Accessibility links

سزای زیندانیکردنی حەوت کوردی خەڵکی شنۆ جێبەجێ دەکرێت


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند حەوت کوردی دانیشتووی شاری شنۆ، لەوانە نەوجەوانێکی تەمەن 17 ساڵ لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، سزاکەیان جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای ئینقلابی شاری شنۆ لە لە مانگی سێی ئەمساڵدا ئەو کەسانەی بە " هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران " تۆمەتبار کردووە و سزای زیندانیکردنی بەسەریاندا سەپاندووە.

هیوا شەریفی تەمەن 17 ساڵ سزای 3 مانگ زیندانیکردن، شوانە و شەفیع بابەکری هەر یەک سزای 6 مانگ زیندانیکردن و ساڵح سەخاوەت، شاهین ئیبراهیمی، شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بەنگینی هەر یەک سزای سێ مانگیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو ناوی ئەو حەوت کەسەی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە هیوا شەریفی تەمەن 17 ساڵ، شاهین ئیبراهیمی، ساڵح سەخاوەت، سۆران بەنگینی، شەهرام ئیبراهیمی و دوو برا بە ناوەکانی شوانە و شەفیع بابەکەری.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو باوکی شوان و شەفیع بە ناوی ڕەشید بابەکەری لە ساڵی 1993 بە تۆمەتی " ئەندامێتی لە حزبی دێموکراتی ئێران " لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دراوە.

دوابەدوای داواکاری دەیان ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ئەرکی جاوید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێران و هەروەها ئەرکی لێژنەی نێودەوڵەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێرانی بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژکردەوە.

ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتە ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەمەریکا و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ساڵانە بڵاو دەکرێنەوە باس لە بەردەوامیی سەرکوتی بەربڵاو لە ئێران لە بوارە جیاجیاکاندا دەکەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم هەفتەیەدا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2023دا لانیکەم 82 کوردیان لە پارێزگا کوردنشینەکان لەسێدارەداوە کە لەو 82 کەسە، 47 کەس بە تاوانی کوشتن، 26 کەس بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان،7 کەس بە تۆمەتی " گەندەڵی لەسەر زەوی " (افساد فی الارض)،30 کەس بە تاوانی " هەڵگرتنی چەک دژی حکومەت " (بەغی) و کەسێکیش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کرابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ساڵی 2023 دا، 853 کەسی لە ئاستی تەواوی ئێران لە سێدارە داوە و رێژەی لەسێدارەدانەکان بە بەراورد بە ساڵی 2022، 48% زیادیکردووە.

XS
SM
MD
LG