Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی چین پێشوازی لە سەردانەکەی بلینکن دەکات بۆ چین لە کاتێکدا گرژییەکان لە هەڵکشاندان


وەزارەتی دەرەوەی چین پێشوازی لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد بۆ چین، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بازرگانی جیهانی و ململانێکانی ناوچەیی و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە هەڵکشاندایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پۆڵیتیکۆ، بلینکن ڕۆژی 23ی چوار گەشتێكی چوار ڕۆژی بەرەو چین دەستپێدەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین کۆدەبێتەوە، لەکاتێکدا گرژییەکان سەبارەت بە هاوپەیمانی چین لەگەڵ ڕووسیا و کردەوەی شەڕانگێزانە دژی فلیپین لە دەریای باشووری چین زیاد دەکەن.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بلینکن نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بخاتەڕوو سەبارەت بە هاوکارییەکانی پەکین بۆ ڕووسیا بۆ بنیاتنانی پیشەسازی بەرگری خۆی لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.

لین جیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی چین بکات.

بلینکن سەردانی دووەم گەورەترین ئابووری جیهان دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، داوای زیادکردنی باجێکی بەرچاوی کرد لەسەر بەرهەمە کانزاکانی چین.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG