Accessibility links

بایدن و ترامپ لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا


جۆو بایدن و دانۆڵد ترامپ دوای هەڵبژاردنە بەراییەکانی ڕۆژی سێشەممە، هێندە دەنگی پێویستی نوێنەرانیان بەدەستهێناوە کە بتوانن ببنە کاندیدی فەرمی لایەنەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە بەراییەی لە چوار ستانی ئەمەریکادا کرا، نیشانیدا هەردوو بەربژێری دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش سەرکەوتوون بەسەر هەموو ڕکابەرەکانی تریاندا.

بایدن لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا توانیویەتی 1968 دەنگی نوێنەران تێبپەڕێنێت پاش ئەوەی لە ستانی جۆرجیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ستانی جۆرجیا یەکێکە لە ستانە سەرەکییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا و دانۆڵد ترامپ لەو ستانەدا ڕووبەڕووی دادگاییکردن بۆتەوە بە تاوانی وەک دەگوترێت پیلانگێڕان بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە ستانی واشنتۆن، وەهای کرد دەنگی پێویستی نوێنەران بەدەست بێنێت کە بریتییە لە 1215 دەنگ و مسۆگەر کردنی ئەوەی لە کۆنگرەی کۆامارییەکاندا وەک کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستنیشان بکرێت.

نوێنەران و ئەندامانی ڕێبەرایەتی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان و لایەنگرەکانیشیان بەشداری دەکەن لە کۆنگرەکانی هەردوو لایەندا و لە کۆنگرەدا کاندیدی فەرمی دیموکرات و کۆماریی هەڵدەبژێردرێت، بۆ پێشەبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە مانگی یازدەی داهاتوودا بکرێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG