Accessibility links

ڕووسیاییەکان لە هەڵبژاردنێکدا دەنگ دەدەن کە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لێناکرێت


لە ڕووسیا ڕۆژی هەینی دەنگدەران لە هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی سێ ڕۆژیدا، بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێکەوتن کە تیایدا ئاشکرایە دەسەڵاتی سەرۆک ڤلادیمێر پوتین شەش ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

هەڵبژاردنەکە لە چوارچێوەی سەرکوتکردنێکی بێئەندازە ئەنجام دەدرێت کە تیایدا ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و گروپە بەناوبانگەکانی مافەکانی مرۆڤ پەکخراوە و کۆنترۆڵی تەواوی سیستەمی سیاسی بە پوتین بەخشیوە.

ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکیشدایە کە شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا پێ دەنێتە سێهەم ساڵیەوە. ڕووسیا لە بەرەکانی شەڕدا ئەگەر دەستکەوتێکیشی هەبێت زۆر بە هێواشی بەدەستی دەهێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئۆکرانیا وایکردووە مۆسکۆ لە بەرەی شەڕدا زۆر بە لاوازی دەربکەوێت، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا لە قووڵایی ناو ڕووسیادا ڕوویداوە، لەکاتێکدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تەکنەلۆژییە بەرزەکان کەشتییەکانی دەریای ڕەشیشیان خستووەتە بەرگرییەوە.

دەنگدەران لە هەینی تا یەکشەممە دەنگەکانیان لە بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری 11 ناوچەی وڵاتەکەدا دەدەن و هەروەها لە ناوچەکانی ئۆکرانیاش کە بە شێوەیەکی نایاسایی لکێندراون بە ڕووسیاوە. یەکەم بنکەی دەنگدان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، چوکۆتکا و کامچاتکا، کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی بە کاتی ناوخۆ کرایەوە.

هەڵبژاردنەکە شتێکی چاوەڕوان نەکراوی تێدا نییە، چونکە ڤلادمیر پوتنی تەمەن 71 ساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو بەبێ بەرهەڵستێکی سەرەکی خۆی بۆ خولی پێنجهەمی سەرۆکایەتی کاندید کردووە. نەیارە سیاسییەکانی یان لە زینداندان یان لە دەرەوەی وڵاتن کە توندترینیان، ئەلێکسی ناڤالنی بوو، کە بەم دواییانە لە زیندانێکی باکووری ڕووسیا لە گیانی لەدەستدا. سێ کاندیدی دیکەی ناو دەنگدانەکە ئەو سیاسەتمەدارانەن کە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنە بچوکەکانن و هیچ ناوبانگێکیان نییە.

چاودێران چاوەڕوانییەکی کەم یاخود هیچیان نییە کە هەڵبژاردنەکە ئازاد و دادپەروەرانە بێت. جگە لەوەی دەنگدەران بژاردەیەکی کەمیان پێشکەش کراوە، ئەگەرەکانی چاودێریکردنی سەربەخۆش زۆر سنووردارن.

تەنها کاندیدە تۆمارکراوەکان یان دەزگا ڕاوێژکارییەکانی سەر بە دەوڵەت دەتوانن چاودێران بۆ بنکەکانی دەنگدان دابنێن، ئەمەش ئەگەری چاودێری سەربەخۆ کەمدەکاتەوە.

سام گرین بەڕێوەبەری بەرگری دیموکراتیک لە نێوەندی توێژینەوەی سیاسەتی ئەوروپا، بنکە لە واشنتن دەڵێت "هەڵبژاردنەکان لە ڕووسیا بە گشتی ساختەن. کرێملن کۆنتڕۆڵی ئەوە دەکات کێ لە دەنگدانەکەدایە. کۆنترۆڵی بانگەشەی هەڵبژاردنیش هەر لە دەستی کرێملندایە."

هەروەها ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا ئیدانەی ڕووسیایان کردووە کە دەنگدانیان لە لەو ناوچانەی ئۆکرانیا بەڕێوەبردووە کە هێزەکانی مۆسکۆ دەستیان بەسەردا گرتووە و داگیریان کردوون.

شرۆڤەکارانی سیاسی و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، لە زۆر ڕووەوە ئۆکرانیا لە نێوەندی ئەم هەڵبژاردنەدایە. ئەوان دەڵێن پوتین دەیەوێت سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا وەک بەڵگەیەک بەکاربهێنێت کە شەڕەکە و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئۆکرانیا پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئۆپۆزسیۆن هیوادارە ئەو دەنگانە ناڕەزاییەکانیان لە شەڕەکەو کرێملنیش نیشان بدات.

کرێملن دوو سیاسەتمەداری لە دەنگدانەکە قەدەغە کرد کە هەوڵیان دەدا لەسەر ئەجێندای دژە جەنگ خۆیان کاندید بکەن و پشتیوانییەکی ڕاستەقینەیان بۆ خۆیان ڕاکێشابوو، ئەگەرچی زۆریش نەبوو.

ئۆپۆزسیۆنی پەرش و بڵاوی ڕووسیا داوای لەو کەسانە کردووە کە لە پوتن یان شەڕەکە ناڕازین، نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە کە کۆتا ڕۆژی دەنگدانە، وەک ناڕەزایەتییەک خۆیان نیشان بدەن لە سندوقەکانی دەنگدان. ئەو ستراتیژییە لەلایەن ناڤالنیەوە ماوەیەکی کەم پێش مردنی پشتیوانی لێکرا.

هاوسەرەکەی ناڤاڵنی یولیا ناڤاڵنایا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە ڕۆژی هەڵبژاردن بەکاربهێنین تا نیشان بدەین کە ئێمە بوونمان هەیە و هێزمان هەیە، مرۆڤی ڕاستەقینە، زیندوو، ڕاستەقینەین و دژی پوتنین. دەتوانیت دەنگ بە هەر کاندیدێک بدەیت جگە لە پوتن. دەتوانیت دەنگدانەکەت بسوتێنی."

تا چەند ئەم ستراتیژە بە باشی کاردەکات تا ئێستا ڕوون نییە.

گۆلۆس، گروپی بەناوبانگی چاودێری سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا، لەم هەفتەیەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتداران "هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە ڕاستی ڕوودانی هەڵبژاردنەکە نەکەن."

گۆلۆس لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، "هەڵبژاردنەکانی ئێستا ناتوانن ڕەنگدانەوەی باری دەروونی ڕاستەقینەی خەڵک بن. بۆشایی نێوان هاووڵاتیان و بڕیاردان سەبارەت بە چارەنووسی وڵات لە هەموو کاتێک زیاتر بووە."

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG