Accessibility links

ئاماژە نیگەرانکەرەکان باس لە گەشەکردن و بەهێزبوونی داعش لە سوریا دەکەن


واپێدەچێت گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) هیدی هێدی خەریکە پێگەی خۆی لە سوریادا بەدەستدەهێنێتەوە و هێرشی نوێ و بوێرانەی دژی هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەستپێبکاتەوە.

داتاکانی بەمداییە بڵاوکراوی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، ژمارەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق بە نزیکەی 2500 چەکدار دادەنێت کە زیاتر لە دوو هێندە مەزەندەکانی کۆتایی مانگی یەکە. هاوکات زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی نوێ نیگەرانییەکە زیاتر دەکات.

پرۆژەی قازانج نەویستی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی (CEP) لە ڕاپۆرتێکدا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاویکردەوە، بەلانیکەم 69 هێرشی پشتڕاستکراوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشی لە مانگی ڕابردوودا لە ناوەڕاستی سوریا تۆمار کردووە.

هێرشەکان بوونە مایەی کوژرانی بەلانیکەم 84 سەرباز و 44 هاوڵاتی مەدەنی و کۆی گشتی ئۆپەراسیۆنە پشتڕاستکراوەکانی داعش بۆ هەموو ساڵی 2024 زیاتر لە دوو هێندە زیادی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی پرۆژەی قازانج نەویستی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی (CEP) ، "مانگی سێ بە هەموو پێوەرێک، توندوتیژترین مانگی یاخیبوونی داعش بووە لە بادیە (بیابانی ناوەڕاستی سوریا) لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017ەوە، کاتێک گروپەکە بۆ یەکەمجار کۆنترۆڵی ناوچەکەی لەدەستدا".

لە ڕاپۆرتێکی جیادا ئەوەی ئەم هەفتەیە لەلایەن ناوەندی زانیاری ڕۆژئاوای لایەنگری کوردەوە بڵاوکرایەوە، دەرکەوتووە کە داعش درێژەی بە رەوتێکی بەرزی هێرشەکان داوە لە بەشێک لە سوریادا، ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵیان دەکات و لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن.

کاربەدەستانی باڵی سیاسیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا بە دەنگی ئەمەریکایان وتبوو کە چالاکییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە "بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە" چ لەو ناوچانەی کە هێزە گەڕۆکەکانی سوریای دیموکرات تێیدا لە جوڵەدان و چ لەو ناوچانەی کە ڕژێمی ئەسەد سەرپەرشتییان دەکات.

هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری ئەوەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆکراوەتەوە و لە مانگی یەکدا بڵاوکرایەوە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی وڵاتانی ئەندام، بە هەمان شێوە هۆشداری داوە کە داعش بۆ ئەگەرێکی سەرهەڵدانەوەی ئامادەیە.

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە پێدەچێت دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا لە نێوان 3 بۆ 5 هەزار چەکداری لە سەرانسەری سوریا و عێراقدا هەبێت و دەشڵێت بیابانی ناوەڕاستی سوریا بووەتە ناوەندێکی لۆجستی و هەڵمەتەکان کە 500 بۆ 600 چەکداری تێدایە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمەریکایی گومانیان لە سروشتی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا دەربڕیوە.

سەرەڕای ئەم جۆرە جیاوازییانە ، زۆرێک لە بەرپرسانی دژە تیرۆر و شیکارانی سەربەخۆ هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا نزیک نیە لەوەی کە خۆی دووپاتبکاتەوە بەوجۆرەی کە لە سەردەمی گەشەسەندنی گروپە تیرۆریستییەکە شەش بۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر بچێت، کاتێک بەشێکی زۆری سوریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو.

هاوبەشی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کوردەکان، نەک هەر تەنها بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەڵکو بەرپرسیاریش بووە لە سەرپەرشتیکردنی زنجیرەیەک زیندان کە نزیکەی 9 هەزار چەکداری پێشووی داعشیان تێدایە و هەروەها سەرپەرشتیکردنی کەمپی ئاوارەکان وەک کەمپی ئەلهۆل کە تا ئێستاش شوێنی دەیان هەزار ژن و منداڵی داعشە.

لەنووسینی جێف سێڵدین- پەیامنێری ئاسایشی نیشتمانی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG