Accessibility links

بەرپرسێکی سۆسیالیست: عەبدوڵای حاجی مەحمود لای ئێرانییەکان کاکە حەمەی بە "خەڵەفاو" ناوبردووە بۆیە کێشەکان تەقینەوە


ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێرانییەکان زانیارییان داوەتە محەمەدی حاجی مەحمود کە عەبدوڵای برای داوای پشتگیری لێکردوون بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ئەمەش بەتەواوەتی محەمەدی حاجی مەحمودی توڕە کردووە و بووەتە هۆی "تەقینەوەی" کێشەکان لە نێوانیان.

ئەندام سەرکردایەتییەکەی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، "ئێرانییەکان سەردانی کاکە حەمەیان کرد، گوتیان عەبدوڵا هاتووەتە لامان و داوای پشتگیری لێکردووین، وتوویەتی کاکە حەمەی برام خەڵەفاوە و توانای بەڕێوەبردنی حزبی نەماوە، دەبێت ئەو لاببرێت و وەکو سیمبول بمێنێتەوە و حزب لای من بێت."

محەمەدی حاجی مەحمود
محەمەدی حاجی مەحمود

دەشڵێت، "هێشتا عەبدوڵای حاجی مەحمود لە ئێران بوو، ئێرانییەکان ئەم مەسەلەیان گەیاندە کاکە حەمە و ئەمەش تەواو توڕەیکرد، بەڵام عەبدوڵا ڕەتیکردەوە شتی وای وتبێت."

جگە لەو ئەندامەی سەرکردایەتی حزبەکە، چەند کەسێکی تری ئاگادار لە کێشەکان هەبوونی ئەو تۆمەتەیان دژی عەبدوڵای حاجی مەحمود پشتڕاستکردەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

عەبدوڵا حاجی مەحمود
عەبدوڵا حاجی مەحمود

ڕۆژی 28-11-2023، عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی وەزارەتەکەیدا سەردانی ئێرانی کرد.

سەرۆک عەشیرەتی هاروونی، کە بە هەمان شێوەی سەرۆکی حزبی سۆسیالیست ناوی محەمەدی حاجی مەحمودە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی نێوندگیری لە نێوان هەردوو براکە داوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێرانییەکان بە کاکە حەمەیان وتووە عەبدوڵا چووەتە ئێران و ئەو قسەیەی کردووە، کاکە حەمە مەسەلەکەی بۆ باسکردم، بەڵام شتی تر لە نێوانیاندا هەیە و دۆخەکە گەیشتە ئاستی کوژرانی ئەو گەنجە."

ئەو وتیشی،"زۆر شت هەیە کە وایکردووە کاکە حەمە و عەبدوڵا توڕەبن لەیەک، بەڵام سەرۆک حزبەکان تا پەکیان دەکەوێت واز ناهێنن. کاکە حەمە هێشتا گەنجە، عەبدوڵاش ئەو قسەیکردووە ناحەقی کردووە، ئێستاش ئەوان برای یەکترین و ئیشەڵا ڕێکدەکەون."

ڕۆژی 18-2-2024، کێشەی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای زیاتر پەرەیسەند، دوای ئەوەی لە گوندی گوڵەخانە بارگرژی لەنێوانیان ڕوویدا بەهۆی ناكۆكی نێوان هەردوولا لە دانانی سەرۆكی یانەی وەرزشی بەختیاری، كە بەرپرسەكەی كەسێكی نزیكە لە عەبدوڵای حاجی مەحمود و دەگوترێت محەمەد حاجی مەحمود نیازی ئەوەی هەبووە كوڕەكەی خۆی بكاتە بەرپرسی یانەكە.

لەوکاتەوە تا ئێستا گوڵەخانەی ناوچەی شارەزووری پێگەی سەرەکی حزبی سۆشیال دیموکرات بە تەواوەتی لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمودەوە کۆنترۆڵکراوە.

بارەگای محەمەدی حاجی مەحمود لە گوڵەخانە
بارەگای محەمەدی حاجی مەحمود لە گوڵەخانە

سەرکردەکەی حزبی سۆسیال دیموکرات وتی، "کاتێک کاکە حەمە ڕۆیشت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی بەختیاری و ویستی کوڕەکەی خۆی دابنێت، عەبدوڵا ژمارەیەک چەکداری نارد و ڕێگری لە هەڵبژاردنەکە کرد."

