Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر چوار کەس لە ئێران بەهۆی هاوکاریکردنی 'لیواکانی ئەلئەشتەر'


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی وەزارەتەکە بە هاوکاری لەگەڵ بەحرەین، ڕۆژی سێشەممە،12ی مانگی سێ سزایان بەسەر چوار کەس لە ئێراندا سەپاندووە بەهۆی هاوکاریکردنی تاقمی تیرۆریستی ئەلئەشتەر کە بنکەکەیان لە بەحرەینە.

ڕێکخراوی موقاومەی ئیسلامی لە بەحرەین کە بە سەرایا ئەلئەشتەر ناسراوە، لە کۆتایی ساڵی 2012 دامەزراوە و بڕوای بە پێویستی شۆڕشی چەکداری هەیە. گرووپەکە ناوی خۆی لە مالیک بن حاریث ئەلئەشتەرەوە وەرگرتووە کە یەکێک بووە لە هاوەڵانی عەلی بن ئەبی تالیب و لە سەردەمی خۆیدا والی میسر بووە.

گرووپی ئەلئەشتەر لە لایەن ئێران و گرووپە شیعەکانی عێراق کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە، پشتیوانی دەکرێن. ئەم ڕێکخراوەیە لەلایەن ئەحمەد یوسف سەرحان ناسراو بە ئەبو مونتەدار و جاسم ئەحمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە زولفیقار سەرپەرشتی دەکرێت کە هەردووکیان خەڵکی بەحرەینن و پێدەچێت لە ئێران بن.

لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا "لیواکانی ئەلئەشتەر"ی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی" و "تیرۆریستێکی جیهانی تایبەت" ناساند.

برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگریی دارایی بە ئاماژەدان بە چالاکییە هەماهەنگەکەی ئەمەریکا و بەحرەین سەبارەت بە سەپاندنی سزا بە سەر ئەندامانی ئەو گرووپەدا ڕایگەیاندووە "ئەم کارە پابەندبوونی بەکۆمەڵمانە بۆ تێکدانی هێز و هەڕەشە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران، بەتایبەتی ئەوانەی کە هەڕەشە لە هاوبەشەکانمان دەکەن لە ناوچەکە و لە هەموو جیهاندا."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە نوێیە "تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی کەتیبەکانی ئەلئەشتەردا دەیگێڕێت".

لە ساڵی 2018دا حکومەتی بەحرەین زۆر کەسی بە تیرۆر تۆمەتبار کرد، بەڵام لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتووە کە بەشێک لەو کەسانە لە بەحرەین هەڵاتوون و لە ئێران نیشتەجێ بوون بۆ ئەوەی لە سزای زیندانیکردن ڕزگاریان بێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت سێ کەس لەو کەسانەی سزا دراون لە ئێرانن، کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن و تیرۆر و هەڵگرتنی کەرەستەی تەقەمەنی، بۆ دەربازبوون لە سزاکەی لە بەحرەینەوە بەرەو ئێران هەڵاتووە.

ئەم چوار کەسە پشتیوانی ئەو گرووپە دەکەن کە بە لیواکانی ئەلئەشتەر ناسراوە و ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک تیرۆر و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پارە بۆ بەحرەین بوونەتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG