Accessibility links

چین سزا بەسەر دوو کۆمپانیای بەرگری ئەمەریکایی دەسەپێنێت بەهۆی فرۆشتنی چەک بە تایوان


فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ9 Predator
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ9 Predator

وەزارەتی دەرەوەی چین لە هەنگاوێکی دەگمەندا ڕۆژی پێنجشەممە 11ی مانگی چوار ڕایگەیاند لە کاردانەوە بە فرۆشتنی چەک بە تایوان، سزای بەسەر دوو کۆمپانیای بەرگری ئەمەریکایدا سەپاندووە.

لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە کە سەروەت و سامانی کۆمپانیاکانی 'سیستەمی فڕۆکەوانی جەنەراڵ ئەتۆمیکس" و 'سیستەمی سەرزەوی جەنەراڵ داینامیکس' لە چین سڕ دەکرێت و هەروەها ڕێگری دەکرێت لە گەشتکردنی بەڕێوەبەرایەتی باڵای کۆمپانیاکان بۆ چین.

بە پێی زانیارییەکان کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیکس دەیان کاری خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی گالفستریم و جێت لە چین بەڕێوەدەبات و هەروەها یارمەتی دروستکردنی تانکی ئەبرامز دەدات کە لەلایەن تایوانەوە دەکڕدرێت بۆ جێگرتنەوەی زرێپۆشە بەسەرچووەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری لەشکرکێشی چین بۆ ئەو دوورگەیە.

کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکسیش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پڕێدەیتۆر( Predator) و ڕیپێر(Reaper ) بەرهەم دەهێنێت کە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بەکاردەهێنرێن.

پەکین لە مێژە هەڕەشەی لەم جۆرە سزایانە دەکات، بەڵام بە دەگمەن ئەو سزایانەی دەرکردووە، چونکە ئابوورییەکەی بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و بەرزبوونەوەی بێکاری و دابەزینی بەرچاوی وەبەرهێنانی بیانییەوە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کردووە فرۆشتنی چەک بە تایوان "دەستوەردانێکی جددی"یە لە کاروباری ناوخۆی چین و زیانی بە سەروەری چین و یەکپارچەیی خاکی چین گەیاندووە، بەڵام وردەکارییەکانی سەبارەت بە چۆنییەتی دەستێوەردانی ئەو دوو کۆمپانیاییە نەخستووەتەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هەروەها هاتووە "بەردەوامی فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە بە هەرێمی تایوانی چین پێشێلکردنی جددی بنەمای چینی یەکپارچە و بڕگەکانی سێ بەیاننامەی هاوبەشی ئەمەریکا و چینە."

ئەمەریکا و چین لە ساڵانی 1972 و 1979 و 1982 سێ بەیاننامەی هاوبەشیان واژۆ کرد کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و چین و توخمێکی جەوهەرییە لە گفتوگۆگانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

تایوان و چین لە ساڵی 1949 دوای شەڕێکی ناوخۆیی جیابوونەوە و هێزە نەتەوەییەکان بەرەو تایوان هەڵهاتن و لەوێ حکومەتێکیان دامەزراند کە دواتر بوو بە دیموکراسییەکی بەرچاوی ناچەکە.

بەڵام چین، تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت و بەڵێنی داوە کە ڕۆژێک دێت لەگەڵ خاکەکەیدا یەکدەگرێتەوە.

سەرەڕای دژایەتی توندی تایوان، چین لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا مانۆڕی سەربازی بەردەوامی لە دەوروبەری دوورگەکە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر تایپە بۆ ئەوەی بانگەشەکانی پەکین بۆ سەروەری قبوڵ بکات.

بەپێی ئەو یاسایەی لە ساڵی 1979 کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەندی کرد، ئەمەریکا دان بە سەربەخۆیی تایواندا نانێت، بەڵکو پابەندە بە یارمەتیدانی ئەو دوورگەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی. چین هەمیشە بە توندی ڕەخنەی لە پشتیوانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ تایوان گرتووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پێگەی فەرماندەیی سەربازی خۆی لە ژاپۆن دەگۆڕێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی هەماهەنگی باشتر و بەهێزکردنی خۆپارێزی لە بەرامبەر فشارەکانی چیندا.

هەروەها ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ ژاپۆن و فلیپین ئەنجام دەدات و باس لە پەرەسەندنی فشارەکانی پەکین لە دەریای باشووری چین دەکات.

لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین لە سەر بابەتی جۆراوجۆردا تێکچووە. ناکۆکی بازرگانی دوو قۆڵی، پێشێلکردنی مافی کەمینەکان لە چین بەتایبەت موسڵمانانی ئویغور لە شینجیانگ، سەپاندنی یاسای توند لەلایەن چینەوە بەسەر هۆنگ کۆنگدا، هەڵوێستی چین بەرامبەر بە تایوان و پشتیوانی ئەمەریکا لە تایوان، ناکۆکی لە ئاوەکانی باشووری چین کە چەند وڵاتێکی ناوچەکە بانگەشەی خاوەندارێتی دەکەن، هەموو ئەمانە بۆتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵۆزی و گرژی پەیوەندییەکانی نێوان دوو ئابوورییە گەورەکەی جیهان.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG