Accessibility links

بۆ یەکەمجار سعودیە بەشداری پێشبڕکێی 'شاجوانی گەردوون' دەکات


عەرەبستانی سعودیە بۆ یەکەمجارئەمساڵ بڕیارە بەشداری کێبڕکێی شاجوانی گەردوون(میس یۆنیڤێرس ) بکات. ڕومی ئەلقەحتانی، خانمە مۆدێلی تەمەن 27 ساڵ بڕیارە لەم پێشبڕکێیەدا نوێنەرایەتی سعودیە بکات.

ئەلقەحتانی لە شاری ڕیاز لەدایک بووە و بەگوێرەی ' هارپەر بازار'ی سعودیە، ئەم خانمە مۆدێلە پێشتر تاجی شاجوانی سعودیە، شاجوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاجوانی ئاشتی عەرەبی بەدەستهێناوە.

ئێستا ئەلقەحتانی بەنیازە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بکات لە یەکێک لە بەناوبانگترین پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی جوانی کە لە ساڵی 1952ەوە بەڕێوەدەچێت.

سعودیە دوای لابردنی کۆمەڵێک بەربەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتەوە لە هەوڵی بەڕێوەبردنی بەرنامەی جۆراوجۆری مۆدە و کات بەسەربردنە و دەیەوێت ناوی خۆی لەم بوارە جیهانیەدا بکاتەوە.

یەکێک لە مۆدێلە ناسراوەکانی سعودیە شەهد سەلمانە کە نازناوی وینی هارلۆی سعودییەی پێبەخشراوە و لە گۆڤارەکانی جیهانی ناوی بڵاوکراوەتەوە. ناوبراو تووشی نەخۆشی بەڵەکی(جۆرێکە لە نەخۆشی پێست) بووە.

ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی وەک لوبنان و بەحرەین بەشداری پێشبڕکێکانی "شاجوانی گەردوون"یان کردووە.

جیاوازی سەرەکی پێشبڕکێی میس یۆنیڤێرس لەگەڵ پێشبڕکێکانی "شاجوانی جیهان"(میس ورڵد) ئەوەیە کە لە پێشبڕکێیکەدا جلی مایۆ لەبەرناکەن.

هەروەها بەشی جلوبەرگی نەریتی هەیە کە بەشداربووان دەتوانن جلوبەرگی نیشتمانی خۆیان تێدا نمایش بکەن.

ساڵی 2021 سەرەڕای ناڕەزایەتیی چالاکوانانی عەرەب، پێشبڕکێی "شاجوانی گەردوون" لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو.

شاجوانی گەردوونی 2024، 73یەمین خولی ئەم پێشبڕکێیەیە کە لە مەکسیک بەڕێوەدەچێت و شاجوانی نوێی گەردوون تاجەکەی لە شینیزە ئەلۆندرا پاڵاسیۆس، خەڵکی نیکاراگوا وەردەگرێت کە ساڵی ڕابردوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG