Accessibility links

چیرۆکی هەندێک لەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکراوە


وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، فریودان و تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی کەسانی بە تەمەن و ناشارەزا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، بە جۆرێک گرتەی ڤیدیۆیی خەڵکێکی زۆر تۆمارکراوە و لە ترسی ئابڕووچوون سکاڵاش تۆمار ناکەن.

عەقید عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گروپ و باندیان تێدایە، خەڵکی بەتەمەن و ناشارەزا فریو دەدەن و دواتر گرتەی ڤیدیۆیی سێکسییان تۆمار دەکەن، پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانیان لێدەکەن و بەزۆر پارەیان لێدەسێنن."

دەشڵێت، "لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 12 حاڵەتی سکاڵا تۆمار کردن هەبووە لەلایەن ئەو کەسانەی گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکراوە، بەڵام ژمارەکە زۆرە و قوربانییەکان لە ترسی ئابڕووچوون سکاڵا تۆمارناکەن، بەو پێیەی بەشێکیان خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و خەڵکانی دیارن."

دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری وردی ئەو کەسانەیان لا نییە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودراون و گرتەی ڤیدیۆیی سێکسییان تۆمارکراوە، بەو پێیەی ئەو کەسانەی فریودراون لە ترسی ئابڕوو چوون نهێنییەکانیان دەشارنەوە.

داواکردنی پارە

عەلی قەدوری دەڵێت، "ئەو کەسانەی فریودراون باندەکان بە جارێک و دووجار پارە لێوەرگرتن وازیانلێناهێنن، بۆیە داوا لە قوربانییەکان دەکەین پارە نەدەن و سکاڵا تۆمار بکەن."

باندە فریودەرەکان ئەکاونتی ساختە بەکار دەهێنن و خۆیان بە کچ و ژن دەناسێنن، تا ئەوکاتەی گرتەی ڤیدیۆیی کەسەکان تۆمار دەکەن، دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەکانیان لێدەکەن گەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکەن.

تەحسین گەرمیانی، یەکێک لەو کەسانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودراوە، ڕووداوەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوەو دەڵێت، "لە ڕێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندیم پێوەکرا و وەڵامم دایەوە، دواتر باندەکە ژنێکیان هێنایە سەر هێڵ و بێ ئەوەی هیچ شتێک بکەم گرتەی ڤیدیۆیی ڕوومەتیان گرتم. دواتر لە ڕێگەی ئەکاونتێکی تری فەیسبوکەوە نامەم بۆ نێردراو داوای پێنج هەزار دۆلارم لێکرا."

بەپێی وتەی تەحسین گەرمیانی، ئەو باندەی گرتەی ڤیدیۆییان گرتووە بەردەوام پەیوەندییان پێوەکردووە و هەڕەشەیان لێکردووە، گەر پارەکەیان لە ڕێگەی نوسینگەوە بۆ حەواڵەی تورکیا نەکات.

تەحسین دەڵێت، "باندەکە جارێک داوایان دەکرد بچمە ناو باخێک لە سلێمانی بیانبینم، جارێک دەیانگوت لە باخێکین لە کەلار، هەر جارە و قسەیەکیان دەکرد. ژمارە موبایلەکەم بۆ ناردن تا پەیوەندیم پێوەبکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و بە مەسنجەر تەلەفۆنیان دەکرد."

هەرچەندە دواجار باندەکە ڕازیبوون بە 500 دۆلار واز لە تەحسین بهێنن، بەڵام ئەو پێدانی پارەی ڕەتکردووەتەوە، چونکە بە پێی وتەی خۆی تەنها گرتەی ڤیدیۆیی ڕوومەتی گیراوە و بێ منەتی خۆی نیشانداوە.

تەحسین وتی، "باندەکە وتیان شەش مانگە بەدواتەوەین و چاودێریت دەکەین، گەر هاتبای بۆ ناو باخ ئۆتۆمبێلەکەمان پێدەفرۆشتیت."

بەشێک لەو کەسانەی گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکراوەتەوە لە ڕێگەی وەتسئاپ و مەسنجەرەوە نێردراوە بۆ کەسە نزیکەکانیان و دواتر گرتەکان دەستاودەست بڵاو بوونەتەوە.

هادی عەلی ناوی خوازراوی فریودراوێکی تری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "لە ڕێگەی ئەکاونتێکی ساختەوە کە وێنەی کچی دانابوو، دوای ماوەیەک لە پەیوەندی و قسەکردن لەگەڵی کە خۆی هەر کچ بوو، دواجار گرتەی ڤیدیۆییم بۆ نارد."

ئەو وتیشی، "دواتر گرتە ڤیدیۆییەکە لە ڕێگەی مەسنجەرەوە بۆ کەسە نزیکەکانم دەنێردرا و داوای بیست هەزار دۆلارم لێکرا، بەڵام پارەم نەدا چونکە نەمبوو."

دەستنیشانکردنی "نێچیرەکان"

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستیکەوتوون، باندەکانی فریودانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دوو بەش پێکدێن، بەشێکیان لەناو هەرێمی کوردستانەوە "نێچیرەکان" دەستنیشان دەکەن و ئەوانیتر کە لەدەرەوەی وڵاتن هەڕەشە لە قوربانییەکان دەکەن و پارەیان لێوەردەگرن.

ئەو کەسانەی فریودراون و لە پێناو بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانیان ناچارکراون پارە بدەن، پارەکانیان لە نوسینگەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی تورکیا و هەندێک وڵاتی تر کردووە و باندەکان لەو وڵاتانە پارەکانیان وەرگرتووە.

عەلی لوقمان گەنجێکی گەرمیانییە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵیداوە ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت، بەڵام باندەکان خۆیان بەکڕیار ناساندووە و هەوڵیان داوە لاپەڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هاک بکەن.

عەلی لوقمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاککەرەکان خۆیان بەکڕیار دەناساند و هەر جارێک دەیانگوت لە شارێکین، لینکیان بۆ دەناردم تا ئەکاونتەکەم هاک بکەن و پارەم لێوەربگرن، بەڵام هەرزوو لە پلانەکەیان تێگەیشتم."

بەوپێیەی ئەو باندانەی گرتەی ڤیدیۆیی بەشداربووانی تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان تۆمار دەکەن و بە زۆر پارەیان لێوەردەگرن، ئەکاونتی ساختە بەکاردەهێنن و لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئەو کارە دەکەن، بۆیە لێپێچینەوەکردن بۆ دەزگا ئەمنییەکان قورسە.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "گەرقوربانییەکان سکاڵا تۆمار بکەن ساختەکارەکانی ناو هەرێم دەستگیردەکەین، هەوڵی دەستگیرکردنی ئەوانەش دەدەین کە لەدەرەوەی هەرێمن بەڵام کاتی دەوێت."

ئەو کەسانەی هەوڵی فریودانی بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن لە حاڵەتی دەستگیرکردنیاندا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەپێی یاسای ژمارە 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

نەشاد عومەر، پارێزەر لە دادگاکانی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سزای ئەو کەسانەی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ زیندانیکردن و غەرامە کردنیشە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:27 0:00

XS
SM
MD
LG