Accessibility links

بەشێک لە موسڵمانان بانگهێشتی بەربانگی کۆشکی سپییان ڕەتکردەوە، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سیاسەتی بایدن لە شەڕی غەززەدا


ڕۆژی سێشەممە کۆشکی سپی ئێوارەخوانێکی بچووکتری بەربانگ بۆ ڕێزلێنان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی موسڵمانان سازکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بەشێک لە موسڵمانە بانگهێشتکراوەکان چوونیان بۆ کۆشکی سپی ڕەتکردەوە بەهۆی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی موسڵمانان لەسەر سیاسەتی سەرۆک بایدن سەبارەت بە ململانێی ئیسرائیل و غەززە.

سەرۆک جۆو بایدن لەگەڵ سەرکردە موسڵمانەکان کۆبووەوە پێش ئەوەی ئێوارەخوانێکی بچووک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای موسڵمانان لە نێو بەڕێوەبەرایەتییەکەی و خانمی یەکەم جیل بایدن و جێگری سەرۆک کامالا هاریس و هاوسەرەکەی بەڕێوە ببات.

کارین جان-پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "سەرۆک بایدن میوانداری کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵگەی موسڵمانان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانەی کە گرنگن بۆ کۆمەڵگاکە"، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم سەرکردانە پێیان باشترە کۆبوونەوەیەکیان هەبێت نەک ئێوارەخوانێک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆشکی سپی "شێوازەکەی وا داڕشتووە کە کراوەبێت".

یەکێک لە ئامادەبووان د. تایر ئەحمەد، پزیشکی ژووری فریاکەوتن کە لانیکەم سێ هەفتەی لە غەززە بەسەر بردووە، بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، پێش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەکە دەرچووە.

ئەحمەد گوتیشی "لەبەر ڕێزگرتن لە کۆمەڵگەکەم، بەهۆی ڕێزگرتن لە هەموو ئەو کەسانەی کە ئازاریان چەشتووە و لە پرۆسەکەدا کوژراون، بە پێویستم زانی لە کۆبوونەوەکە دەرچم".

ئەحمەد، کە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تاکە فەلەستینی-ئەمەریکایی بووە لە کۆبوونەوەکەدا، وتی "وەڵامێکی زۆر نەبووە" لەلایەن بایدنەوە.

ئەحمەد بە سی ئێن ئێن-ی گوتیش "لەڕاستیدا ئەو وتی تێدەگات، ئیتر منیش ڕۆیشتم".

ئەم چالاکییەی کۆشکی سپی جیاوازییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ ڕەمەزانەکانی ڕابردوو کە بەهۆی ڕەمەزان و پێشوازی کردن لە جەژن ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان بۆ ئێوارەخوانێک لە کۆشکی سپی ئامادە بوون

ئەم چالاکییە جیاوازیەکی زۆری هەبوو لەگەڵ مانگی پێنجی ڕابردوو کە بایدن بۆنەیەکی سازکرد بەهۆی پێشوازی کردن لە جەژن و کۆتاییهاتن بە مانگی ڕەمەزان. دەیان کەس بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە قسەکانی بایدن کرد کاتێک گوتی " ئێرە ماڵی ئێوەیە."

ئەندامە موسڵمانەکانی کۆنگرێس کە بەشدارییان لەو چالاکییەدا کردبوو بریتی بوون لە ئیلهان عومەر و ڕاشیدە تلەیب کە ئەمەریکاییەکی فەلەستینییە. ئێستا هەردووکیان بەشێکن لە ڕەخنەگرە سەرەکییەکانی سیاستی بایدن لەمەڕ غەززە.

گروپێکی داکۆکیکاری موسڵمانانی ئەمەریکایی بەناوی ئیمگەیج ئەکشن، ڕایگەیاندووە، بانگهێشتنامەیەکیان بۆ خوانەکەی سێشەممە ڕەتکردووەتەوە، بە ئاماژەدان بە "بەردەوامی هاوکارییە سەربازییە بێ مەرجەکانی بایدن بۆ ئیسرائیل"، کە بە وتەی خۆیان بووەتە هۆی "کارەساتێکی مرۆیی."

زۆرێک لە موسڵمانان و چالاکوانانی دژە جەنگ نیگەرانن لە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن بۆ ئیسرائیل و هێرشە سەربازیەکەی بۆ سەر غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و قەیرانی برسێتی، لەو ناوچەیەی کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 2.3 ملیۆن کەسن.

ئەمەریکا یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، ڤیتۆی چەندین دەنگی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ داوای ئاگربەست لە غەززە کە پاش هێرشی گروپی ئیسلامی فەلەستینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی مانگی 10 دەستیپێکرد. لە کۆتایی مانگی سێشدا ئەمەریکا دەنگی لەسەر بابەتەکە نەدا.

لە هەمانکاتتدا بەڕێوەبەرایەتی بایدن چەندین جار نیگەرانی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە و زیانی گیانی خەڵکی مەدەنی دەربڕیوە. لە مانگی ڕابردوو سەرۆک بایدن هۆشداری دا بە بنیامین نەتانیاهۆ دژ بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح لە کەرتی غەززە و هەنگاوێکی لەو جۆرەی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناودێرکرد.

بە پێی ئامارەکانی ئیسرائیل لە هێرشەکەی حەوتی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل 1200 کەس کوژران. بە پێی وەزارەتی تەندرستی دەسەڵاتی ناوخۆی غەززەش لە هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 32 هەزار کەس کوژراون.

بەشێک لە موسڵمانان لە بەردەم کۆشکی سپی کۆبوونەوە و ئاڵای فەلەستینییەکانیان هەڵکردبوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG