Accessibility links

بە بڕیارێکی دادگای باڵای لەندەن، ڕادەستکردنەوەی جولیان ئەسانژ بۆ ئەمەریکا دوادەخرێت


بە بڕیاری دادگای باڵای لەندەن ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی سێ ڕادەستکردنەوەی جولیان ئەسانژ دامەزرێنەری ماڵپەڕی "ویکیلیکس" لە بەریتانیا بۆ ئەمەریکا دواخرا و بەم شێوەیەش پارێزەرانی دەتوانن بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ڕادەستکردنەوەی ئەسانژ بۆ ئەو وڵاتە.

هەروەها دادگای باڵای لەندەن ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا دەبێت گەرەنتی ئەوە بکات لە ئەگەری ڕادەستکردنی ئەسانژ، ناوبراو ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان نابێتەوە.

ئاسانژ ڕووبەڕووی 17تۆمەتی سیخوڕی و یەک تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی زانیاری کۆمپیوتەری سوپای ئەمەریکا بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا بۆ ویکیلیکس بووەتەوە.

دادوەرەکان ڤیکتۆریا شارپ و جێرمی جۆنسۆن ڕایانگەیاند کە ئەگەر هیچ دڵنیایییەک لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمار نەکرێت، ئەوا مۆڵەت بە ئەسانژ دەدەن تا تانە لە ڕادەستکردنەوەکە بدات بە پاساوی پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین، هەروەها لەبەرئەوەی لەوانەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.

لە میانی دانیشتنێکی دوو ڕۆژەدا لە دادگای باڵا لە مانگی 2 دا، پارێزەری ئەسانژ ئێدوارد فیتزجێراڵد وتی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هەوڵدەدەن سزای بدەن بەهۆی ئەوەی باس لە " تاوانکاری دەکات لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە کە لەلایەن ویکیلیکسەوە بە قەبارەیەکی زۆر گەورە بڵاوکراوەتەوە"، لەنێو ئەو تاوانانەدا ئەشکەنجەدان و کوشتن لەخۆدەگرێت.

لایەنگرانی ئەسانژ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسێکە کە لەلایەن هەمواری یەکەمەوە پارێزراوە و هەڵە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە عێراق و ئەفغانستانی ئاشکرا کردووە کە لە بەرژەوەندی گشتیدا بووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێپێچینەوەکەی پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتەوەیە و ناتوانێت دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ئەمەریکادا بەدەستبهێنێت.

حکومەتی ئەمەریکا گوتی کردەوەکانی ئەسانژ کاری ڕۆژنامەگەری تێپەڕاندووە و بە داوای بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەت و دزین و بڵاوکردنەوەی بووە و ژیانی بێتاوانەکانی خسووەتە مەترسییەوە.

ویکیلیکس لە ساڵی 2010دا زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامەی نهێنی و ڤیدیۆ و نامە دیپلۆماسی و ڕاپۆرتی شەڕی عێراق و ئەفغانستانی بڵاوکردەوە، کە لە چێڵسی مانینگ، سەربازێکی پێشووی سوپای ئەمەریکاوە وەریگرتبوو.

سەرچاوە: ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG