سوید ڕۆژی پێنجشەممە، 7ی مانگی3 دوای دەیان ساڵ بێلایەنی سەربازی بە فەرمی بوو بە 32هەمین ئەندامی ناتۆ.
نیگەرانییەکان لە بارەی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، وایکرد سوید نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر داوای ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بکات.
ئولف کریستەرسن سەرۆک وەزیرانی سوید و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بەشدارییان لە مەراسیمێکدا کرد کە تێیدا "بەڵگەنامەی پەیوەستبوون"ی سوید بە هاوپەیمانییەکەوە بە فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دانرا و بلینکن ئەو ساتەی بە ساتێکی "مێژوویی" ناوبرد و وتی "ناتۆ ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزتر و گەورەترە".
بڕیارە کریستەرسن هەر ئەمڕۆ سەردانی کۆشکی سپی بکات و دواتر میوانی جۆو بایدن دەبێت لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرێس سەبارەت بە دۆخی وڵاتەکە.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە هەبوونی سوید وەک هاوپەیمانی ناتۆ "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان هێندەی تر پارێزراوتر دەکات".
هەروەها ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەمڕۆی بە "ڕۆژێکی مێژوویی" وەسف کرد و لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئێستا سوید جێگەی شایستەی خۆی لە ناتۆدا دەبێت و مافی ئەوەی دەبێت لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیارەکانی ناتۆدا قسەی یەکسانی هەبێت."
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەم ڕۆژەوە سوید لەو پشتیوانییە بەهرەمەند دەبێت کە بەپێی مادەی پێنجەمی ناتۆ پێی دراوە.
لە مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆدا داوا لە هەموو ئەندامان کراوە کە بەهانای هاوپەیمانێکەوە بن لە ئەگەری مەترسی بۆ سەر خاک یان ئاسایشی هاوپەیمانەکەی. ئەم بڕگەیە تەنها جارێک چالاک کراوە، لەلایەن ئەمەریکاوە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 .
ماوەیەکی کەم پاش هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سوید و فینلاند داوای ئەندامێتیان پێشکەش بە ناتۆ کرد، بەڵام بەهۆی دژایەتیی دوو ئەندامی ناتۆ، تورکیا و هەنگاریا، ئەندامێتی سوید دواکەوت. تورکیا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە سوید پەناگەی ئەو گرووپە کوردانەیە کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت و ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان ناگرێتەبەر.
تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵدا دوای چەند مانگێک داواکەی سویدی پەسەندی کرد و لەم هەفتەیەشدا هەنگاریا هەمان کاری کرد.