هەروەها وتیشی، "کاکە حەمە هێندەی تر توڕەبوو. وتی کەواتە عەبدوڵا چەکداری بۆ من ناردووە و هەڵبژاردنەکە نەکرا. دواتر کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی کرا و سەرۆکی یانەی بەختیاری کە نزیکبوو لە عەبدوڵاوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو هاتە کۆبوونەوەکەوە، کاکە حەمە کردییە دەرەوە، بەڵام نەڕۆیشت، ئەوەبوو پاسەوان بردیانە دەرەوە."

رەسوڵ رەئوف، ئەندامێکی تری سەرکردایەتی حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "20 ساڵە یانەی وەرزشی بەختیاری کە هی سۆسیالیستە بەناوی کەسێکەوەیە، هەوڵدرا ئەو کەسە بگۆڕدرێ بە کەسێکی تر، بەڵام ئەمە قبوڵنەکراو کێشە دروستبوو."

دەشڵێت، "ڕەنگە ململانێ ڕوویدابێت لەسەر سەرۆکی یانە وەرزشییەکە و سەرەتای گرژییەکە لەوێوە سەریهەڵدا، بۆیە ئەو ڕۆژە سەرۆکی یانە هەڵنەبژێردرا."

لە مانگی سێی ساڵی 2022، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەشاری هەولێر حەوتەم کۆنگرەی خۆی بەست، محەمەدی حاجی مەحمود بەسەرۆک و عەبدوڵای برای بەجێگرو 37 کەسیش وەکو ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردران.

سەرکردەیەکی حزبی سۆسیال دیموکرات کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ڕوونیکردەوە، نزیکبوو لە کۆنگرەی حەوتەم کێشە ڕووبدات، کاتێک ڕێبین محەمەد حاجی مەحمود ئاشکرایکرد خۆی بۆ مەکتەبی سیاسی کاندید دەکات و عەبدوڵا ڕازی نەبوو.

ئەو سەرکردەیە وتی، "دواتر کێشەکانمان چارەسەرکرد، کاک عەبدوڵا کرایە جێگری سەرۆک و ڕازیبوو ڕێبین ببێتە مەکتەبی سیاسی."

هەروەها وتیشی، "کاتێک عەبدوڵا بووە وەزیر، کاکە حەمە بانگیکرد و پێیوت، 'تۆ پێشتر پەرلەمانتار بوویت و ئێستا دەبیتە وەزیر، ئیتر مافی ئەوەت نییە دەستوەردان لە ئیشی حزب بکەیت و دەسەڵاتەکانی لێوەرگرتەوە.' عەبدوڵاش ئەمەی پێ هەزم نەکرا."

لە ڕۆژی 5ی سێی 2024، مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەدی حاجی مەحمود کۆبوویەوە، بڕیاردرا بە سڕکردنی عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی نزیک لێی.

عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، بڕیارەکانی مەکتەب سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی بە ناپەیڕەوی وەسفکرد و ڕایگەیاند، دەبوو بیر لە یەکخستن و یەکڕیزی نێو هەڤاڵانی حزب بکرایەتەوە.

سەرکردەکەی سۆسیال دیموکرات ڕاگەیاند، "کاکە حەمە ڕاگەیەنراوەکەی عەبدوڵای بە حساب بۆ نەکردنی لەقەڵەمدا، بۆیە داوایلێکرد ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکاتەوە و بڵێت پابەند دەبم بە بڕیارەکانی حزبەوە، بەڵام ئەو نەیکرد."

دەشڵێت، "دوای کێشەکەی یانەی بەختیاری کاکە حەمە کۆمەڵێک سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بانگکرد و پێیڕاگەیاندن عەبدوڵا لە حزب دەردەکات، بەڵام ڕازی کرا ئەو بڕیارە نەدات و لیژنە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ کردنی."

حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نزیکەی 1200 خانەنیشین و سەرووی هەزار پێشمەرگەی هەیە، مانگانە ئابونە لەو پێشمەرگە و خانەنیشیانە بۆ بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن و کاروبارەکانی حزب وەردەگرێت.

سەرکردەکەی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، "مانگانە وەکو ئابونە نزیکەی 40 ملیۆن دینار لە خانەنیشینان و پێشمەرگە وەرگیراوە، بەڵام پارەکە دیار نەبوو، بۆیە بڕیاردراوە ئەو لیژنەیەی سەردانی عەبدوڵا دەکات لێکۆڵینەوە لەمەش بکات."

جەختیکردەوە، "لەکۆبوونەوەی ڕۆژی 5ی مانگی سێ لیژنەکە گەڕانەوە، بڕیاردرا بە سڕکردنی عەبدوڵای حاجی مەحمود، بەڵام ئەو ڕۆیشتە کۆمیسیۆن و سکاڵای تۆمارکرد. دواتر لیژنەی پارتی سۆسیال دیموکرات سەردانی کۆمیسیۆنی کرد و بەڵگەکانی لیژنەکەی خستەڕوو، ئەوانیش دوورخستنەوەیان پەسەند کرد."

حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی 4-4-2024 کۆنگرەی نائاسایی ئەنجامدا، بەڵام سێ ڕۆژ پێش بەستنی کۆنگرە بارگرژی لەگوندی گوڵەخانە دروستبوو، بەهۆی ڕۆیشتنی کوڕێکی عەبدوڵای حاجی مەحمودە بۆ گوندەکە و ڕوودانی بارگرژی لەنێوان هەردوولا.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فەرهاد توفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی 3-4-2024 دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی ناو حزبەکە.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فەرهاد توفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی 3-4-2024 دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی ناو حزبەکە.

شەوی ڕابردوو ناکۆکییەکان گەیشتە ئاستی پێکدادان. بەوهۆیەوە پێشمەرگەیەکی سەر بە محەمەدی حاجی مەحمود گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکیش لە هەردوولا برینداربوون.

سەرکردەکەی سۆسیال دیموکرات وتی، "ڕۆژێک پێش بەستنی کۆنگرە، سلێمان قەساب کە دۆستی نزیکی مام جەلال و کاک مەسعودیشە لای محەمەدی حاجی مەحمود بوو. عەبدوڵا بەمەی زانی و تەلەفۆنی بۆ کرد، وتی بە کاکەم بڵێ سبەی بە 300 کەسەوە بەشداری کۆنگرە دەکەم."

هەروەها وتیشی،"کاکە حەمە بە قسەکانی عەبدوڵا پێکەنی بۆ بەشداری لە کۆنگرە، عەبدوڵاش وتی هەرکەسێک زیرەکە ڕێگریم لێبکات، ئەوەبوو قسە لەملاو قسە لەولا بارگرژی ڕوویدا، بەڵام عەبدوڵا زانی کۆمیسیۆن بڕیاری دوورخستنەوەی پەسەندکردووە، نەهات بۆ کرنگرە."

رەسوڵ رەئوف، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆشیال دیموکرات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عەبدوڵای حاجی مەحمود لە کەناڵەکانەوە هاتنی بۆ کۆنگرە ڕاگەیاند، نازانم تەلەفۆنی بۆ ئەو کەسە کردووە یان نە، بەڵام تا یەکی شەو لە کەناڵەکانەوە جەختی لەسەر بەشداری کۆنگرە دەکردەوە."

بەپێی وتەی سەرکردەکەی حزبی سۆسیال دیموکرات کەبەو مەرجە زانیاری دایە دەنگی ئەمەریکا ناوی ئاشکرا نەکرێت، کاتێک عەبدوڵا حاجی مەحمود لە بەشداری کردنی کۆنگرە نائومێد بووە، کوڕەکەی بەهێزێکەوە ناردووە بۆ نێو گوندی گوڵەخانە بۆ خانووەکەی خۆی.

ئەو وتی، "ئەو هێزەی لەگەڵ کوڕەکەی عەبدوڵابوو لەگەڵ هێزەکەی کاکە حەمە یەکترییان ئیستیفزاز کرد. کوڕەکەی عەبدوڵا تەقەی بەسەر ماڵەکەی کاکە حەمەدا کرد، کاکە حەمەش چەکی هەڵگرت و وتی سوکایەتیم پێکراوە."

ئەمڕۆ هەینی، 5-4-2024، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی بە نەخوازراو و تەڵە وەسفکرد و ڕایگەیاند، "بە گیان لەدەستدانی گەنجێکی جوانخاس نیگەران و داخدارن."

محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆک عەشیرەتی هارونی، کە نێوەنگیری لە نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای کردووە، دەڵێت، "زۆر هیلاکبووین بە کێشەی سۆسیالیستەوە، بەڵام دواجار پیاوێک بە ناحەق کوژرا و لەدەست ئێمە دەرچوو، کێشە لای حکومەتە."

XS
SM
MD
LG