Accessibility links

ئۆ جەی سیمپسن، ئەستێرەی فوتباڵ و ئەکتەری ئەمەریکایی کە بووەتە تۆمەتبار لە دۆسێیەکی کوشتندا لە تەمەنی 76 ساڵی کۆچی دوایی دەکات


ئۆ جەی سیمپسن، ئەستێری فوتباڵ و ئەکتەری ئەمەریکایی کە لە دادگایەکی هەستیاردا لە ساڵی 1995 بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەری پێشووی بێتاوان دەرچوو، بەڵام پاشان لە داوایەکی یاسایی سڤیلیدا بەرامبەر بە مردنەکەی تاوانبارکرا و دواتر بە تاوانی دزی و ڕفاندن زیندانی کرا، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

خێزانەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردەوە، سیمپسن، کە لەلایەن دەستەی سوێندخواردنی لۆس ئانجڵسەوە بە بێتاون ناسێندرا، لە دۆسێیەکدا کە لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە بە "دادگاکردنی سەدە" ناودێرکرا، دوای بەربەرەکانییەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستدا.

سیمپسن خۆی لە زیندان ڕزگار کرد کاتێک لە ساڵی 1994 لە دۆسێی بە چەقۆ کوشتنی نیکۆڵ براون سیمپسن هاوسەری پێشووی و ڕۆناڵد گۆڵدمان هاوڕێکەی لە لۆس ئانجڵس تاوانبار نەکرا. دواتر سیمپسن نۆ ساڵ لە زیندانێکی ویلایەتی نیڤادا مایەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2008 بە 12 تۆمەتی دزی چەکداری و ڕفاندنی دوو بازرگانی یادگاری وەرزشی لە ژێر فشاری چەک لە هۆتێلێکی لاس ڤێگاس سزا درا.

سیمپسن یەکێک بووە لە باشترین و بەناوبانگترین وەرزشوانەکانی کۆتایی شەستەکان و حەفتاکان. زاڵ بوو بەسەر لاوازی منداڵیدا و بوو بە باشترین یاریزان لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا و جامی هێیسمانی وەک باشترین یاریزانی فوتباڵی کۆلێژ بەدەستهێنا. دوای ئەوەی ڕیکۆردێکی تۆمارکرد لە NFL لەگەڵ یانەی بافەڵۆ بیڵس و سان فرانسیسکۆ 49ers، ناوی چووە نێو بەنێوبانگەکانی فوتباڵ.

سیمپسن نێوبانگی وەک ئەستێرەیەکی فتباڵی ئەمەریکایی بەکارهێنا بوو بە پێشکەشکاری وەرزشی و پاشانیش ڕیکاڵمکردن و دواتر ئەکتەرێکی هۆلیود کە بەشداری لە فیم و نجیرەی بەناوبانگی 'نەیکد گەن' کرد.

بەڵام ئەمانە هەمووی گۆڕان کاتێک تەرمی نیکۆڵ براون سیمپسن و گۆڵدمان لە دیمەنێکی خوێناویدا لە دەرەوەی ماڵەکەی نیکۆڵ لە لۆس ئانجڵس لە 12ی شەشی 1994 دۆزرانەوە.

سیمپسن دەستبەجێ وەک تۆمەتبارێک دەرکەوت. فەرمانی پێکرا خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات بەڵام دوای پێنج ڕۆژ لە کوشتنەکان، بە ئۆتۆمبێلە سپییەکەی جۆری فۆرد برۆنکۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشووی هەڵهات کە پاسەپۆرتیشی پێبوو. پۆلیس لە سەرخۆ لە تەواوی ڕێگەکە دوایان کەوت و پاشان لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و تاوانبار کرا بە کوشتن.

ئەوەی بەدوایدا هات یەکێک بوو لە بەدناوترین دادگاییەکانی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا و نمایشێکی میدیایی. هەموو شتێکی تێدابوو هەر لەوەی تۆمەتبارێکی دەوڵەمەندی ناودار دادگایی دەکرا تا دەگاتە دادگاتە دادگاییکردنی پیاوێکی ڕەشپێست کە تۆمەتبار بوو بە کوشتنی ژنێکی سپی پێست کە هاوسەری پێشووی بوو بەهۆی دڵپیسییەوە، ژنێک کە دوای جیابوونەوەی لە پیاوێک کە لێیدابوو کوژرا؛ تیمێکی ئەفسانەیی لە پارێزەرانی بەرگری گرانبەها و خاوەن کاریزما و هەڵەیەکی گەورە لەلایەن داواکارانی گشتیەوە.

سیمپسن کە لە سەرەتای دۆسیەکەدا خۆی بە "بە تەواوی لەسەدا سەد بەبێ تاوان " ڕاگەیاند، دەستی بۆ دەستەی سوێندخواردن ڕاکێشاو گوتی "سوپاستان دەکەم"، دوای ئەوەی لە ٣3 دەی ساڵی 1995 دەستەیەکی 10 ژن و دوو پیاو کە زۆربەیان ڕەشپێشت بوون بە بێ تاوانیان زانی.

