Accessibility links

پارێزگاری هەولێر: دیاریکردنی ژمارەی لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردن کاتییە و ڕاستەقینە نییە


پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەو ژمارانەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دیاریکردن بۆ لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان "کاتین" و بەدووری دەزانێت بەبێ پارتی بتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ سەرکردە و کادیرێکی پارتی باسی ڕێگریکردنی لە هەڵبژاردن نەکردووە و کاتی خۆی سەرۆکی یەکێتی ئەو قسەیەیکرد، بەڵام واقیعێک هەیە گەر پارتی بەشداری نەکات ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەستەمدەبێت و ناتوانرێت بکرێت."

ڕۆژی 10-6-2024 وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و بڕیارە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.

بەڵام تا ئێستا پارتی بەهۆی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەشداریکردن لە پرۆسەکە ڕەتدەکاتەوە. جگە لە پارتی، چەندین حزبی تورکمانی و کریستیانیش بەشداری لە هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە.

ڕۆژی 18-3-2024 مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامیەکدا بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و هەڕەشەی کشانەوەی کرد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا. پارتی هۆکارەکەی بۆ ئەوەگێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە "نایاسایی، نادەستوری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت."

ئومێد خۆشناو دەڵێت، "پارتی تیبینی هەیە و ئەوەی کراوە کراسێکە بە باڵای خەڵکی تر دووراوە. ئەمەی ڕوودەدات دژایەتی پارتی نییە بەڵکو دژایەتی قەوارەی یاسایی و دەستوری هەرێمە. پارتی نەیوتووە ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات، بەڵام لەڕووی کردارییەوە هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەستەمە و ناتوانرێت پرۆسەیەکی کامڵ و سەرکەوتوو بێت."

ئەمڕۆ دووشەمە، -4-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بێ پارتی دیموکراتی کوردستان، تیروپشکی بۆ ژمارەی کاندید و لیستی حزب و لایەنەکان ئەنجامدا.

دیمەنی دەنگدانی هاوڵاتییەکی شاری هەولێر لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
دیمەنی دەنگدانی هاوڵاتییەکی شاری هەولێر لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

گرینگرتین لیست و هاوپەیمانییەکان، بەگوێرەی ئەنجامی تیروپشکەکە، بەمشێوەیەن: یەکێتیی ژمارە 129، هاوپەیمانیی نیشتمانی (پێشتر بەرهەم ساڵح دایمەزراند) ژمارە 162، رەوتی هەڵوێست (بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمە ساڵح) 161، بەرەی گەل (بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی) 169، هاوپەیمانیی سەردەم 164، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان (بە سەرۆکایەتیی کامیلی حاجی عەلی) 123، نەوەی نوێ 157، بەرەی تورکمانیی عێراقی 146، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 148، بزووتنەوەی گۆڕان 114، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 147.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن و تیروپشکمان بۆ ناوی لیست و کاندیدەکان ئەنجامدا."

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە حاڵەتی بەشداری نەکردنی پارتی لەپرۆسەکە، جومانە غەلای وتی، "وەڵامی ئەو پرسیارەم لانییە و نازانم بۆ داهاتوو چۆن دەبێت."

لەبارەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و کاندیدەکان بە بێ پارتی، ئومێد خۆشناو وتی، "ئەو ژمارانەی دانراون ژمارەی کاتین و حەقیقی نین. پارتی سوورە لەسەر تێبینییەکانی و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات. دەبێت لایەنەکانی تریش تێبینییەکانی پارتی بەهەند وەربگرن، چونکە ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین لە وادەی دیاریکراودا."

بە وتەی پارێزگاری هەولێر، "پارتی بەتەمەنترین هێزی عێراق و کوردستانە، بەرگری لە چەسپاندنی دیموکراسی دەکات."

ڕۆژی 6-4-2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردن.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت لە بەغدا لە بەرواری 6-4-2024.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت لە بەغدا لە بەرواری 6-4-2024.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. تازە تیروپشک بۆ ژمارەی لیستەکان کراوە و بابەتەکە لەدەست لایەنەکان دەرچووە، دەبێت دادگا دەرەچەیەکی یاسایی بۆ چۆنیەتی بەشداری پارتی بدۆزێتەوە."

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، جەختی کردەوە لەوەی حزبەکەی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دژی "هەوڵەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ لاوازکردن و لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:40 0:00

XS
SM
MD
LG