Accessibility links

سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوانی بۆ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن دەردەبڕێت


سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی بۆ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمەریکا دەربڕیوە و بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە سەردانەکە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە هاوکاتی سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی سودانی بۆ ئەمەریکا، لە تویتێکدا ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان " بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتن. ئێمە پشتیوانی تەواوی ئەم سەردانە دەکەین و دڵنیاین لەوەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی تەواوی عێراقییەکان دەکات."

بارزانی لە تویتەکەیدا دەشڵێت " هیوادارین کۆبوونەوەی بەرهەمدار ئەنجام بدرێت کە ببێتە هۆکاری گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانمان."

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ واشنتن و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە. هەر سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کەوت.

بێجگە لە بابەتی ئاسایشی لەم سەردانەدا گرنگییەکی زۆر بە بابەتی ئابوری و داراییش دەکرێت.

کۆشکی لە دەمی ڕاگەیاندنی سەردانەکەدا لە بەیاننامەیەکدا گوتی بایدن و ئەلسودانی باس لە "چاکسازییە داراییە بەردەوامەکانی عێراق دەکەن بۆ پێشخستنی گەشەپێدانی ئابووری و پێشکەوتن بەرەو سەربەخۆیی وزە و مۆدێرنکردنی عێراق".

واشنتن دەخوازێت عێراق پشت بە وزەی ئێران نەبەستێت سەرەڕای ئەوەی زۆر جار لێخۆشبوون لە سزاکان بە عێراق دەدەن بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە.

سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی یەکەم سەردانیەتی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لە کۆشکی سپی. لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق، زۆربەی سەرۆک وەزیرەکانی ئەو وڵاتە سەردانی ئەمەریکایان کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکادا کۆبوونەتەوە، بەڵام پسپۆڕان ئەم سەردانەی سودانی بە جیاواز دەبینن.

دکتۆر سەردار عەزیز شیکاری سیاسیەتی نێودەوڵەتی پێی وایە دۆخەکە بە گشتی ئێستا جیاوازە چونکە ئەمەریکا بایەخی بە گشتی بۆ ناوچەکە کەم بووەتەوە دەستبەرداری پرۆژەکانی بووە لە عێراقدا. هەروەها دەشڵێت ئەم سەردانەی سودانی مەرجدار بوو و چەندین جار دواخراوە " سودانی لە ئێستادا نوێنەری حکومەتێکە کە پێکهێنەرانی ئەو حکومەتە بە ئاشکرا نەیاری ئەمەریکان و ئەمەریکا وەکو هێزێکی داگیرکەر دەبینن و پێیان وایە چیدی پێویست نییە لە عێراقدا بێت."

دەشڵێت " جیاوازی تریش ئەوەیە کە سودانی خۆی خواستی شەخسی هەیە و هەوڵ دەدات ئەمەریکاییەکان وەهای ببینن کە کەسێکی سازشکاری بیرۆکراتی پیاوی دەوڵەتە. لەم پێناوەشدا هەوڵی زۆری داوە. لە ساتێکی تایبەتیشدا دێت بۆ ئەمەریکا کە ساتی هەڵبژاردنە کە ئەمەریکا تیشکی لەسەر ناوخۆیە و ناخوازێت کێشەی بۆ دروستببێت لە دەرەوەی ئەمەریکا."

سەردانەکەی سودانی هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە مووشەکییەکەی شەوی شەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە بە پێی بەرپرسانی ئەمەریکایی سیستمی دژە موشەکی پاتیۆتی ئەمەریکایی لە هەولێر لانیکەم مووشەکێکی بالیستیکی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.

جگە لەوەش، گرووپەکانی سەر بە ئێران لەناو عێراقەوە هێرشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕێکخستووە، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و سودانی لەم کاتەدا گرنگتربێت.

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش، ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە نەک شەڕکردن.

XS
SM
MD
LG