Accessibility links

پاکێجی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەکرێت


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 20ی مانگی چوار پاکێجی هاوکاریی 95 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان پەسەند کرد.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ئەنجومەنی سینات کرد دوای پەسەندکردنی ئەو پلانە، دەستبەجێ بینێرنە کۆشکی سپی بۆ واژۆکردنی کۆتایی بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.

بایدن لە بەیاننامەکەیدا وێڕای پێزانینی خۆی بۆ ئەوانەی پشتیوانیان لەو پلانە کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە پەسەندکردنی ئەو پلانە ئاماژەپێکراوە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ "هێرشە بێوێنەکانی" کۆماری ئیسلامی ئێران و درێژەی بۆردومانەکانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجامدراوە.

زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ئەنجومەنی سینات پلانێکی هاوشێوەی پەسەند کرد. لەو ماوەیەدا سەرکردەکانی هەردوو پارتەکە لەنێویاندا جۆو بایدن و میچ مەککانێل سەرۆکی کۆماری لە ئەنجومەنی سینات چەندین جار داوایان لە مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد کە پلانەکە بیهێنێتە ئاراوە بۆ دەنگدان.

دەیان پەرلەمانتاری دیموکراتەکان لەکاتی پەسەندکردنی بەشە جیاوازەکانی پاکێجی هاوکارییەکان ئاڵای ئۆکرانیایان بەرز دەکردەوە و ئەم کارەش لەلایەن مایک جۆنسۆنەوە دژایەتی کرا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جۆنسۆن ئەم پاکێجەی پێشکەش کرد بۆ دەنگدان لە پەرلەمان، ئەمەش سەرەڕای هەڕەشەی هەندێک لە یاسادانەرانی کۆماری توندڕەو.

پاکێجی هاوکارییەکان که لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراوه ، بریتییه له 60.84 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا، 23 ملیار دۆلار بۆ مۆدێرنکردنی چەکی ئەمەریکا، 26 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئیسرائیل و 8 ملیار و120 ملیۆن دۆلاریش هاوکاری بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا له هه ڕێمی هیندستان و زەریای هێمن.

هەڕەشەی قەدەغەکردنی "تیک تاک" و هەروەها ئەگەری گواستنەوەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا بابەتی گرنگی دیکەی ئەم پلانە بوون.

کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە جیهان چاوی لە کۆنگرەیە و پەسەندکردنی ئەم پلانە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت سەبارەت بە دەسەڵاتی سەرکردایەتی ئەمەریکا لەم ساتەوەختە گرنگەدا.

هەندێک لە کۆمارییە توندڕەوەکان بە ئاماژەدان بە کورتهێنانی بودجەی حکومەتی ئەمەریکا بە بڕی 34 ترلیۆن دۆلار، بە توندی دژی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا وەستانەوە و چەندین جار هۆشدارییان داوەتە مایک جۆنسۆن کە ئەویش وەک کیڤن مەکارتی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دووردەخەنەوە.

مایک جۆنسۆن ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لەکاتێکدا پلانەکە "تەواو نییە" و ئەگەر کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس و کۆشکی سپییان هەبێت، بە شێوەیەکی جیاواز دەنووسرێت، بەڵام پلانی ئێستا باشترین بەرهەمە لە ژێر بارودۆخی ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پابەندبوونە زۆرانە.

XS
SM
MD
LG