Accessibility links

سودانی بەهیوای قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانە لەگەڵ واشنتندا


سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی چەند ڕۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی بۆ واشنتن لە وتارێکیدا تیشک دەخاتە سەر قۆناغێکی نوێی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا و عێراق.

سودانی لە وتارێکیدا کە بە بۆنەی یادی ڕووخانی ڕژێمی پێشوی بەعس لە پێگەی 'فۆرن ئەفێرس' (Foreign Affairs) بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " پێویستە هاوبەشییە ستراتیژییەکەمان بپارێزین بە هێنانی قۆناغێکی نوێ- قۆناغێک کە پشتگیری لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بکات بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هاوکارییە بەرهەمدارەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بێت."

ئەم وتارەی سودانی لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگاتە واشنتن و لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن کۆببێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هەرچەندە بابەتی سەرەکی ئەم سەردانە پەیوەندییە ئابورەکان دەبێت، بەڵام ئاسایش و پەیوەندییە بەرگرییەکانیش بەشێکی گرنگی ئەجێندای سەردانەکەن.

دکتۆر سەردار عەزیز
دکتۆر سەردار عەزیز

دکتۆر سەردار عەزیز پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێی وایە دۆسێی ئاسایش بۆ هەردوو وڵات گرنگە بەڵام بە شێوازی جیاواز. ئەو پێی وایە بۆ ئەمەریکاییەکان ئەوە گرنگە کە عێراق سەقامگیر بێت و بەرژەوەندیەکانییان لەوێ پارێزراوبێت. دەشڵێت بۆ عێراقییەکان هەرچەندە داوای کشانەوەی ئەمەریکاییەکان دەکەن " بەڵام پێویستیان بەوە هەیە پەیوەندییەکانی بەدەستهێنانی زانیاری بە تایبەتی لە بارەی هێزە تیرۆرستییەکانەوە لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا هەر بمێنێت لەو ڕوانگەیەوەی عێراق دەتوانێت سودمەندبێت لەو زانیاریانەی کە دەستی ئەمەریکا دەکەون، بەڵام عێراق توانا و تەکنەلۆژیای نییە کە بە دەستی بهێنێت."

لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ئاڵۆزی و هێرشکردنە سەر یەک لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق ڕوویداوە لە چوارچێوەی ململانێیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا کە پەیوەستە بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەمەش وای کرد سودانی لە مانگی یەکدا خواستی خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بخاتە ڕوو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە وتارەکەی ڕۆژی هەینیدا ڕایگەیاند " لە کۆتایی مانگی یەکدا ئێمە لیژنەی باڵای سەربازیمان پێکهێنا بە ئەندامێتی گەورە سەرکردە لەشکرییەکانی ئەمەریکا و عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسییانەی کە وەک دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێستادا هەیەتی، هەروەهاش بۆ هەڵسەنگاندی تواناییەکانی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بێ لەوەش بۆ مەزەندەکردنی ڕەوشی هەموو کردەیەکی ئاسایشی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا. ئەم هەوڵە گەیشتە ڕێککەوتنی هەموو ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندییان هەیە بۆ کۆتاییپێهێنانێکی قۆناغ بە قۆناغ و ڕێکخراو بۆ ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە پێی ئەو خشتە کاتییەی ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت."

دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری درەوەی عێراق لە مانگی ڕابردوو لە میانەی سەردانێکیدا بۆ واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لیژنەیەکی تایبەت باس لە بابەتی ئاسایشی دەکات لەگەڵ واشنتندا " بابەتی ئاسایشی جیاوازە، سەبارەت بە بابەتی ئاسایشی بۆ نمونە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق یان هێزی هاوپەیمانان، لیژنەیەکی تر هەیە کە لیژنەیەکی باڵایە کاری لەسەر دەکات و ئەو لیژنەیە هەتا ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە یەک لە واشنتن و یەکیش لە بەغدا. لەو کۆبونەوانەدا باس لە بابەتی ئاسیشی و پێداویستییەکانی لەشکری عێراق کراوە و ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کردووە. لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران (بۆ واشنتن) تاوتوێی بابەتەکە دەکرێت."

سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی لە 15 مانگی چوار یەکەم سەردانیەتی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبونەوەی لە کۆشکی سپی. لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق، زۆربەی سەرۆک وەزیرەکانی ئەو وڵاتە سەردانی ئەمەریکایان کردووە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکادا کۆبوونەتەوە، بەڵام پسپۆڕان ئەم سەردانەی سودانی بە جیاواز دەبینن.

دکتۆر عەزیز پێی وایە دۆخەکە بە گشتی ئێستا جیاوازە چونکە ئەمەریکا بایەخی بە گشتی بۆ ناوچەکە کەم بووەتەوە دەستبەرداری پرۆژەکانی بووە لە عێراقدا. هەروەها دەشڵێت ئەم سەردانەی سودانی مەرجدار بوو و چەندین جار دواخراوە " سودانی لە ئێستادا نوێنەری حکومەتێکە کە پێکهێنەرانی ئەو حکومەتە بە ئاشکرا نەیاری ئەمەریکان و ئەمەریکا وەکو هێزێکی داگیرکەر دەبینن و پێیان وایە چیدی پێویست نییە لە عێراقدا بێت."

دەشڵێت " جیاوازی تریش ئەوەیە کە سودانی خۆی خواستی شەخسی هەیە و هەوڵ دەدات ئەمەریکاییەکان وەهای ببینن کە کەسێکی سازشکاری بیرۆکراتی پیاوی دەوڵەتە. لەم پێناوەشدا هەوڵی زۆری داوە. لە ساتێکی تایبەتیشدا دێت بۆ ئەمەریکا کە ساتی هەڵبژاردنە کە ئەمەریکا تیشکی لەسەر ناوخۆیە و ناخوازێت کێشەی بۆ دروستببێت لە دەرەوەی ئەمەریکا."

لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵی پارێزگاریکردنی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ واشنتن، محمەد شیاع سودانی لە ژێر فشاری گرووپە چەکدارە شیعەکانی وڵاتەکەشیدایە کە لەلایەن ئێرانی نەیاری ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن.

دکتۆر سەردار عەزیز پێی وایە هێزە ملیشاکانی عێراق سودمەندن لە حکومەتەکەی سودانی "ئەیانەوێت کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی زیاتر سودمەند بن کە سەقامگیری بەردەوام هەبێت چونکە ئەگەر فشاری ئێرانیان لەسەر نەبێت ئەوە کێشەیان نییە لەگەڵ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا بە تایبەتی لە ڕووی دارایی و بازرگانییەوە، جا ئەمانەش هەمووی وا دەکات کە کەسێکی وەکو سودانی وەها ببینرێت کە کەسێکی سازشکارە لە نێوان ئەم هێزانەدا کە بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە یەکترییە."

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش، ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە نەک شەڕکردن.

XS
SM
MD
LG