Accessibility links

عەدنان موفتی بۆ VOA: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون و جانبی سیاسییان هەیە


سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا تیشک دەخاتە سەر دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ڕەخنە لە پەرتەوازەیی لایەنی کوردی، بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵیش بە "نا دەستوری" ناودەبات.

عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عیراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردۆتە خاوەنیان ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە. دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە."

وتیشی، "دوو ماددەی گرنگ هەن لە دەستوردا کە یەکێکیان پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمەوە هەیە کە دەنگی بۆ دراوە؛ ماددەکە دەڵیت قەوارەی هەرێم پارێزراوە بە هەموو یاساکانیەوە؛ واتە پێش دەنگدان بە دەستور ئەمە جێگیرکراوە. بەڵام بە نموونە لابردنی کورسی پێکهاتەکان کە بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتی دەنگیان لەسەر داوە؛ لابردنیان بە بڕیاری دادگا پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە. پرسیار لەوەدایە کە کورسی کۆتاکان هەڵوەشایەوە، بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە بەغداد ە لە موسڵ هەڵنەوەشایەوە؟ لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە جانبی سیاسی هەیە."

دادگای فیدڕاڵی عێراق دەڵێت دوور لە هیچ مەبەستێکی سیاسی و لە چوارچێوەی دەستوردا بڕیارەکانی دەدات.

کۆبوونەوەیەکی دادگای فیدڕاڵی عێراق
کۆبوونەوەیەکی دادگای فیدڕاڵی عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق جاسم محەممەد عەبوود لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جێنین پلاسخارت ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان "مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەیە بەپێی بڕگەکانی دەستوور، جگە لەو تایبەتمەندییانەی کە تایبەتن بە دەستەڵاتە فیدراڵییەکان."

سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی بە "نا دەستوری" ناو دەبات، دەشڵێت هۆکاری ئەو ئاڵەنگارییانەی سەر قەوارەی هەرێم پەرتەوازەیی ناوخۆیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو سیاسەتی هەرێم بە "دوو ئیدارەیی" ناودەبات و و لایەنەکانیش تۆمەتبار دەکات بە زاڵبوونی "فەرهەنگی براکوژی" بەسەریان.

سەرۆکی پێشووی پەرلەمان دەڵێت،" ئەگەر یەکڕیزی هەبوایە نەدەگەشتینە ئەمڕۆ. تا ئێستا دوو ئیدارەیی یەکی نەگرتۆتەوە، کە ناعەدالەتی و گەندەڵی و هەموو قەیرانەکان بە هۆی ئەمەوە دروست بوون. هەموو هۆکارەکان ئەوە بوون نەمانتوانی زاڵبین بەسەر ناکۆکیەکاندا. فەرهەنگی شەڕی ناوخۆ بووە هۆی ئەوەی هەرکەس فەرهەنگی خۆی هەبێت و بە خیتابی جیا بچنە بەغداد، ئەمەش زەرەری گەیاندە هەرێم."

وتیشی، "دەبێت یەکڕیزبین و بە یەک سیاسەتەوە مامەڵە لەگەڵ عیراق و وڵاتیانی دراوسێش بکرێت. لە هەموو ئەو ساڵانەی گوتاری هاوبەشمان هەبووە، هەرێم باش بەڕێوەچووە وە خەڵکیش ڕازی بووە و دەستکەوتی گەورەش بۆ گەلەکەمان بەدەست هاتوون، لە پێش هەمووشیانەوە جێگیرکردنی مافەکانی کوردە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

دوێنێ شەممە، 6-4-2024، ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بەجیا سەردانی بەغدایان کرد و تا ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت لە بەغدا لە بەرواری 6-4-2024.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەندامانی هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت لە بەغدا لە بەرواری 6-4-2024.

نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق لەسەر پرسی هەڵبژاردنی مانگی شەش بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "هیوادارین سەرجەم هێزە سیاسییەکان پێکەوە بگەنە قەناعەت و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕۆژی 21-2-2024 بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی، هێندەی تر ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵکردۆتەوە بەو پێیەی بڕیارەکەی دادگا لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی بوو.

مەسعود بارزانی بڕیارەکەی بە نادەستوری و بۆ "کوشتنی پارتی" ناوبرد. هەروەها مەکتەبی سیاسی پارتی ڕۆژی 18-3-2024 ڕایگەیاند بەژداری لە هەڵبژارنی مانگی شەش نەکات لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و هەڕەشەی کشانەوەشی کرد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

یەکێتی لە بەرامبەردا تا ئێستا سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بەو شێوەیەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دیاریکردووە.

بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لە کاتی کۆبوونەوەی لە بەغدا لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، باسی کێشەی دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کردووە و وتویەتی، "ھەر لەسەرەتاوە ھەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە ھەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت."

سەرۆکی یەکێتی سووربوونی حزبەکەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 10ی مانگی شەشدا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، "ڕێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی ھەموولایەک بێت."

کۆتایی مانگی داهاتوو ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بەرواری 30-5-2023 کە تێیدا درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوریی دانا.

هەرچەندە وا بڕیارە لە 10-6-2024 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بایکۆتکردنی پارتی دیسان هەڵبژاردنی خستۆتە بەردەم ئەگەری دواکەوتن.

عەدنان موفتی لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئومێد دەکەم هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتیش بەشدار بێت. چەندجارێک دواکەوتنی خراپە بۆشاییەکی تەواو هەیە لە دەسەڵاتی یاسادانان. ئەگەر پارتیش بەشدار نەبێت و بایکۆت بکات زەرەرێکی تر دەگەیەنێت و کەمووکوڕی تێدا دەبێت. لە ڕووی کرداریشەوە نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بە بێ پارتی. بە ڕیکەوتن بێت باشترە لەوەی بچینە کێشەیەکەوە کە نازانین دەرەنجامەکەی چی دەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:46 0:00

XS
SM
MD
LG