داواکارانی گشتی ئاماژەیان بەوەدا کە سیمپسن لە تووڕەیییەکی ئیرەیییدا نیکۆڵی کوشتووە، هەروەها پشکنینی بەرفراوانی خوێن و قژ و ڕیشاڵیان پێشکەش کرد کە سیمپسنی بە کوشتنەکانەوە گرێدەدا. بەرگریکاران بەرپەرچیان دایەوە و گوتیان ئەم شتانە لەلایەن پۆلیسی سپی پێستی ڕەگەزپەرستەوە بۆ تۆمەتبارەکە هەڵبەستراوە.

دادگاییکردنەکە ئەمەریکای سەرقاڵکردبوو. لە کۆشکی سپی، سەرۆک بیل کڵنتن ئۆفیسی بەجێهێشت و لە تەلەفزیۆنی سکرتێرەکەیەوە سەیری بڕیارەکەی کرد. زۆرێک لە ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا ئاهەنگی بێتاوانی ئەویان گێڕا و سیمپسنیان وەک قوربانی پۆلیسی خۆپەرست دەبینی. زۆرێک لە ئەمەریکاییە سپی پێستەکان بەهۆی ئەوەی کە بێتاوان دەرچوو توشی شۆک بوون.

تیمی یاسایی سیمپسن بریتی بوون لە پارێزەرە دیارەکانی وەکو جۆنی کۆکران، ئاڵن دێرشۆڤیتز و ئێف لی بەیلی، کە زۆرجار بە پرسیارەکانیان ڕێگەیان لە داواکارانی گشتی دەگرت. داواکارانی گشتی هەڵەیەکی لەبیرنەکراویان ئەنجامدا کاتێک جوتێک دەستکێشی خوێناویان لە شوێنی ڕووداوەکەوە هێنابوو و دوایان لە سیمپسن کرد بیکاتە دەستی و دڵنیابوون لەوەی پڕ دەستی دەبێت و بەڵگەکە ئەو بکوژەکە بووە.

بەڵام دیمەنێکی شانۆئاسادا، سیمپسن دەستکێشەکان زۆر بە زەحمەت لە دەستکرد و بە دەستەی سوێندخۆرانی پیشان دا کە بە دەستی ناکەن.

ئۆجەی سیمپسن لە دەمێکدا لە دادگا لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانەوە بەبێ تاوان لەقەڵەم درا، لە دۆسێی کوشنتی نیکۆڵ براون سیمپسن و هاوڕێکەی بەناوی ڕان گۆڵدمان لە لۆس ئانجڵس. 3ی مانگی دەی ساڵی 1995
ئۆجەی سیمپسن لە دەمێکدا لە دادگا لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانەوە بەبێ تاوان لەقەڵەم درا، لە دۆسێی کوشنتی نیکۆڵ براون سیمپسن و هاوڕێکەی بەناوی ڕان گۆڵدمان لە لۆس ئانجڵس. 3ی مانگی دەی ساڵی 1995

پارێزەر کۆکران لە گەیاندنی بەناوبانگترین وشەکانی دادگاییکردنەکەدا، لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەستەی سوێندخواردن ئاماژەی بە دەستکێشەکان کرد و گوتی "ئەگەر پڕ بە دەستی نەبێت، دەبێت بێتاوان بیت". دواتر دێرشۆڤیتز بڕیارەکەی داواکاری گشتی بۆ داواکردن لە سیمپسن بۆ تاقیکردنەوەی دەستکێشەکان بە "گەورەترین هەڵەی یاسایی سەدەی بیستەم" ناوبرد.

پیتەر ئارێنێلا، مامۆستای یاسای زانکۆی UCLA دوای بڕیارەکە بە نیویۆرک تایمزی گوت "ئەوەی ئەم بڕیارە پێت دەڵێت ئەوەیە کە چۆن ناوبانگ و پارە دەتوانێت باشترین بەرگری بکڕێت، دەتوانێت کەیسێکی بەڵگەی فیزیکی تاوانبارکەر وەربگرێت و بیگۆڕێت بۆ کەیسێک کە پڕە لە گومانی مەعقول".

دوای بێتاوان دەرچوونی، سیمپسن وتی کە "من وەک ئامانجی سەرەکی ژیانم بەدوای ئەو بکوژە یان بکوژانەدا دەگەڕێم کە نیکۆڵ و بەڕێز گۆڵدمانیان کوشتووە. ئەوان هەن لە شوێنێکن، من نە کەسم دەکوشت نە دەکوژم و نە کوشتوومە".

دواتر خێزانی گۆڵدمان و براون لە دادگای مەدەنیدا داوای یاساییان لەسەر مردنی ناڕەوایانە لە دژی سیمپسن تۆمار کرد. لە ساڵی 1997 دەستەی سوێندخواردن کە زۆرینەیان سپی پێست بوون لە شاری سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، سیمپسنیان بە بەرپرسیاری ئەو دوو مردنە زانی و بڕیاردرا 33 ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلار وەک قەرەبووی تاوانەکە بدات.

فرێد گۆڵدمان، باوکی ڕان گۆڵدمان دوای بڕیارەکە وتی " دواجار دادپەروەریمان بۆ ڕان و نیکۆڵ بەدەستهێنا."

پارێزەرەکانی "تیمی ئەفسانەی"ی سیمپسن نوێنەرایەتی ئەویان نەکرد لە دادگاییکردنی مەدەنیدا کە تێیدا باری سەلماندن کەمتر بوو لە بەبەراورد لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانکاری - "زۆربوونی بەڵگەکان" نەک " زیاتر گومانێکی مەعقول". هەروەها بەڵگەی نوێش زیانی بە سیمپسن گەیاند لەوانە وێنەی ئەو جۆرە پێڵاوەی لەپێیدایە کە جێپێی لە شوێنی کوشتنەکەدا بەجێهێشتبوو.

دوای دۆسیە مەدەنییەکە، بەشێک لە کەلوپەلەکانی سیمپسن، لەنێویاندا یادگارییەکانی ڕۆژانی فوتباڵیشی، وەرگیران و خرانە موزایەدەوە تا بفرۆشرێن و یارمەتی بدەن لە پێدانی ئەو قەرەبەووەی کە قەرزبوو لەسەری.

لە 3ی مانگی دەی ساڵی 2008 ڕێک 13 ساڵ دوای بێتاوانی لە دادگاییکردنی کوشتنەکەدا، ئەو لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانی لاس ڤێگاسەرە بە تۆمەتی ڕفاندن و دزیکردن بە چەکەوە سزا درا. ئەمەش پەیوەندی هەبوو بە ڕووداوێکی ساڵی 2007 لە کاسینۆیەکدا کە سمسن و پێنج پیاوی تر کە بەلایەنی کەم دوانیان چەکیان پێبوو، یادگارییە وەرزشییەکانیان بە بەهای هەزاران دۆلار لە دوو بازرگان دزیبوو.

سیمپسن ئاماژەی بەوەکرد کە تەنها هەوڵی وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی خۆی دابوو بەڵام سزای 33 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سیمپسن لە کاتی سزادانیدا وتی "نەمدەویست ئازاری کەس بدەم. نەمزانی کە هیچ شتێکی هەڵە دەکەم."

دواتر لە ساڵی 2017 بە کەفالەت لە زیندان ئازاد کراو لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی لاس ڤێگاس نیشتەجێ بوو. لە ساڵی 2021 بەهۆی ڕەفتاری باشەوە لە تەمەنی 74 ساڵیدا پێشوەختە ئازادکرا.

داستانی ژیانی سیمپسن لە فیلمی دیکۆمێنتاریی "O.J.: Made in America" کە لە ساڵی 2017دا خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا و هەروەها لە زنجیرە دراما جۆراوجۆرەکانی تەلەفزیۆنیدا گێڕدرایەوە.

ئۆرێنتاڵ جەیمس سیمپسن ناسراو بە ئۆ جەی، لە 9ی حەوتی ساڵی 1947 لە شاری سانفرانسیسکۆ لەدایکبووە، لە تەمەنی 2 ساڵیدا تووشی نەخۆشی ڕیکێت واتا خواربوونی جومگەکانی بووە و تا تەمەنی 5 ساڵی ناچار بوو کە قاڵب بۆ قاچەکانی ببەستێت بەڵام ئەوەندە بە تەواوی چاک بووەتەوە و بووە یەکێک لە یاریزانە بەناوبانگەکانی فوتباڵ لە هەموو سەردەمێکدا.

بۆ ماوەی 9 وەرزی یاری بۆ یانەی بافالۆ بیلز و دوو وەرز بۆ یانەی سانفرانسیسکۆ 49ێرز،یاری کرد و بووە یەکێک لە گەورەترین کەسەکانی گرتنەوەی تۆپ لە مێژووی NFL. لە ساڵی 1973 بووە یەکەم یاریزانی NFL کە بتوانێت لە وەرزێکدا زیاتر لە 2000 یارد ببڕێت. ئەو لە ساڵی 1079 لە یاری خانەنشین بوو.

ساڵانێک لە ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکانی ئۆتۆمبێلی کرێی هێرتز دەردەکەوت و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد. پاشان لە چەندین فیلمی بەناوبانگی ئەمەریکا ڕۆڵی گیڕا.

سیمپسن لە ساڵی 1967 لەگەڵ هاوسەری یەکەمی بەناوی مارگرێت هاوسەرگیری کرد و سێ منداڵیان بوو، یەکێکیان لە تەمەنی 2 ساڵیدا لە ساڵی 1979 لە مەلەوانگەی خێزانەکەیاندا خنکا، هەر هەمان ساڵ لەگەڵ ئەو هاوسەرەی جیابوونەوە.

سیمپسن کاتێک نیکۆڵ براونی ناسی نیکۆڵ تەمەنی 17 ساڵ بوو و گارسۆن بوو، خۆشی هێشتا لەگەڵ هاوسەری یەکەمی مارگرێت، جیا نەبووبوونەوە. سیمپسن و براون لە ساڵی 1985 هاوسەرگیریان کردووە و دوو منداڵیان بوو. دواتر دوای ئەو ڕووداوانەی کە لێیدابوو، پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG