Accessibility links

شاندی حەماس قاهیرە بەجێدەهێڵێت و دەڵێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە


حەماس ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، شاندەکەی قاهیرەی بەجێهێشتووە، شوێنی دانوستانەکان لەسەر گەیشتن بە ئاگربەستی نوێ لە ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل، و دەشڵێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.

بەیاننامەکەی حەماس دوای چەند هەفتەیەک لە هەوڵەکانی ئەمەریکا، میسر و قەتەر بوو لەسەر پلانێک کە بریتی بوو لە وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەی نزیکەی شەش هەفتە، لەگەڵ ئازادکردنی هەندێک بارمتە کە لەلایەن چەکدارانی حەماس لە غەززە دەستبەسەرکراون و هەندێک دیلی کە لەلایەن ئیسرائیل دەستگیرکراون.

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن ئیسرائیلەوە نەبووە، کە داوای حەماسی ڕەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێنەوە.

دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس، ئیسرائیل پابەندە بە ئامانجەکەیەوە بۆ لەناوبردنی حەماس.

پێدەچێت چەکدارە فەلەستینییەکان هێشتا نزیکەی 100 بارمتەیان لە دەستدا بێت کە لە کاتی ئەو هێرشەدا بە بارمتە گیرابوون، لەگەڵ تەرمی 30 کەسی دیکە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی ئەنجامدانی هەڵمەت و تێکشکاندنی بارەگاکانی چەکدارانی حەماسی لە بەشی باشووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سەربازانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەی خان یونس ئەنجامداوە، لەوێ کۆگایەکی بەرهەمهێنانی چەکیان دۆزیوەتەوە.

دەشڵێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی غەززەدا لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوو نزیکەی 10 چەکداریش کوژراون.

ڕێکخەری مرۆیی بە وەکالەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە فەلەستینییە ئاوارەبووەکانی نزیک ڕەفەح دەستیان کردووە بە جێهێشتنی ناوچەکە، چونکە ترسیان لە هۆشدارییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دەستدرێژی سەربازی تا مانگی ڕەمەزان هەیە.

جەیمی مەکگۆدریک بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "ئەوان ڕوویان لە باکوور کردووە بۆ دێر بەلاح، هەندێکیان بۆ خان یونس، و زۆرێکیان چوونەتە ئەلمەواسی."

مەکگۆدریک کە تازە لە سەردانێکی دوو ڕۆژەیی بۆ غەززە گەڕاوەتەوە، هەروەها وتی کارمەندانی هاوکاریکردن دوو پلانی هاوکات ئامادە دەکەن، یەکێکیان لە پێشبینی ئەگەری ئاگربەست، ئەوی دیکەیان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پێش هێرشکردنە سەر ڕەفەح فەلەستینییەکان دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەوان بۆ کوێ دەنێردرێن.

XS
SM
MD
LG