Accessibility links

سەرۆک بایدن ڕێبازی نەتانیاهۆ لە شەڕی دژ بە حەماسدا بە 'هەڵە' ناودەبات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە پەخشکرا ڕایگەیاند؛ هاوڕا نییە لەگەڵ ڕێبازی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە شەڕی ئیسرائیل دژی گروپی چەکداری حەماس، هەروەها ئیسرائیل پێویستە بانگەشەی ڕاگرتنی شەڕ بکات بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.

تۆڕی Univision کە بە زمانی ئیسپانی پەخش دەکات لە 3ی مانگی 4 دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بایدندا ئەنجامداوە، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ لە هێرشەکەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کارمەندی گروپی فریاگوزاری World Central Kitchen لە غەززە.

بایدن دەڵێت هیچ بیانوویەک نییە بۆ دابین نەکردنی خۆراک و یارمەتی پزیشکی بۆ خەڵکی غەززە و ئەو هەوڵانە "پێویستە لە ئێستاوە ئەنجامبدرێن".

بایدن وتی دەشڵێت "ئەوەی من داوای دەکەم ئەوەیە کە ئیسرائیلییەکان تەنها داوای ئاگربەست بکەن، ڕێگە بدەن بۆ شەش هەفتەی داهاتوو، یان هەشت هەفتەی داهاتوو دەستڕاگەیشتن بە سەرجەم خۆراک و دەرمانەکان کە دەچنە ناو وڵاتەکەوە فەراهەم بکەن." ئاماژەی بەوەشکردووە؛ لەگەڵ هەموو کەسێک قسەم کردووە لە سعودییەکانەوە تا ئوردنییەکان تا میسرییەکان؛ ئەوان ئامادەن بڕۆنە ناو غەزەوە، ئامادەن ئەم خواردنانە بگوازنەوە بۆ خەڵک."

کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بایدن هەمان قسەی کردووە کاتێک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ دابووە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە دۆخی مرۆیی غەززە "جێی قبووڵکردن نییە".

هاوکات ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل قبوڵ بکات کە شەڕ لە غەززە بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕابگرێت. هەروەها بەپێی ئەم پێشنیازە وابڕایارە بەشێک لەو 100 بارمتانە ئازاد بکرێن کە لەلایەن ئەو گروپە بە بارمتە گیراون کە ئەمەریکا وەک گروپێکی تیرۆریست ناودێری کردوون، ئازادکردنی بارمتەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان فەلەستینییە کە لە لایەن ئیسرائیلەوە زیندانی کراون.

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پێشنیارێکی "زۆر ڕژد" لە قاهیرە پێشکەش بە حەماس کراوە و "پێویستە قبوڵ بکرێت".

بلینکن وتیشی "تۆپەکە لە یاریگای حەماسدایە. جیهان چاودێری دەکات تا بزانێت چی دەکات."

بلینکن دەشڵێت "ئەوەی کە حەماس هێشتا بەو مەرجانە ڕازی نەبووە، "ڕاوبۆچوونی خۆی ڕووندەکاتەوە لەسەر خەڵکی غەززە، ئەمەش داوایەکی زۆر نیە."

حەماس ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەو پێشنیازە نەبووەتە مایەی فەراهەمکردنی داواکارییەکانی، بەڵام ڕەچاوی دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگری لە فرۆشتنی چەک لەلایەن کۆمپانیاکانی بەریتانیاوە بە ئیسرائیل ناکات.

کامیرۆن لە واشنتن وتیشی "دوایین هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە مۆڵەتی هەناردەکردن وەک خۆی دەمێنێتەوە."

هەروەها وتیشی " با ڕوونتر قسەبکەم؛ هێشتا ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە پرسی گەیاندن و دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان لە غەززە".

دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە حەوتی مانگی دەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بووە هۆی بارمتە گرتنی نزیکەی 250 کەس، ئیسرائیل شەڕی دژی حەماس ڕاگەیاند. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە زیاتر لە 33 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.

بلینکن دەشڵێت شەڕەکە چەند مانگێک لەمەوبەر کۆتایی پێدەهات ئەگەر حەماس "چەکی دابنایە و دەستبەرداری ئەوە بوایە کە ئیتر لە پشت ئەو خەڵکە مەدەنیەوە خۆی ناشارێتەوە و خۆی ڕادەست بکردبایە."

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد " بایدن زۆر ڕوون بووە سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان، نیگەرانییە قووڵەکانمان سەبارەت بە توانای ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی بۆ دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ و چاودێریکردنیان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح لە باشوور."

بلینکن گوتیشی پێموانیە هیچ شتێک بەم نزیکانە لە ڕەفەح رووبدات و باوەڕناکات پێش ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە هیچ شتێک ڕووبدات.

ئەمەریکا دژی هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ئیسرائیلە بۆ سەر ڕەفەح، بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن ئیسرائیلییەکان وادەی هێرشکردنیان لەگەڵ واشنتن هاوبەشی پێنەکردووە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند؛ وادەیەکی ئاشکرانەکراو دیاریکراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفەح لە سنووری غەززە و میسر، ناوچەیەکە کە زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی وەک پەناگەیەک تیایدا دەژین وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانیان لە شەڕەکە. ناتانیاهۆ دەڵێت ئەم هێرشەی ئیسرائیل پێویستە بۆ سەرکەوتن لە شەڕەکەی دژی حەماس دا.

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ پێدەچێت برسێتی کوشندە لە غەززە توندوتیژی خێراتر بکات و ململانێ و شەڕێکی درێژخایەن مسۆگەر بکات. ئەمەریکا بەردەوام فشاری خسووەتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی زیاتر ڕێگە بە یارمەتی مرۆییەکان بدات بۆ ناو غەززە بۆ ئەوەی خۆراک ڕەوانەی ئەو فەلەستینیانە بکەن کە زیاد لە ڕادە پێویستیان بە هاوکارییە مرۆییەکانە.

ئۆستن دەشڵێت ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت کاریگەریی بەردەوام دروست بکات، ئەوا دەبێت چارەسەری پێداویستییە مرۆییەکانی گەلی فەلەستین بکات و نەوەک بە شێوەیەکی پەراوێزخراو مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

هەندێک لە ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی پێیانوایە ئیسرائیل بە هێرشی بێ جیاوازی بۆ سەر فەلەستینییەکان لە غەززە جینۆساید ئەنجام دەدات و لە کاتێکدا چەکدارانی حەماس دەکاتە ئامانج و بەدوایاندا دەگڕێت گرنگی نادات بە سەلامەتی خەڵکی مەدەنی.

بەڵام ئۆستن ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وتی "هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر ئەو بابەتە لەبەردەستدا نییە".

سەرچاوەکان: ڕۆیتەرز، ئەسۆشێتد پرێس و فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG