Accessibility links

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی: ئەگەر پارتی ڕێگربێت لە هەڵبژاردن "بەپێی یاسا و دەستور" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، گەر پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕێگری لە ئەنجامدانی پرۆسەکە بکات "بەپێی یاسا و دەستور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێم. دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، تا حکومەتی نوێ کێشە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-4-2024، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرکردایەتی یەکێتی، جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی 6 و بەو چونکە، "دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتییان تەنها لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی خۆیدا دێتە دی."

سەعدی پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای ڕاگەیێندراوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی ڕژدە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

بڕیارە لە ڕۆژی 10ی مانگی شەشی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، یەکێتی پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پارتیش ڕەتیدەکاتەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.

رابیحە حەمەد دەڵێت، "نازانین پارتی لە هەولێر و دهۆک ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات یاخود نە، دەبێت پارتی خۆی وەڵام بداتەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم مافی خۆیانە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، گەر پارتی ڕێگری بکات بەپێی یاسا و دەستور مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."

دوێنێ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی جەختیکردووەتەوە لەوەی "پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن دا بووە و ئێستاش داوادەکات سەرنج و تێبینییەکانی کە ڕێگرن لەبەردەم هەڵبژاردنێکی تەندروست چارەسەر بکرێن."

ڕۆژی 3-4-20224، مەسعود بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سوربوونی حزبەکەی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن تا لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانیان دەربڕی.
ڕۆژی 3-4-20224، مەسعود بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سوربوونی حزبەکەی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن تا لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانیان دەربڕی.

ئەمڕۆش سەرۆکی پارتی لەگەڵ دادوەر عەباس فەرحان، سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، گفتووگۆ لەبارەی هەنگاونان بۆ گرتنەبەری هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کراوەتەوە.

ئەکرەم ساڵەح، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی تێبینی لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردن هەیە." وە جەختی کردەوە لەوەی "ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ پارتی کارێکی ئەستەمە."

دوێنێ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دیداری سلێمانی سەردانی شاری سلێمانی کرد. چەند لایەنێکی ئاگادار بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند سەرۆکی هەرێم لە پەراوێزی سەردانەکەدا گفتووگۆی لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ سەرکردەکان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، "پێدەچێت هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناکۆکی نێوانیان لەسەر کاتی هەڵبژاردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆببێتەوە."

سەرچاوەکە وتیشی، "نێچیرڤان بارزانی هیچ مەسەلەیەکی لەگەڵ لایەنەکان بۆ دواخستن یان ئەنجامدانی هەڵبژاردن باسنەکردووە، بەڵام ڕەنگە لەکۆبوونەوەی لایەنەکان ئەو مەسەلە بوروژێنرێت."

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێشتا زانیاریمان لەبارەی ئەو بابەتە پێنەگەیشتووە."

ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییان لەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند ڕۆژی 10ی مانگی 5 هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان دەستپێدەکات.

XS
SM
MD
LG