Accessibility links

لە شەڕەکەی گوڵەخانە پاسەوانێکی محەمەدی حاجی مەحمود کوژرا و کوڕەکەی عەبدوڵا حاجی مەحمود بە "سەختی" بریندارە


سەرچاوە پزیشکییەکان بۆ دەنگی ئەمەریکایان پشتڕاستکردەوە کە لە ئەنجامی شەڕی چەکداری لە نێوان کۆمەڵێک لایەنگرانی سەرۆک و جێگری پێشووی سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە لایەنی کەمەوە کەسێک کوژراوە و سێ کەسی تر برینداربوون.

نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کوژراوەکە گەنجێکە بەناوی دابان محەمەد و لە ساڵی 1997 لەدایکبووە.

سەرچاوەی تری هەواڵی بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند ئەو کوژراوە پاسەوانی محمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە.

عەبدوڵا حاجی مەحمود، جێگری پێشووی سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم ئێوارەیە لە کاتی بەربانگ، [محەمەدی حاجی مەحمود] هێزێکی زۆری بە دۆشکە و بیکەیسی و ئاربیجی و چەکی سوکەوە بردووەتە سەر پاسەوانەکانم لە ماڵەکەم لەگەڵ کوڕەکەم، وە کوڕەکەم بریندارە."

وتیشی، "محەمەدی حاجی مەحمود بەرپرسیاری یەکەمی ئەم هەموو ڕووداوانەیە کە ڕوویانداوە."

عەبدوڵا حاجی مەحمود ڕایگەیاند برینی کوڕەکەی سەختە بەهۆی ئەوەی "داویەتی لەسەری" وتی، "داوادەکەم لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و دامودەزگا ڕەسمییەکان ئەم هێزە میلیشیایە لە سنوری شارەزوور و گوڵەخانە بگوازنەوە بۆ سنوری خۆی."

ئەو لایەنگرانی محەمەدی حاجی مەحمودی بەوە تۆمەتبارکرد کە گوایە دەستپێشخەربوونە لە ڕووداوەکە و ڕایگەیاند، "محەمەدی حاجی مەحمود خۆی ئاربیجی تەقاندووە، خۆی بە دۆشکە تەقەی کردووە."

بە گوێرەی زانیارییەکان، تەقە ئێستا وەستاوە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ تەشەنە نەکردنی ڕووداوەکان.

سامان گێڵەکی ئەفسەر لە دەستەی پاسەوانەکانی عەبدوڵا حاجی مەحمود لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەوروبەرمان گیراوە و پێشمەرگەکان دابەش بووین...پەیوەندیمان بە ئاسایشی شارەزوورەوە کردووە بە دەمانەوە بێن. نازانین کاکە حەمە چی لە ئێمە دەوێت، ئێمە لە لە خانوی کاک عەبدوڵاداین."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و کەسانی نزیک لە ئەو بێ ئەنجام بوون.

XS
SM
MD
LG