Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەری ڕاستەقینەی برسێتی لە هەندێک ناوچەی غەززە لە ئارادایە


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت برسێتی هەم مەترسییە و هەم "ئەگەری زۆرە" لانیکەم لە هەندێک ناوچەی باکووری غەززەدا ڕووبدات، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە کەمی بارهەڵگرەکان بەربەستێکی سەرەکییە بۆ یارمەتیدانی زیاتری مرۆیی بۆ ئەو ناوچە چڕ و پڕ دانیشتووانەی کە لە ژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە.

ئەو بەرپرسە ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکرد "لەکاتێکدا دەتوانین بە متمانەوە بڵێین، کە برسێتی مەترسییەکی بەرچاوە لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست، بەڵام لە ئێستادا نییە، بەڵام مەترسی برسێتی لە باکوور هەیە و لەوانەیە لە ئێستاوە لە هەندێک ناوچەدا ڕووبدات. هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆر گرنگە بە خێرایی بڕێکی زۆر لە خۆراک و پێداویستییەکان بگوازرێتەوە بۆ باکوور."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی پێویستە کاڵا، خۆراک بە قەبارەی زۆر بگوازینەوە بۆ باکوور.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، باکوری غەززە لە مەترسییەکی دەستبەجێی برسێتیدایە و ڕەنگە لە نێوان مانگی سێ و چواری ساڵی 2024 بە فەرمی برسێتی لەو ناوچەیە ڕووبدات. ئەم هەلومەرجە دوای چەند مانگێک لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە کە پاش هێرشەکانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، سەریان هەڵداوە.

XS
SM
MD
LG