Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر هێڵەکانی پەیوەندیی وڵاتەکە


ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن، ڕووسیا بە پلانێکی نوێ زیانی بە هێڵەکانی پەیوەندیی گەیاندووە و بووەتە هۆی لەکارکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ لە ناوچەکانی سومی و خارکیڤ.

ئەو بەرپرسانە هۆشداری دەدەن لەوەی دوای پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن، ڕەنگە خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆنیش بەهۆی هێرشەکانەوە لەکاربکەون.

پارێزگاری خارکیڤ، ئۆلێه سینێهوبۆڤ ڕایگەیاند، سەرقاڵی چاککردنەوەی هێڵەکانی تەلەفزیۆنن، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.

ڕووسیا کە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دەستی بە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، سەرەتا هێرشی کردە سەر سیستەمی وزە و کارەبای وڵاتەکە.

هێرشکردنە سەر هێڵەکانی پەیوەندی بە تاکتیکێکی نوێی ڕووسیا دادەنرێت.

سوپای ئۆکرانیا بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانیەکانی چەک لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە، ڕووسیا لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە و 22 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەش لە ڕێگەی سیستەمی بەرگریەوە خراونە خوارەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG