Accessibility links

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم: حاڵەتەکانی گەندەڵی بە هۆی قەیرانی دارایی زیادیان کردووە


سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی دارایی هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی جۆرەکانی گەندەڵی جارێکی دیکە لە کوردستان بەرزببێتەوە، دەشڵێت " ئەوەی تێبینکراوە زۆریەک لە پلە تایبەت و باڵاکان کە سزا دراون سزاکەیان بۆ ڕاگیراوە، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، لە بارەی خاڵە سنوریەکانیەوە، کوردستان هێشتا زۆری ماوە ببێتە وڵاتی سەروەری یاسا."

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کاتێک لە ساڵی 2014 دۆخی ئابوری کوردستان باشبوو گەندەڵی کەمتربوو، بەتایبەت تاوانەکانی بەرتیل، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی زیادەڕۆیکردن بۆ سەر موڵکی گشتی و زەوی زار و جۆرەها گەندەڵی دیکە زیادیکردووە، لە کاتێکدا پێش قەیرانەکە کوردستان بەڕادەیەکی باش هەنگاوی نابوو بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی."

دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 29ی مانگی سێ وتووێژێکی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم بڵاوکردەوە وسەرۆکی دەستەکە بە وردی تیشکی خستە سەر تەواوی ئەو دۆسیانەی کە دەستەکەیان کاری لەسەرکردووە.

دیداری تایبەت لەگەڵ حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم
please wait

No media source currently available

0:00 0:24:46 0:00

پارتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتە و پۆستە باڵاکانی بە دەستەوەیە، بە بەردەوامی نیگەرانە لە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ خەزێنەی گەشتی، ئەوەش بە یەکێک لە گرفتەکان دەزانێت لە بەرامبەر دابیننەکردنی موچەی فەرمانبەران.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە میانەی دیدارە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتیشی " لەم کابینەیە و کابینەی پێشووتریش زۆرهەوڵداراوە و کاری باشکراوە بۆ زیاکردن و کۆکردنەوەی داهات و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی گشتی و کەمکردنەوەی خەرجیەکان، وەکو دەستە لەم کابینەیە جەختمان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی چاکسازی یەکجاری بکرێت و حکومەت بتوانێت خزمەتەکانی خۆیی بە ئەلیکترۆنی بکات و ئێستا هەنگاوی باشنراوە بەوە دەتوانێت بەرگەی قەیران بگرێت، بەڵام گرفت دەهاتە پیشەوە بەو هیوایەین هەنگاو بنریت بەو ئاراستەی بتوانێت موچەی موچەخۆران دابینبکرێت."

بەپێی ئامارێکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 897 کەیسی گەندەڵیان ئاڕاستەی دادگاکان کردووە و لە کۆی ئەو کەیسانە، 148 تاوانبار سزایان وەرگرتووە لەو ژمارەیەش 23 تاوانباریان سزاکەیان بۆ ڕاگیراوە و جێبە جێنەکراوە وپلە تایبەتەکان لەوانەن کە سزاکەیان بۆ ڕاگیراوە.

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر لە بارەی جێبەجێنەکردنی سزای پلە تایبەت و باڵاکان بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،" نەبوونی دادگای تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرفتەکان لە پێش دۆسیەکاندا، دیارە لە کەیسەکانی گەندەڵی دەیان پلەی باڵا و پلەی تایبەتی تێدایە، بەڵام تێبینمان لەسەر ئەوەبوو دادگاکان لە هەرێمی کوردستان لە یەک دوو ساڵی ڕابردوو، پەنا دەبنە بەر چەمکێک لە یاسادا پێی دەوترێت ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزادانەکە، دیارە ئەمە بۆ ئەوانە دانراوە کە یەکەمجاریانە تاوانیان ئەنجام دابێت و جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ دەکرێت."

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی هەر کەسێک یەکەمجاری بێت کە بەگەندەڵی تێوەگلابێت ئەوە دەتوانرێت سزاکەی لە زیندانیکردنەوە بۆ بکرێت بە غەرامەکردن یاخود ڕاگرتنی سزاکەی، گەر هاتوو لەماوەی سێ ساڵدا تاوانی ئەنجامدا ئەوە دوای دایدگایکردنی سزای یەکەمیشی بەسەردا جێبەجێدەکرێت.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم وتیشی،" بەداخەوە دادگاکان لە کەیسەکانی گەندەڵی لەم یەک دووساڵەدا زۆر بە بەرفراوانی پەنایان بردووەتە بەر یاساکە و سزای پلە تایبەت و باڵاکان ڕاگیراوە، ئێمە وەکو دەستە تەنها دەتوانین تانە لە بڕیارەکە بدەین و سەرووی 10 بۆ 11 بەڕێوەبەری گشتی و بڕیکاری وەزیری تێدا بووە، بۆیە وتوومانە ناکرێت ئەو سزایانەی دەدرێن ڕابگیرێن، چونکە ئەوە کاریگەری خراپی لەسەر ڕەوشی دادگاکان دەبێت."

ڕۆژی 25ی 3ی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە ئەویش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائیستا کەوتووەتە قەیرانێکی قووڵی داراییەوە.

لێرەو لەوێ زۆر باس لە ناشەفافی لە گرێبەستە نەوتیەکانی حکومەتی هەرێم دەکرێت لەگەڵ تورکیادا پێش ئەوەی نەوتی کوردستان ڕابگرێت، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە سەر گرێبەستە نەوتیەکان ڕایگەیاند،" ئەرکی دیوانی چاودێری داراییە کە وردبینی لە گرێبەستەکاندا بکات، بەڵام پێوانیە کرابێت، هەر چەند هەوڵێک هەبوو کە خول بکرێتەوە تا چۆن بتوانن کارمەندان وردبینی لە دۆسیەکاندا بکەن، بەڵام ئەو خولانەش سنورداربوون."

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەروتیشی،" با ڕاستگۆ بین کەس نیە لای ئێمە بتوانێت وردبینی لە گرێبەتسەکاندا بکات، ئەوە ئەرکی چاودێری داراییە بۆیە ئیستا دۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە کوردستان نەوتی ڕاگیراوە بەو هیوایەین کە هەم حکومەتی عێراق و هەرێم، چاودێری داراییەکانیان بتوانن وردبینی بکەن کە سکاڵایەک هاتە لامان پەنا بۆ ئەو وردبینیانە ببەین."

بە گوتەی بەرپرسانی پارتی،" لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، نەگەڕانەوەی داهات لەسنوری سلێمانی و قاچاخ لە خاڵە سنوریەکان یەکێکە لە گرفتەکانی پێش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە کورتهێنان لە بودجەدا."

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم نیگەرانی خۆیی دەبڕی لەوەی بڕیاربوو حکومەتی هەرێم هێزێک بنێرێت بۆ خاڵە سنوریەکان نەکرا ئەوەش ئەرکی سەرەکیە بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخ و گەڕانەوەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،" بە دڵنیاییەوە هەندێک سکاڵامان هەبووە لە سنوری سلێمانی و سنورەکانی تر کارمان لەسەری کردووە، ئێستا پەرلەمان نەماوە کە چاودێربێت و ئەرکێکی قورسە کە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و چاودێری دارایی ئەو گرفتە بنەبڕبکەن."

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی وت " کوردستان هێشتا زۆری ماوە ببێتە وڵاتی سەروەری یاسا، ئەو دیاردانەشی کە هەیە خاڵی لاوازە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەرکی دەوڵەتە کۆنترۆڵی بکات."

XS
SM
MD
LG