Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت: ئەلێکسی ناڤاڵنی ڕەخنەگری دیاری ڤلادیمێر پوتن لە زیندان گیان لەدەستدەدات


بەڕێوەبەرایەتی زیندانە فیدراڵییەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگر و نەیاری دیاری سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی، 16 ی مانگی دوو، لە زیندانێکی باکووری ڕووسیا کە بڕیار بوو ماوەی 19 ساڵ زیندانیکردنەکەی بەسەربەرێت، گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناڤاڵنی دوای ئەوەی چووە بۆ پیاسە بێهۆش بووە و پزیشکەکان نەیانتوانیوە بیهێنەوە هۆش خۆی.

دەشڵێت، "ناڤاڵنی دوای پیاسەکردن تەندروستی تێکدەچێت و یەکسەر بێهۆش دەبێت. کارمەندانی پزیشکی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و تیمێکی ئەمبوڵانس بانگهێشتکراوە و رێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی بیهێننەوە هۆش خۆی، بەڵام ئەنجامی نەبوو. پزیشکانی فریاکەوتن مردنەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە و هۆکارەکانی مردنەکەشی لە ئێستادا نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت."

کیرا یارمیش، وتەبێژی ناڤاڵنی ڕایگەیاندووە مردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی پشتڕاست نەبوونەتەوە و لە پۆستێکدا لە پێگەکەی لە ئێکس ئاماژەی بەوەشکردووە "پارێزەری ئەلێکسی ئێستا بە فڕۆکە دەڕوات بۆ ناوچەی خارپ ئەو جێگایەی زیندانەکەی لێیە."

کرێملین لای خۆیەوە ڕایانگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە مردنی ناڤاڵنی ئاگادار کراوەتەوە.

ناڤاڵنی تەمەن 47 ساڵ، دیارترین سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا، بە ڕەخنەکانی لە ڤلادیمێر پوتن، لایەنگرێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردبووە. ڕەخنەکانی و ئاشکراکردنەکانی کە لە کەناڵەکەی لە یوتیوب بڵاویدەکردەوە، ملیۆنان بینەری بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. دەیان هەزار ڕووسیایی هێنابووە سەر شەقامەکان، ئەمەش سەرەڕای یاسا توندەکانی ڕووسیا دژی ناڕەزایەتییەکان.

ناڤاڵنی پێشتر لە ساڵی 2011 لە هێرشێکی ژەهراویکردنی بە گازی نۆڤیچۆک کە ژەهرێکی سەردەمی سۆڤیەت بووە، لەسەر لێواری مەرگ بوو، بۆیە بۆ چارەسە ڕەوانەی ئەڵمانیا کرا و لەوێ باری تەندروستی ئاساییکرایەوە. ناوبراو سەرەتای ساڵی 2021 دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ ڕووسیا زیندانی کرا.

ئەوە لەسەر ژمارەیەک کەیس تۆمەتبارکرا و سزای 19 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندار. ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتان سەرکۆنەی زیندانیکردنی ئەم سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیایان کرد.

ناڤاڵنی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا گواسترایەوە بۆ زیندانێکی دوردەست لە ناوچەی یامالۆ-نێنێتس لە باکووری ڕووسیا.

دوایین پۆستی ناڤاڵنی لە کەناڵی تێلێگرام کە لە ڕێگەی پارێزەران و تیمەکەیەوە لە دەرەوەی ڕووسیا بەڕێوەی دەبرێت، ڕێزلێنانێک بوو بۆ هاوسەرەکەی یولیا ناڤاڵنایا کە لە ڕۆژی ڤاڵانتایندا بڵاوکرایەوە.

سەرچاوە/فرانس پڕێس

XS
SM
MD
LG