Accessibility links

ئیلان ئیسرائیل: زۆرێک لە درۆنەکان لە ئاسمانی عێراق و سوریادا تەقێندراونەتەوە


کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەستی کردووە بەو هێرشەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڕەشەی پێدەکرد سەرباری هەموو ئاگادارکردنەوەکان و ئاگاهیدانەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی تریش.

ئیلان ئیسرائیل، چالاکوانە و دانیشتووی شاری تەلئەڤیڤە لە ئیسرائیل و دەڵێت "ئێران لە کاتژمێر 11ی شەوی ئیسرائیل، بە سێ قۆناغ هێرشەکانی دەستپێکردووە و زیاتر لە 100 درۆنی بەکارهێناوە و هەروەها دەیان موشەکی دوورهاوێژیشی بەکارهێناوە لەناو خاکی ئێرانەوە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیش لە ئامادەباشییەکی تەواودایە و چاوەڕوانی گەیشتنی درۆنەکاندان، بەڵام وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئاسمانی عێراق و لە ئاسمانی سوریادا توانیویانە ژمارەیەکی بەرچاو لەو درۆنانە بتەقێننەوە بەر لەوەی بگەنە ناو خاکی ئیسرائیل."
ئیلان ئیسرائیل، کە کوردێکی جووە، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " چاوەڕوان دەکرێت موشەکەکان کاتژمێر نزیکەی دووی بەرەبەیان بگەنە ناو خاکی ئیسرائیل، بەڵام وەک سەرچاوە لەشکرییەکان ئاماژەی پێدەکەن، ئیسرائیل بە تەواوەتی ئامادەیی هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە هەر جۆرە هێرشێکی ئێران.تەنانەت ئەمەریکاش دوو کەشتی سەربازی ناردووە و لە کەنار دەریان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران "

ئێران دەڵێت دەیان درۆن و موشەکیان ئاڕاستەی ژمارەیەک ئامانج کردووە لەناو ئیسرائیلدا بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشەی وەک تاران دەڵێت ئیسرائیل کردییە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و 7 گەورە ئەفسەری پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی تیادا کوژران.

XS
SM
MD
LG