Accessibility links

یەکێک لە جمکە بەیەکەوە لکاوەکانی ئەمەریکا هاوسەرگیری کردووە


بڕیتنی و ئابی هینسڵ دووانەیەکی بەیەکەوە لکاون کە ئەندامەکانی خوار کەمەریان و ناوکیان هاوبەشە. ئێستا میدیاکانی ئەمەریکا زانیویانە کە ئابی هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ ئەفسەرێکی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا.

بڕیتنی و ئابی خەڵکی ویلایەتی مێنیسۆتای ئەمریکان و لە ساڵی 1990 وەک دووانەی "دێسەفەڵی" لە دایکبوون کە بریتییە لە حاڵەتێکی دەگمەنی بەیەکەوە لکانی کۆرپەلەی جمک لە ناو منداڵداندا.

ئەو دوانەیەی ئەم حاڵەتەیان هەیە ئەندامە سەرەکییەکانی وەکو سەر و دڵ و ئەندامانی تری سەرەوەی جەستەیان جیاوازە بەڵام ئەندامانی تری ژێر کەمەریان، وەکو ئەندامی زاوزێ و قاچیان، تەواو هاوبەشە.

لە حاڵەتی بەیەکەوە لکانی بریتنی و ئابی هینسڵ، تەنانەت سیستەمی سوڕی خوێنیشیان هاوبەشە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، و ئابی هینسڵ دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خۆشەویستەکەی بە ناوی جۆش باوڵینگ هاوسەرگیری کردووە، بەڵام هەواڵی هاوسەرگیرییەکە ئێستا بڵاوبۆتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو ئێکس، ڤیدیۆیەکی 20 چرکەیی بە فراوانی بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ئابی لەگەڵ هاوسەرەکەی سەما دەکات و یەکتر ماچدەکەن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی تودەی، هەردوو خوشکەکە لە ئێستادا مامۆستای قۆناغی پێنجی بنەڕەتین لە یەکێک لە قوتابخانەکانی مێنیسۆتا.

دوای لە دایکبوونی دووانەکە لە ساڵی 1990، یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم دایک و باوکی بڕیتنی و ئابی ئەوە بوو کە لە ڕێگەی نەشتەرگەییەوە جیابکرێنەوە. بەڵام دایک و باوکی ئەو نەشتەرگەییەیان ڕەتکردەوە بەهۆی ئەوەی پزیشکەکان وتبوویان ئەستەمە بتواندرێت ژیانی هەردووکیان ڕزگاربکرێت.

باوکی دوانەکە، مایک هێنسڵ، لە چاوپێکەوتنێکی تایم ماگەزیندا سەبارەت بە ئەنجامنەدانی نەشتەرگەرییەکە وتویەتی، "چۆن دەتواندرێت یەکێک لە نێوان هەردووکیان هەڵبژێردرێت؟"

سەرەڕای ئەو ئەندامە هاوبەشانەی نێوانیان، ئابی دەست و قاچی بەشی ڕاستی جەستەیان کۆنترۆڵ دەکات و بڕیتنیش دەست و قاچی چەپ. بەڵام دووانەکە خاوەن کەسایەتی جیاوازن.

بڕیتنی لە چاوپێکەوتنێکی دەیلی مەیڵدا وتویەتی، "‌پێویست ناکات هەموو جیهان بزانێت ئێمە کێ دەبینین و کەی چی دەکەین. بەڵام باوەڕبکەن، ئێمە دوو کەسی تەواو لە یەکتر جیاوازین."

لە دوای هاوسەرگیرییەکەی ئابی لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا، یەکێک لە باسە گەرمەکانی میدیای ئەمەریکا ئەوەیە ئاخۆ ئەم دوو هاوسەرە دەیانەوێت ببنە خاوەنی منداڵ. پێشتر هەردوو خوشکەکە لە دۆکیومێنتارییەکدا خواستی خۆیان بۆ بوون بە دایک دەربڕیوە.

لە کاتێکدا ئابی و هاوسەرەکەی چونەتە قەفەسی زێڕین و ژیانێکی نوێیان پێکهێناوە، ڕوون نییە ئاخۆ بڕیتنی لە داهاتوودا بە هەمان شێوەی ئابی ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت بە ئامانجی دروستکرنی خێزانی خۆی.

XS
SM
MD
LG