Accessibility links

ئەمەریکا خوازیاری درێژەدان بە ئەرکی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانە سەبارەت بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران


ئەبرام پێلی، جێگری نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران داوا دەکات لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران بەردەوام بێت لە ئەرکی خۆی.

پێلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "هەموو جیهان گرنگی بە ڕاپۆرتی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات سەبارەت بە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی ڕژدی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا کە ڕەنگە وەک تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم بدرێن."

هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی درێژەدان بە ئەرکی گرنگی ئەو لێژنەیە.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی هەینی 8ی مارس، هەڵاواردنی سیستماتیکی لە دژی ژنان لە ئێران لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژن،ژیان،ئازادیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناودێر کرد.

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرابوو بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە ئێران، لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیوێتی "سەرکوتکردنی توندوتیژی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە و هەڵاواردنی بەربڵاو دژی ژنان بووەتە هۆی پێشێلکردنی جیددی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە زۆرێکیان نموونەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین."

وەک یەکەم کاردانەوەی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم "لیژنەیەی" بە " درۆ کردن " و " پێچەوانەی ڕاستییەکان " تۆمەتبار کرد.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ناسر کەنعانی ڕۆژی شەممە 9ی مانگی سێ، لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە " بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک کە زنجیرەیەکی ڕێکخراو لە شێواندنی ڕاستییەکان و درۆکانی تێدایە "، هەوڵیداوە " بە مەبەست ڕاستییەکان بشێوێنێت ".

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی پێکهێنا و سێ پارێزەری ژنی بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپارد.

ئەرکی ئەندامانی ئەم لێژنەیە تۆمارکردنی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانە لە ئێران و کۆکردنەوەی بەڵگەکانە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە ئامانجی دەستنیشانکردنی بەرپرسەکان و لێپێچینەوە لێیان.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنانی ئەم کومیتەیان بە " کردەوەیەکی سیاسی دوژمنکارانە " وەسف کردووە.

XS
SM
MD
LG