Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: ئامانجی بەڕێوەبەرایەتی بایدن قەدەغەکردنی تیک تۆک نییە


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هیچ نیازێکی نییە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی کورتە ڤیدیۆی تیک تۆک (TikTok) کە ئەپڵیکەیشنی بەناوبانگی کۆمپانیای بایتدانسی (ByteDance) چینییە.

هێرس ڕۆژی یەکشەممە بە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ئەی بی سی ڕاگەیاند قەدەغەکردن بە هیچ شێوەیەک ئامانج و مەبەستی ئەم گفتوگۆیە نییە.

هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی داوای لە ئەنجومەنی سینات کرد بەپەلە پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکەن کە کۆمپانیای بایتدانس ناچار دەکات لە ماوەی شەش مانگدا تیک تۆک بفرۆشێت بەهۆی نیگەرانییەکان لە مەڕ تایبەتمەندی و ئاسایشی نیشتمانییەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی قەدەغەکردن دەبێتەوە.

کاربەدەستان و یاسادانەرانی ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی حکومەتی چین بتوانێت دەستی بگات بە زانیاری بەکارهێنەرانی ئەمەریکا لەسەر پلاتفۆرمەکە، کە لەوانەیە بەکاربهێنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کارنامەیەکی سەر بە چین.

بایتدانس نکۆڵی دەکات لەوەی ئەو جۆرە زانیاریە تایبەتانە بە حکومەتی چین بدات، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە لە مەترسی لەسەربێت.

پڕۆژە یاساکە لە 13ی مانگی سێدا لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرا بە پشتیوانی زۆرینەی هەر دوو پارتی کۆماری و دیموکرات، بەڵام هێشتا لە ئەنجومەنی سیناتدا بەرەوپێش نەچووە.

چین بە توندی دژی فرۆشتنی تیک تۆک بوو.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس کۆمپانیای تیک تۆک داوای لە بەکارهێنەرانی ئەمەریکی کردووە پەیوەندی بە نوێنەرەکانیانەوە بکەن و پێیان بڵێن پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە نەکەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەدان پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ هەندێک لە سیناتۆرەکان بکرێت، لەوانە چەند هەڕەشەیەکی کوشتن.

سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئاسایش و تایبەتمەندی، زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان هێشتا بە پەرۆشەوەن بۆ ئاپەکە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، تیک تۆک نزیکەی 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە ئەمەریکا، هەرچەندە ڕێژەی گەشەکردنی لەنێو گەنجاندا لە ساڵی ڕابردوودا کەمیکردووە. بە ئاماژە بە کۆمپانیای شیکردنەوەی Data.ai، گۆڤارەکە ڕایگەیاند تێکڕای بەکارهێنەرانی مانگانە لە نێوان 18 بۆ 24 دا نزیکەی 9٪ کەمیکردووە لە 2022 بۆ 2023. بەڵام ڕاپۆرتەکە دەڵێت کەمبوونەوەی ژمارەی بەکارهێنەران لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە گەنجان زۆر سەرقاڵن دوای پەتای کۆڤید-19 کاتێک ژمارەی بەکارهێنەرانی تیک تۆک بەرزبوونەوە، نەک پەیوەندی بە نیگەرانییەکانەوە هەبێت کە حکومەتی چین لەوانەیە چی دەستبکەوێت.

ڕۆژنامەی فاینانشال تایمز لەم مانگەدا ڕایگەیاند کە تیک تۆک لە ساڵی ڕابردوودا داهاتێکی تۆمارکراوی 16 ملیار دۆلاری لە ئەمەریکا بەدەستهێناوە، و بایتدانس لەوانەیە بەمزووانە لە فرۆشی جیهانیدا پێش کۆمپانیای سەرچاوەی بنەڕەتی فەیسبووک و ئینستاگرام، مێتا بکەوێت، هەرچەندە زۆربەی داهاتی بایتدانس لە چینەوە دێت.

جەیمس لویس جێگری سەرۆکی بەرنامەی تەکنەلۆژیای ستراتیژی لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەگەر تیک تۆک دابخەێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە کورتە ڤیدیۆکانی تری وەک ئینستاگرام سوودمەند دەبن. بەڵام وتی زۆربەی بەکارهێنەرانی تیک تۆکی ئەمریکی بە خێرایی ئەو گۆڕانکارییە ناگرنەبەر.

ئەو وتی"خەڵک تیک تۆک لەبەر هۆکارێک بەکاردەهێنن ئەوان ناگۆڕدرێن ، بۆیە پێم وایە ئەوە بیرکردنەوەیەکی ئاواتەخوازە کە بڵێم ئەگەر تیک تۆک دابخەیت، هەموو کەسێک بۆ پلاتفۆرمێکی تر دەگوازرێتەوە."

ژمارەیەک لە حکومەت و دامەزراوەکان لە ساڵی 2022 ەوە تیک تۆکیان لە ئامێرەکانی کارمەندان و بەڵێندەران قەدەغە کردووە بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاسایش، لەوانە ئوسترالیا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەوروپا، نیوزلەندا، تایوان و ئەمەریکا.

هیندستان لە ساڵی 2020 ەوە تیک تۆک و چەند ئاپێکی دیکەی چینی قەدەغە کردووە، ئەمەش دوای پێکدادانێکی کوشندەی سنووری لەگەڵ هێزەکانی چیندا.

لە ساڵی 2020 دا، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک و ئاپی نامەگۆڕی چینی وی چات WeChat لە ئەمەریکا، هەروەها داوای لە بایتدانس کرد کە تیک تۆک بفرۆسێت و یان ڕایبگرێت.

فەرمانەکانی دادگا ئەو هەنگاوەیان ڕاگرت و سەرۆک جۆو بایدن بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و بە لێکۆڵینەوەیەکی نوێ گۆڕی.

بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن پشتیوانی لە پڕۆژە یاسایەک دەکات بۆ ئەوەی تیک تۆک نەمێنێت یان ڕووبەڕووی قەدەغەکردن ببێتەوە، لە کاتێکدا پێدەچێت لەم مانگەدا سەرۆک ترەمپ لە ئامانجی پێشووی خۆی بۆ قەدەغەکردنی ئاپەکە پەشیمان بۆبێتەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNBC ڕایگەیاند پێی وایە تیک تۆک هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام قەدەغەکردنی یارمەتی فەیسبووک دەدات، کە هێرشی کردۆتە سەری لەوەتەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا شکستی هێناوە.

XS
SM
MD
LG