Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات


ماثیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سەردانی ئیسرائیل دەکات لە میانی فراوانکردنی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم سەردانەی بلینکن لە کاتێکدایە پشێویی و ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە پلانەکانی ئیسرائیل لە زیادبووندان بۆ هێرشکردنە سەر شارۆچکەی ڕەفەح لە باشووری غەززە.

بڕیارە بلینکن لە میانی گەشتەکەیدا سەردانی عەرەبستانی سعودیە و میسریش بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، لەکاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە بەردەوامن، هەروەها بڕیارە باس لە حوکمڕانی و ئاسایش و دووبارە بوژاندنەوەی غەززە بکەن لە دوای جەنگ.

لەگەڵ بەردەوامیی ململانێکان، بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە سنووری نێوان غەززە و میسر و زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی پەنایان بۆ بردووە.

بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕەوانەکردنی هاوکاریی مرۆیی نوێی بۆ کەرتی غەززە ڕاگەیاند، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاگربەستێکی نوێ دەدەن، پێش وتووێژەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لە واشنتن لە هەفتەی داهاتوودا.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، بە هاوکاری ئوردن دوو هەزار تۆن خۆراک دەگەیەنرێتە غەززە و لەلایەن پرۆگرامی جیهانی خۆراکەوە دابەش دەکرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG