34 ساڵی خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان دەرکردووە. سزاکەی ناوبرا هەروەها لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە، هەرچەندە ڕەزا ڕەسایی لە دادگا ئەم تۆمەتەی ڕەتکردۆتەوە.

پێشتر شایەتحاڵێکی دیمەنی کوشتنی نادر بەیرامی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو " لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ناڕەزایەتییەکاندا ڕەزا لە هیچ کام لە ڤیدیۆکاندا دیار نەبووە و کاتێک ڕەزا دەگاتە شوێنی بەیرامی کە ناوبراو نیوە گیان کەوتووە و خەڵکە لە دەوری کۆبووونەتەوە و سەیریان کردووە و ڕەزاش وەک یەکێک لەو کەسانەی کە لەوێ وەستاون، تەنها سەیری کردووە."

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕەزا ڕەسایی بۆ دانپێدانان ئەشکەنجە دراوە و تۆمەتبارانی دیکەی ئەو دۆسیەیەش لەژێر ئەشکەنجەدا شایەتیان دژی ڕەزا ڕەسایی داوە.

XS
SM
MD
LG