Accessibility links

مامی بەشار ئەسەد لە وڵاتی سویسرا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێت


نووسینگەی داواکاری گشتی سویسرا (OAG) ڕایگەیاندووە ڕەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە غیابی لەو وڵاتەدا دادگایی دەکرێت.

ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی سێشەممە، 12ی مانگی سێ بڵاویکردوەتەوە ڕەفعەت ئەسەد، جێگری پێشووی سەرۆکی سوریا کە ئەفسەری پێشووی سوپای سوریاش بووە، تۆمەتبارکراوە بە لیستێکی درێژی تاوانەکان کە لە مانگی دووی ساڵی 1982 ئەنجامدراون، ئەمەش لە کاتی پێکدادانێکی بەناوبانگی نێوان سوپای سوریا و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی وڵاتەکە لە شاری حەما لە ڕۆژئاوای سوریا.

هیچ کاردانەوەیەکی دەستبەجێی فەرمی سەبارەت بەم هەواڵە تاکو ئێستا نە لەلایەن سوریاوە و نە لەلایەن ڕەفعەت ئەسەدەوە کە پێدەچێت لە سوریا بێت، ڕانەگەیەندراوە.

داواکاری گشتی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، مامی بەشار ئەسەد "تۆمەتبارکراوە بە فەرمانی کوشتن، کردەوەی ئەشکەنجەدان، مامەڵەی دڕندانە و دەستبەسەرکردنی نایاسایی".

لە ڕووداوێکدا کە دواتر بە "کۆمەڵکوژی شاری حەما" ناسرا و ماوەی مانگێکی خایاند، چەند گەڕەکێکی شارەکە بە فەرمانی ڕەفعەت ئەسەد بۆردومان کران و دواتر 20 هەزار هێزی سوپای سوریا هێرشیان کردە سەر شارەکە.

هێرشەکە کوشتنی هەڕەمەکی و لەسێدارەدان و توندوتیژی سێکسی لەگەڵدا بووە و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان لەوانەش ماڵپەڕی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە لەندەنە باس لەوە دەکەن کە سوپای سوریا جیاوازی لە نێوان ئیسلامییە چەکدارەکان و مەدەنییەکان نەکردووە.

بەپێی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی برا بچووکەکەی حافز ئەسەد بووەتەوە، مەزەندە دەکرێت لە نێو ئەو ململانێ چەکدارییەی کە باسی لێوە دەکرێت، لە نێوان سێ بۆ 60 هەزار کەس لە حەما گیانیان لەدەستدابێت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.

دوای ئەم ڕووداوە بوو کە ڕەفعەت ئەسەد کە ئێستا تەمەنی 86 ساڵە، لەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بە "قەسابی حەما" ناوی دەکردووە.

ناوبراو لە ساڵی 1983 لەگەڵ حافز ئەسەد ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دواتر دەرفەتی نەخۆشییەکەی حافز ئەسەد بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی کودەتا بەسەریدا، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و دوای دوورخستنەوەی لە پۆستە گرنگەکانی حکومەت، سوریا بەجێدەهێڵێت و لە ساڵی 1984 بەرەو فەرەنسا هەڵدێت.

لە ساڵی 2022 ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی دیمەشق بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕێگەی داوە بە مامی بگەڕێتەوە بۆ سوریا.

ڕێوشوێنە تاوانکارییەکان سەبارەت بەم دۆسیە لە سویسرا لەژێر دەسەڵاتی بەناو دەسەڵاتی دادوەری نێودەوڵەتی دەستیپێکردووە کە ڕێگە بە وڵاتان دەدات تاوانە گوماناوییەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ ئەنجامدراون، دادگایی بکەن.

سکاڵای سەرەتایی سویسرا لە دژی ڕەفعەت ئەسەد لە ساڵی 2013 لەلایەن ڕێکخراوی" دادگاییکردنی نێودەوڵەتی"( TRIAL International) تۆمارکراوە کە گروپێکی مافی مرۆڤە و لەگەڵ قوربانییەکان کاردەکات و پاڵ بە سویسراوە دەنێت بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە گوایە تاوانبارانی نێودەوڵەتین.

سەرچاوە/فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG