Accessibility links

هێزی دەریایی هیندستان کارمەندانی کەشتییەک ڕزگار دەکات کە لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر


هێزی دەریایی هیندستان ڕۆژی پێنجشەممە7ی مانگی سێ رایگەیاند هەر 20 کارمەندی ئەو کەشتییەی کە لە دەریای سوور لە لایەن حوسییەکانەوە هێرشی کرایەسەر، ڕزگار کردووە. لەو هێرشەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتی 'ترو کانفێدنس' سێ کارمەندی کەشتییەکە کوژراون و ژمارەیەکیان بریندار بوون.

ئەمە یەکەم حاڵەتی کوژرانی خەڵکی مەدەنییە لەوەتای هێرشەکانی ئەو گرووپە لە پاش دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کە ڕێڕەوێکی کەشتیوانی گرنگە.

حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ئەو کەشتییە کە ئاڵای باربادۆسی لە سەر بووە و لەژێر چاودێری یۆناندا بووە. بەهۆی هێرشەکەوە، کەشتییەکە لە دووری نزیکەی 50 میل لە بەندەری عەدەنی یەمەنەوە ئاگری گرت و زیانێکی زۆری بەرکەوت.

خاوەن و بەڕێوەبەرانی کەشتییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هەر 20 کارمەندی کەشتییەکە و سێ پاسەوانی چەکداری کەشتییەکە لەلایەن کەشتییەکی جەنگی هیندستانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی جیبۆتی لە قۆچی ئەفریقا.

بەگوتەی خاوەن و بەڕێوەبەرانی کەشتییەکە، دوو کەس لە کوژراوەکان هاووڵاتی فیلیپین و کەسی سێیەمیش خەڵکی ڤێتنام بووە و دوو فلیپینی دیکەش بەسەختی برینداربوون.

هەر لەم چوارچیوەیەدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ بەئامانجگرتنی ئەو یارمەتییانەی لەلایەن سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ حوسییەکان ڕەوانە دەکرێت، سزای خستە سەر دوو کەشتی و خاوەنەکانیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە 6ی مانگی سێ، دوو کەشتی و خاوەنەکانیان کە بنکەیان لە هۆنگ کۆنگ و دوورگەکانی مارشالە، بەهۆی ڕۆڵیان لە گواستنەوەی کەلوپەل لەلایەن سەعید ئەلجەمال، ئاسانکاری دارایی حوسییەکانی سەر بە ئێران، لە لایەن وەزارەتەکەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەعید ئەلجەمال لە ئێران دەژیت.

نووسینگەکە دەڵێت ئەلجەمال تۆڕێکی پێکهێناوە کە لە ڕێگایەوە پاڵپشتی دارایی بۆ حوسییەکان دابین دەکات، لەوانە پاڵپشتیکردنیان لە هێرشە بەردەوام و بێ وێنەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریایی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هاتووە کەشتیی "رێنیز" لەژێر ئاڵای دوورگەکانی پاوۆلا کە بنکەکەی لە دوورگەکانی مارشالە، دەیان هەزار تەن کاڵای ئێرانی لە دورگەکانی مارشاڵەوە بۆ تۆڕی سەعید ئەلجەمال گواستوەتەوە.

ئەمەریکا ئەو تۆڕەی تۆمەتبار کردووە بەوەی زۆرجار بەڵگەنامەی ساختەی بارکردن بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی ئەو بارانەی کە لە ئێرانەوە بۆیان دەڕوات، ئەمەش بە مەبەستی شاردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا".

هەروەها کەشتیی "ئارتورا" کە ئاڵای پەنەمای لەسەرە، لە لیستی سزاکاندا ناوی هاتووە.

وەزارەتەکە دەڵێت کەشتیی ئارتورا سیستەمی بەدواداچوونی خۆی لەکارخستبوو بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لە سەنگافورەوە بەرەو باکوور دەڕوات لەکاتێکدا باری بۆ کەشتیی ئیتەرنال فۆڕچۆن لە هۆنگ کۆنگ گواستوەتەوە.

برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا رایگەیاندووە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و حوسییەکان بۆ دابینکردنی پارەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن پشت بە فرۆشتنی نایاسایی کەلوپەل دەبەستن .

سەعید ئەلجەمال پێشتر لە مانگی شەشی ساڵی 2021 بەهۆی پێشکەشکردنی هاوکاری ماددی، پاڵپشتی دارایی یان ئاسانکاری پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سزای بەسەردا سەپێنراووە. هەروەها سوپای قودسی سوپای پاسداران لە ساڵی 2007 وە بە هۆی پشتیوانیکردنی لە تاقمە تیرۆریستییەکان، خرایە نێو ئەم لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG