Accessibility links

دوو کەس لەسەر تاوانی دژی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێن


دادپارێزانی فێدراڵی لە ئەڵمانیا دەڵێن پۆلیس دوو هاوسەری عێراقییان دەستگیرکردووە کە بڕوا وەهایە ئەندامی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش بن و گومانیشیان لەسەرە بەشدارییان هەبووبێت لە کۆمەڵکوژی و تاوان کردنی دژ بە مرۆڤایەتی بەهۆی ئەوەی دوو کچی ئێزدییان بە کۆیلە گرتبوو.

ئەو دوو هاوسەرەی دەستگیرکراون، یەکێکیان ناوی (توانا سین)ە و ئەوی تریشیان ناوی (ئاسیا ڕێ) ە و ڕۆژی سێشەممە دەستگیر کراون بەهۆی خراپ مامەڵە کردنیان لەگەڵ دوو کچە ئێزدییەکەدا لە ساڵانی 2015 تا 2017 لە عێراق و لە سوریاشدا.

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ناوی تەواوەتی ئەو دوو گومانبارەی ئاشکرا نەکردووە، چونکە بەپێی یاساکانی تایبەتمەندێتیی لە ئەڵمانیا، ئاشکرا کردنی ناوەکان ڕێگەپێدراو نییە.

نوێنەرانی دادپارێزان دەڵێن ئەو دوو کچە ئێزدییە، ئەشکەنجە دراون، بەردەوام دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ڕێگەشیان پێنەدراوە سروتی ئاینیی خۆیان بەجێبگەیەنن؛ هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکیشدا دەڵێن "توانا و ئاسیا، بەر لەوەی لە مانگی یازدەی ساڵی 2017 سوریا جێبهێڵن، ئەو دوو کچە ئێزدییەیان داوەتە دەست ئەندامانی تری دەوڵەتی ئیسلامی."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەی نوێنەرانی دادپارێزانی فێدراڵی ئەڵمانیادا هاتووە "ئەو ڕەفتارانە لە خزمەت ئامانجی ڕێکخراوی داعشدا بووە بۆ لەناوبردنی ئاینی ئێزدی."
دادپارێزان لە ئەڵمانیا، پشتیان بەستووە بە یاسا جیهانییەکانی دەسەڵاتدانی دادوەریی کە ڕێگەیان پێدەدات بڕواننە ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان هەن بە تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی جا لە هەرچ شوێنێکی جیهاندا ڕوویدابن و دەشتوانن بیدەنە دادگا.

لە ساڵی 2021دا دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری زیندانیکردنی هەتا هەتایی داوە بەسەر ئەندامێکی پێشووی داعشدا لەسەر بنچینەی تاوانەکانی دەست هەبوون لە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا. دوای 2 ساڵیش لەو بڕیارە یاسادانەرانی ئەڵمانیا بەرنوسێکیان پەسەند کرد و ئەو تاوانانەی لە ساڵی 2014دا چەکدارەکانی داعش کردبوویان دژ بە ئێزدییەکان، بە ژینۆساید ناسێنران.
داعش بە هەزاران کەسی ئێزدی کوشت و زیاتر لە 7 هەزار ژن و کچی ئێزدی ڕفاند و زۆربەی ئێزدییەکانیش کە ژمارەیان نزیکەی 550 هەزار کەس دەبێت لە زیدی خۆیان ئاوارەبوون.

سەرچاوە:ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG