Accessibility links

‌HRW: بێبەشکردنی بەهاییەکان لە مافە بنچینەییەکانیان لەلایەن ئێرانەوە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، گۆشەگیری کەمینە بەهاییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ەوە دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.

گرووپەکەی کە بنکەی لە نیویۆرکە دەڵێت بەهاییەکان کە گەورەترین کەمینەی غەیرە موسڵمانن لە ئێراندا، ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بوونەتەوە لەوانە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان، سنووردارکردنی هەلی خوێندن و هەلی کار و تەنانەت مافی بەخاکسپاردنی مردووەکانیان بە شکۆمەندانە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW دەڵێت "کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی سەرکوتکردنی بە بەرنامەی دەیان ساڵەی دەسەڵاتداران، زەوتکردنی بە مەبەست و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی بەهاییەکان دەگاتە ئاستی تاوانی هەراسانکردنی دژ بە مرۆڤایەتی ".

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە دەکەوێتە چوارچێوەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە یاساکە بێبەشکردنی ماف بە ئەنقەست و توندتیژی دژ بە مافە بنەڕەتییەکان بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای نژاد، ئایینی یان نەتەوەیی پێناسە دەکات.

HRW ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا سەرپێچیە توندەکانی مافەکانی مرۆڤ دژ بە بەهاییەکان"بە تێپەڕبوونی کات جیاواز بووە"، گۆشەگیریی کۆمەڵگاکە بەردەوام بووە، "کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تایبەت و گشتی بەهاییەکان هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی " ئەوپەڕی دژایەتی بەرامبەر بە لایەنگرانی باوەڕی بەهایی دەکات"و سەرکوتکردنی کەمینە لە یاسای ئێراندا چەسپاوە و سیاسەتی فەرمی حکومەتە.

مایکل پەیج، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت " دەسەڵاتدارانی ئێران بەهاییەکان لە هەموو لایەنەکانی ژیانیان لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش دەکەن، نەک بە هۆی کردەوەکانیانەوە، بەڵکو تەنیا بەهۆی بیروباوەڕی ئاینییان."

گوتیشی "زۆرکردنی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە زۆر گرنگە".

پێدەچێت ئەمە یەکەمجار بێت کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێشەنگ مامەڵەی ئێران لەگەڵ بەهاییەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناوزەند بکات.

بەهاییەکان بە پێچەوانەی کەمینەکانی دیکە بڕوای ئاینییان لە دەستووری ئێراندا دانی پێدانەنراوە، هیچ کورسییەکیان لە پەرلەماندا بۆ تەرخان نەکراوە.

تا ئێستا نازانرێت چەند ئەندامانی ئەو پێکهاته ئاینییە له ئێران ماون، بەڵام چالاکوانان پێیان وایه هێشتا ڕەنگە چەند سەد هەزارێک لەو وڵاتەدابن.

ئایینی بەهای ئایینێکی تاڕادەیەک نوێی یەکتاپەرستە و ڕەگ و ڕیشەی بڕوای دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئێران.

HRW ڕایگەیاندووە کە بەهاییەکان وەک کەمایەتییەکی ئایینی کە لە دەستووری ئێراندا دانیان پێدانەنراوە، ڕێگەیان پێنادرێت بە ئازادی نوێژ ئەنجام بدەن، تەنانەت بە تایبەتیش قەدەغەیە.

کەسایەتییە باڵاکانی کۆمەڵگا مەهوش سابت شاعیری تەمەن 71 ساڵ و فەریبا کەمالئابادی تەمەن 61ساڵ، هەردووکیان لە مانگی حەوتی 2022 دەستبەسەر کراون و سزای 10ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

پێشتر هەردووکیان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە زیندانی کرابوون.

HRW دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە "بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕێگریکردن لەو خوێندکارانەی کە خۆیان بە بەهایی دەناسێنن لە تۆماری زانکۆکاندا"، لە کاتێکدا بەهاییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە زۆربەی کارەکانی کەرتی گشتی قەدەغەکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت لە مردنیشدا "دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی دەستوەردان لە پرۆسەی بەخاکسپاردندا دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە ڕێگە بە بەهاییەکان بدەن ئازیزەکانیان لە گۆڕستانە مێژووییەکانی بەهایی بەخاک بسپێرن".

سەرچاوە: ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG