Accessibility links

براوەی نۆبڵی ئاشتی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانەوە سەرکۆنە بکەن


نەرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە لە ئێران زیندانی کراوە، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات فشارەکان بۆ سەر تاران بەهۆی پێشێلکارییە زۆرەکانی مافەکانی مرۆڤەوە زیاد بکەن.

محەمەدی تەمەن 51 ساڵ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023ی بەدەستهێنا لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی لە پێناو مافی مرۆڤ لە ئێران. ناوبراو بیست ساڵی ڕابردووی لە زیندان و دەرەوەی زیندان لە پێناو خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ بەسەربردووە.

لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران، پەیامێکی خانمی محەمەدی خوێنرایەوە کە تیایدا وتویەتی خەڵکی ئێران دووچاری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بەربڵاو لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سەرکوتکردنەکان لە ئێران پەرەی سەندووە و نەک تەنها ناڕازییە سیاسییەکان بەڵکو ژنان و کەمینە ئایینی و نەتەوەکانیشی کردووەتە ئامانج."

گوتیشی "نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا دەبێ فشارێکی سیستماتیکی و هەمەلایەنە بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و سەبارەت بە پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە بەرپرسیاری بزانن و سەرکۆنەی بکەن."

نەرگس محەمەدی لە دوایین دۆسێی دژی لە دادگا تۆمەتبارکرا بە "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و لە ئێستا لە زیندانی ئێڤیندایە. پەیامەکەی ناوبراو لەلایەن ڕێکخراوی ناحکومی "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان" خوێندرایەوە.

ئەو براوەی خەڵاتی نۆبڵە داوای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەرکی جاوید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی ئەنجومەنەکە بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها ئەرکی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی کوشندەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 دمەزرا، نوێ بکاتەوە.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەرکی هەردوو لایەنەکە کۆتایی پێبێت. تاران لەگەڵ هیچ کامیاندا بۆ لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ هوکاری ناکات و ڕێگەیان ناداتێ سەردانی وڵاتەکە بکەن.

جاوید ڕەحمان لەکاتی پێشکەشکردنی دوایین ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی مافەکان مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە وتی "من زۆر نیگەرانم سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان کە هێشتا بەدی دەکرێت و بەرزبوونەوەی ئەو سزایە لە ئێران."

گوتیشی "لە ساڵی 2023دا بەلایەنی کەمەوە 834 کەس لە سێدارە دراون کە بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە ڕێژەی %43 زیادیکردووە."

سومەیە کەریمدووست، نوێنەری ئێران لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحماندا وتی "ڕاپۆرتەکە ڕاست و پڕۆڤشنال نییە، هەتا بەوەی بگات کە دادپەروەرانە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی بەردەوامی ئێران لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بێت."

خۆپیشاندانی بەرفراوان ئێرانی گرتەوە لە پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تەمەن 22 ساڵان کە لە ساڵی 2022 بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێساکانی توندی جل و بەرگ پۆشین بۆ ژنان دەستبەسەر کرا و گیانی لەدەستدا.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاندووە "سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان و هەڵاواردنەکان لە دژی ژنان و کچان بووەتە هۆی پێشێلکردنی ڕژدی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە زۆرێکیان نموونەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین."

ڕاپۆرتەکەی ئەو لیژنەیە جەخت لەوە دەکاتەوە "پێشێلکاریی بەرفەراوانی مافەکانی مرۆڤ و تاوان لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن حکومەتەوە ئەنجام دراون، لەوانە کوشتن، لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و نایاسایی، بەکارهێنانی هێزی ناپێویست، زەوتکردنی ئارەزوومەندانە ئازادییەکان، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و گۆشەگیری و هەراسانکردنی ژنان لەسەر بنەمای جێندەری."

سارا حوسێن، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تاران نەیتوانیوە دان بە ناڕەزایەتییەکان بنێت و هەروەها هەوڵیداوە هەموو ئەو کەسانە بێدەنگ بکات کە هێشتا بەدوای دەستەبەرکردنی دادپەروەریدان."

کازم غەریب ئابادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند "لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەربەخۆ و بێلایەن نییە و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان دەدات."

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیزێکی درێژی دیپلۆماتکاران سەبارەت بە سەرکۆنەکردنی ڕووداوەکانی ئێران قسەیان کرد.

ژۆروم بۆنۆفۆنت باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "لە کۆی 24 ژن کە لە ساڵی 2022دا لە سەرانسەری جیهاندا لە سێدارە دراون، شانزەیان لە ئێران لە سێدارە دراون."

میشێل تەیلۆر باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "ئێران بەردەوامە لە تۆقاندن و زیندانیکردنی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، کەمینە ئایینییەکان، کەسایەتییەکان و ناڕازییە سیاسییەکان."

لە بەرامبەردا، نوێنەری هەندێ لە وڵاتان لەوانە ڕوسیا، چین و کۆریای باکور بەرگرییان لە تاران کرد.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG