Accessibility links

بلینکن هۆشداری دەداتە لوتکەی دیموکراسی لەسەر مەترسییەکانی زانیاری نادروست


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت لە ساڵێکدا کە زیاتر لە نیوەی جیهان هەڵبژاردن دەکەن، تەکنەلۆجیای نوێ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیرەکی دەستکردیشەوە زانیاری نادروستییان زیاد لە هەموو کات پێشتر مەترسیدارتر کردووە.

بلینکن لە لێدوانێکیدا لە سێیەمین لوتکەی دیموکراسیدا لە سیئۆل وتی لە کاتێکدا کە هەندێک لەو تەکنەلۆجیایانە بە شێوەیەکی بەرچاو ژینگەی زانیارییان زۆر بە خێرایی گۆڕیوە، لە هەمان کاتیشدا " بڵاوبوونەوەی زانیاری نادروستیشییان خێراتر کردووە، جەمسەرگیرییان زیاتر کردووە، ئەو هەستی سەر لێتێکچوونەیان لە ناو خەڵکدا زیاتر کردووە."

بلینکن وتی لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، زانیاری نادروست هانی ملیۆنان خەڵکیدا ڤاکسین بەکارنەهێنن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی " هەندێک جار ئەنجامەکەی کوشندە بێت." وتی گۆڕانی کەش و هەوا نموونەیەکی دیکەیە کە زانیاری نادروست تێیدا یارمەتیدەر بووە لە دواخستنی ئەو کارانەی کە دەبێت ئەنجام بدرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە.

لە کاتێکدا کە ژمارەیەک هەڵبژاردن لە چەندین وڵاتدا لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوەدەچن، بلینکن ساڵی 2024 ی بە " ساڵێکی سەرسوڕهێنەری هەڵبژاردن " ناوبرد، بەڵام هۆشداریدا و وتی دانیشتوان و کاندیدەکان ڕووبەڕووی " لافاوێک لە زانیاری هەڵە دەبنەوە کە گفتوگۆی سڤیلی جددی دەخنکێنێت."

وتی دوژمنانی دیموکراسی زانیاری نادروست بەکاردەهێنن بۆ وروژاندنی جیاوازییەکان لە ناوخۆی وڵاتانی دیموکراتدا، ئەوەش لە ڕێی چاندنی گاڵتەجاری و ناجێگیرییەوە.

وتی " گروپێک ڕووبەڕووی گروپێکی دیکە دەکەنەوە. گومان دروست دەکەن لەسەر دامەزراوەکانمان."

بلینکن ئاماژەشی بەوەدا لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2023 ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا باس لەوە دەکات چین ملیاران دۆلاری بەکارهیناوە بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و سەرکوتکردنی دەزگا هەواڵییە ڕۆژئاواییەکان.

بلینکن لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکان پێویستییان بەوەیە ڕێز لە ئازادی ڕاگەیاندنەکان بگرن و پارێزراویی ڕۆژنامەنووسان بەرز ڕابگرن، چونکە ڕاگەیاندنێکی ئازاد و بەهێز بەردی بناغەی دیموکراسییە تەندروستەکانە.

لوتکەی دیموکراسی کە لە ساڵی 2021 دا لەلایەن ئەمەریکاوە دەستیپێکرا، هەوڵ دەدات بەها دیموکراسییەکان بەرز ڕابگرێت و پیشانی بدات کە چۆن دیموکراسییەکان خزمەتێکی باشتر بە خەڵک دەکەن.

بەپێی بەیاننامەیەکی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، زیاتر لە 70 وڵات پشتگیری خۆیان بۆ ڕاگەیاندنی دیموکراسی لوتکەکە دەربڕیوە.

XS
SM
MD
LG