Accessibility links

گوماندەکرێت دوکاندارێک و پاسەوانێک و ئەندامێکی ئەنجومەنی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە سوتانی بازاڕەکە تێوەگلابن


چەند سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، گوماندەکرێت ئاگرکەوتنەوەکانی ناو بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستی تێدابووبێت و تا ئێستا لەسەر ڕووداوەکە سێ کەس دەستگیرکراون.

ئەندامێکی ئەنجومەنی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون بریتین لە دوکاندارێک بە ناوی (ل.چ) کە ڕۆژێک پێش جەژنی ڕەمەزان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا؛ دوای جەژنیش هەریەک لە (ح.م) کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی بازاڕ لەگەڵ (هـ.م) کە پاسەوانی چاودێری کامێراکانی نێو بازاڕەکە بووە دەستگیرکران."

ئاسایشی هەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی سێ کەسی پشتڕاستکردەوە بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری لەسەر گومانلێکراوەکان ئاشکرابکات.

عەقید ئەردەڵان، وتەبیژی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سێ کەسمان دەستگیرکردووە؛ تەنها گومانیان لەسەرە لەوەی دەستیان هەبێت لە سوتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێر و لێکۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە."

وتیشی، "هەرکات دۆسیەکە دەرئەنجامی کۆتایی وەرگرت، ئەوکات بۆ ڕای گشتی و میدیاکان وردەکاریەکەی دەخەینە ڕوو."

رۆژی 27-2-2024 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 150 دوکان سوتان و نزیکی 100 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی و کاسبکاران وهاوڵاتییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە ڕەوشی تەندروستییان تێکچوو.

دیمەنی پاشماوەی یەکێک لە دوکانەکانی لەگەی هەولێر دوای سوتانی لە بەرواری 8-4-2024.
دیمەنی پاشماوەی یەکێک لە دوکانەکانی لەگەی هەولێر دوای سوتانی لە بەرواری 8-4-2024.

ڕۆژی 8-4-2024ـیش بۆ دووەم جار ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکی 50 دوکان سوتان.

تا ئێستا ئیدارەی شارەکە خەمڵاندنی وردی لەسەر زیانە ئابوورییەکانی ئەو دوو ڕووداوە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بە ملیۆنان دۆلار زیان بەر کاسبکاران کەوتبێت.

سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون، لە ئەنجامی بە دواداچوونی وردی هێزە ئەمنییەکان و سکاڵای ژمارەیەک لە دوکاندارەکان بووە.

یاسین محەمەد، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی بازاری لەنگەی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێستا سەرقاڵی چاککردنی کارەبای نێو بازارەکەین و بەشێک لە دوکاندارەکان سکاڵایان تۆمارکردووە لە سوتاندنی دوکانەکانیان، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و یەکلانەبوونەتەوە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بازارەکە وتیشی، "نازانین چەند کەس دەستگیرکراون، هەر کەسێک بێت دوکاندارەکان سکاڵایان دەبێت."

لە ساڵی 2018ـەوە تا ئێستا بازاڕی لە نگەی هەولێر سێ جار سوتاوە و جاری یەکەمیان زیاد لە 2000 دوکان سوتان و زیانی سەدان ملیۆن دۆلار بەر دوکاندارەکان کەوت؛ بازاڕەکە دواتر لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نۆژەنکرایەوە.

گەرچی بڕیارە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی جاری دووەم حکومەتی هەرێم قەرەبووی دوکاندارەکان بکاتەوە، بەڵام دوکانداران دەڵێن تائێستا قەربوونەکراونەتەوە.

بە پێی ئەو ئامارەی کە لە لای شارەوانی هەولێر دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، کۆی گشتی دوکانەکانی نێو بازاری لەنگە بریتین لە دوو هەزار و 400 دوکان.

XS
SM
MD
LG