Accessibility links

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی کورد دەکات


ڕەزا ڕەسایی
ڕەزا ڕەسایی

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، گەنجێکی کوردی خەڵکی کرماشان دەکات.

نەسیم پاپایانی لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەمبارەیەوە بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕادەگەیەنێت، "دوێنێ (شەشی مانگی یازدە) ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە هەنگاوێکی دەستبەجێدا داوای لە چالاکوانان و لایەنگرانی خۆی لە سەرانسەری جیهان کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پشتیوانی لە ڕەزا ڕەسایی، کوردێکی یارسان کە لە پێوەند بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن،ژیان، ئازادی"وە مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە."

ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتییەکی کوردی پەیرەوەی ئایینی یارسانە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕەزا ڕەسایی چەندین جار ڕەتیکردوەتەوە دەستی لە کوشتنی ئەو بریکارەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووبێت.

لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشان جگە لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ناوبراودا، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ساڵێک زیندانیکردن و لێدانی 74 قامچیشی بەسەردا سەپاندووە.

خانم پاپایانی، ئەندامی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت "بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ڕەزا ڕەسایی، ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی لە 24ی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە کاتی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپی دیکە بووەتەوە، لەوانەش لێدانی تەزووی کارەبا لە جەستەی ناوبراو و هەروەها بردنی تا ئاستی خنکاندن بە کێشانی کیسەی نایلۆن بەسەریدا و هەروەها لێدانی توندی بە مەبەستی وەرگرتنی "دانپێدانان"ی زۆرەملێ."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا کە لە ڕێگای باڵیۆزخانەی ئێران لە یەکێتی ئەوروپا بۆ غوڵامحسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی ناردووە، باس لەوە دەکات مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی ڕەزا ڕەسایی، لەوانەش دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراوی خۆی بە ڕوونی پێشێل کراوە و هەروەها دادگاییکردنەکەی لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و کارامە و بێلایەنەوە بەڕێوەنەچووە.

ڕێکخراوە دەشڵێت "چەندین جار پرسی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەکارهێنانی ئەو جۆرە دانپێدانانە لە لایەن دادگاکانی ئەو وڵاتەوە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لای خۆی تۆمار کردووە."

ڕێکخراوەکە داوای لە سەرۆکی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی هەڵبوەشێنێتەوە و دەڵیت ئەگەر ناوبراو تاوانبار کرا بە تاوانێکی دیاریکراو، ئەوا پێویستە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بخرێتە بەردەم دادگا بەبێ ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت یان دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگیرێت.

ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ هەروەها داوای کردووە کە ڕەزا ڕەسایی ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و چاودێری پزیشکی گونجاو پێبدرێت.

خاتوون نەسیم لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "ڕەزا ڕەسایی تەنها یەکجار لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەیدا چاوی بە پارێزەرەکەی کەوتووە."

زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە جێگای نیگەرانی و ڕەخنەی توندی دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لە جیهاندا.

پێشتر سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی "بە ڕێژەیەکی ترسناک" خەریکی لەسێدارەدانە و ژمارەی لەسێدراەدراوان لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 30% زیادی کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش هەروەها چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ زیاتر لە 600 کەس لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دراون کە بەرزترین ئامارە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG